وتار
گۆڕان و ئەوانی تر
عەدنان عوسمان

لە ئێستاداو لەسەروبەندی ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق، نەخشەی دابەشی هێز لە کوردستاندا بەم شێوەیە:
یەکەم: پارتی، سەرباری ئەوەی وەک دەسەڵاتێک کە هەمیشە خۆی بە نمونەیەکی باشی دەولەتداری پیشان ئەدا، لە ئێستادا لە لێواری شکستێکی گەورەی سیاسی- ئابوری- دیبلۆماسیدایە، لە عێراقدا چیتر سەرۆکەکەی ئەو رۆڵە یەکلاکەرەوەی جارانی نەماوە، لە ناوخۆشدا هیچ قسەیەکی بۆ وتن نەماوە: جارێ حکومەت و دەسەڵاتەکەی لە داڕوخانێکی تەواودایە، هیچ هەنگاوێکی بۆ نانرێت بە ئاراستەی چاکبونەوە، پلانە ستراتیجیەکەی کە ریفراندۆم بو توشی شکستێکی گەورەهات، سەرۆکە ئەزەلیەکەی بەناچاری و بەشکستەوە لەسەر تەختی سەرۆکایەتی هاتە خوارەوە، پەرلەمانی داگیرکراوی تەسلیمکردەوە، بەڵام بە دیوی تردا، هێشتا لەسەر توراسی خۆی ئەژی، پێگەی لەق بوە بەڵام مونافسی جدی لەشوێنی خۆی بۆ پەیدا نەبوە. تۆ سەیرکە لەم بەزمی دروستبونی هێزگەلی تازەدا، هیچ گۆڕانێکی حزبی بەسەر جێنفوزی ئەودا روینەداوە، بۆ نمونە حزبی تازە لە دهۆک و هەولێر دروستنەبوە کە کێبڕکێی جێپێی لەگەل بکەن. تەنانەت پەکەکە کە دەتواێت لەناوچەی بادینان رۆڵێکی گەورەتری هەبێت، وا هەست ئەکرێت وەک ئەوەی هودنەیەکی لەگەڵ پارتیدا هەبێت و کارێکی نەکردوە بنکۆڵی جێپێی پارتی بکات.
دووەم: ناوچەی سلێمانی: یەکێتی سەرباری ئەوەی بوە بە دوو هێز و هێزی د. بەرهەم توانیویەتی ئیستقتابی کۆمەڵێک کەسایەتی دەرەوەی مەنزومەی تەقلیدی حزبەکەی بکات، بەڵام یەکێتی دایکیش لە ئێستادا و دوای شکستی کەرکوکیان، لەنێو ململانێیەکی قورس و دژواردا کات بەسەر ئەبات و تا ئاستێک وەک چەند حزبێک لە حزبێکدا دەرئەکەوێت. بەشی زۆری کەسایەتی و کارەکتەرەکانی چاوەڕێی ئاکامەکانی هەڵبژاردنن بۆ یەکلابونەوەی کێشەکان و دوابڕیاردانیان. بەڵام بەگشتی هیچ رۆشناییەک لە هەنگاوەکانیان بۆ ئایندەی هەرێم و لانی کەم پەیوەندی لەگەڵ پارتیدا دەرناخەن و پێدەچێت پەیوەندی هێرۆخان بە بنەماڵەی بارزانیەوە لە پەیوەندی دووخێزان تێپەڕیبێت بۆ دوو هێز، کە سەرباری ناکۆکیەکانیان، بەڵام بێیەک نەتوانن بەردەوامی بە هەیمەنەیان بدەن.
هێزە نوێکەی د بەرهەم تا ئێستا ئەوەندەی سەرقاڵی خۆرێکخستن و خۆنمایش کردنە، ئەوەندە روئیای سیاسی خۆی پێشان نەداوە. بۆنمونە لە ئایندەی عێراق و کوردستاندا دەیەوێت چیبکات و چ گۆڕانکاریەکی لە ساختاری دەسەلات لەهەرێمدا ئەوێت؟ وەیا چ تێگەیشتنێکی ستراتیجی بۆ دوای هەڵبژاردنەکان هەیە؟
نەوەی نوێ، کە وەک ‌هێزێکی تری تازە هاتۆتە گۆڕەپانەکە زیاتر لەخەمی دەستگیرکردنی چەند دەنگێکی زیاترە لە گۆڕان. کارەکتەرە سەرەکیەکانی کە هەندێکیان پێشتر لە گۆڕان بون، زۆرتر کار بە ئاراستەی ئاڵۆزبونی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ گۆڕاندا ئەکەن و پێیان وایە سەرکەوتنی ئەوان لە هەلبژاردنەکاندا بەندە بە هێرشی توند بۆسەر پێگەی فکری و سیاسی و جەماوەری گۆڕان. روئیای ئەمان بۆ ململانێ لەگەڵ دەسەلاتی فعلی لە کوردستاندا، کە یەکێتی و پارتیە، نەک هەر رون نیە، بەڵکو بۆنی تەماهی و خۆگونجاندنیش لە هەنگاوەکانیان ئەکرێت. خەمی ئەمانە بەشداری و گۆڕانکاری و چاکسازی نیە ئەوەندەی خۆناونوسکردنە لە فەزای حزبە کوردیەکان و جێپێ قایمکردنە بێ هیچ دیدگایەکی سیاسی و فکری رۆشن.
گۆڕان هێزی بنەڕەتی کوردستانە کە هێشتا بە دیدگایەکی دیارەوە خوازیاری چاکسازی و ریفۆرم و کۆتایی هێنانە بەم سیستەمە ئیفلیجە. گۆڕان بە توندی لەسەر پێێ خۆی بەرامبەر باهۆزی دەسەلات و غەیرە دەسەلات وەستاوەو چەسپیوە بە بنەما بەهێزەکانی خۆیەوە. بەڵام ئایا ئەمە بەسە؟ ئەمە تەنها هەنگاوە؟ پێم وانیە وابێت. گۆڕان لەم یەک دوو ساڵەدا کارتی گەورەی لەدەست بو وە دەیتوانی یاریکەرێکی بەهێزتر و گێژکەرتری نەیارەکانی بێت. بەداخەوە زۆر دەرفەت لەدەستدرا، بەڵام خاڵی ئیجابی ئەوەیە هێشتا بەهێزەوە لەسەر بناغەی خۆی وەستاوەو ئێستاش باشتر ئەتوانێت هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت. چەند هۆکارێک دەبنە یارمەتیدەر بۆ ئەو هەنگاوەو لەوانەشە ببنە پێچەوانە:
- سوربونی گۆڕان لەسەر فکری ریفۆرمخوازی.
- کارکردنی گۆڕان بۆ دەوڵەتسازی لەهەرێم و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمیش لەبەغدا.
- دیاریکردنی نەیارە ئەسڵی و فەرعیەکان. ئەسڵیەکان سیستەمی شێواوی هەرێمە کە دەبێ تێکبدرێت، فەرعیەکانیش هێزی چەواشەکارە کە دەیەوێت بۆ خزمەتی خۆی و ئەو سیستەمە، موشاغەلەی گۆڕان بکات و هێزەکانی پەرش بکات. گۆڕان دەبێت لەو یاریە نەخشەبۆدانراوە قێزەونە باش تێبگات.
- بەهێزی بەرەی ناوخۆی گۆڕان، ئەویش بەدەستگرتن بە دەستور و ئۆرگانەکان وکەلتوری کارکردن لە نێو گۆڕان و سودوەرگرتن لەهەمو تواناکان و تەسفیرکردنی کێشە ناوخۆیەکان لەرێگای دیموکراسیانەو گفتوگۆی خەمخۆرانەوە.
- توراس و ئاکار و رەفتاری نەوشیروان مستەفا هێشتا هێزی پاڵنەری گەورە ئەبێت بۆ بەردەوامی گڕوتین و تەوژمی گۆڕان. دەبێت دەستی پێوەبگیرێت و رێنیشاندەر بێت.
گرەوە گەورەکە هێشتا لەدەستی گۆڕانە، گۆڕان هێزی فعلی و راستەقینەی ریفۆرمخوازی و دژایەتی گەندەڵی و کارکردنە بۆ عەدالەت، هیوادارم بەهەوڵی دڵسۆزانی، هەنگاوێکی تر بەئاراستەی گۆڕانکاری ریشەیی بنێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/03/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ