وتار
ئەگەر بۆ ئەم ھەڵبژاردنەش ھۆشت نەھاتۆتەوەبەر ئیدی كاتی ئەوە ھاتووە فاتیحات لەسەر بخوێنرێت..
ڕەوەند حمدامین ڕفیق

خەریكە ئەم جارەش لە وادەی ھەڵبژاردن نزیك دەبینەوە، تۆ بڵێی ئەم جارە چی نوێ ھەبێت لە قسەی تەڕو تازەو بریقەدار؟ لە ھەندێك درۆی شاخدار كە ھەندێك جار خاوەنی درۆكە خۆشی خەریكە باوەڕ بە قسەكەی خۆی دەكات! ھەر ئەمەشە وادەكات كە خەڵكە سادەكەی ئێمە جارێكیتر دەنگ بداتەوە بەھەمان ئەو دەم و چاوانەی كە ماوەی ٤ ساڵە جگە لە مەینەتی ھیچیتری بەدیاری بۆ نەھێناوە.
ئەوەی لەوادەی بانگەشەی ھەڵبژاردن زۆر بەدی دەكرێت دیاردەی شەریف بوون و فریشتە ئاسای ئیبلیسەكانی پێشووە. ئەرێ نەپرسین لە خۆمان ئاخۆ ئەم نالەبارانە تا ئێستا چیان بۆ ئێمە كردووە؟ كەی داكۆكیان لا مافی خووراوی ئێمە كردووە ھەم لێرەو ھەم لە بەغداش؟ خەمی من زیاتر بۆ ئەو كەسانەیە كە سادەو خۆشباوەڕن بەشێوەیەك كە پاش چەندانجار لە گەوجاندن دیسانەوە بڕیارە شوێن پێیان ھەڵگرێتەوە و لێی ببنەوە شەریفی مەككە و مەدینە، ئەمە لە كاتێكدا تا دێت ڕۆژ دوای ڕۆژ و ساڵ دوای ساڵ ڕەوشی ژیان و گوزەرانی خەڵك لە سایەی ئەوانەوە بەرەو خراپ و خراپتر دەچێت. كەواتە بەر لەوەی لۆمەی سیاسیەكان بكرێت سەرەتا پێویستە پێداچوونەوەیەك با خۆماندا بكەین و لۆمەی خۆمان بكەین تا چیتر فریوی درۆكانیان نەخۆین و ساویلكانە بەدوایاندا ھۆیھا نەكەین! كەواتە ئەوە ئێمەی دەنگدەرین بووینەتە كۆڵەكەی ڕاگری دەسەڵاتیان خۆ ئەگەرنا بەبێ ئێمە ھیچ بەھایەكیان نابێت.
كەواتە خوێنەری ئەزیز ئەی ئەو كەسەی كە ھەر دەمت دەكرێتەوە باسی گەندەڵی و دزی و نەمانی قووتی خەڵك دەكەی، ئەی ھاوڵاتیان بە گشتی ئیدی كاتی ئەوە ھاتووە بڵێین با بیربكەینەوەو ئەقڵ بكەینە حاكم و واز لە قسەی ڕەونەقدار و باق و بریق بێنین، با چیتر نەبینە پردو بەسەرمانا بپەڕنەوە، ئەگەر تا ئەمڕۆش فریویانت خواردووە ئیتر كاتی ئەوە ئەوەیە بڵێین ڕابردوو بۆمان بوو بە ئەزموون و ھیچیتر فریو ناخۆم!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
03/03/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ