وتار
تۆ بڵێی خەون بوبێت؟
ئالان بەرزنجی

 

هەموی ماوەیەک دەبێت زۆر نا هەر چەند مانگێکە کەسێک کە لە بری پارێزگاری سلێمانی کارەکانی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەبرد و پێش ئەوەش جێگری پارێزگاری سلێمانی بو بە ویستی خۆی ئازایانە بڕیاری دا کە پۆستی پارێزگاری سلێمانی وکورسیەکەی وازلێدەهێنێت، ئەو ڕایگەیاند کە ناتوانێت پارێزگارێکی بێ دەسەڵات بێت بۆیە ناکرێت فێڵ لە خەڵک بکات و بڵێ پارێزگارم و دەسەڵاتیشی نەبێت تا وەڵامی داواکاریەکانی خەڵکی بداتەوە. کە بینیم پێم وابو خەونە ئاخر کەی لە وڵاتی ئێمەدا بووە کەسێک بێ گەڕانەوە بۆ ڕای حزبەکەی و تەنها لەبەر بەرژەوەندی خەڵک واز لە پۆست و کورسی بهێنێت، بەڵام ئەم کردی بەڵێ (سەردار قادر) بە ڕەسمی لە شاشەکانەوە هەمومانی ڕاجڵەکاند و وتی کورسی بێ دەسەڵات بۆ خۆتان و بەرەی خەڵکیش بۆ من.

وەک خەون وابو بەڵام خەون نەبو و ڕاستی بو ڕاستیەکی زۆر جوان!

پاش وازهێنانی هەر ئەم بەڕێزە لە سەرجەم مافە داراییەکانی خۆی خۆشبو وە ڕایگەیاند کە ئەو نایەوێت خانەنشین بێت و موچەی خانەنشینی قبوڵ نەکرد و هیچ هەڵایەکیشی نەنایەوەو نەشیکردە منەت بەسەر خەڵکەوە، دەی پەرلەمانتارە بەڕێزەکان ئەوە نمونەی جوان و فەرمون بیکەنە پێشەنگ و ئازایانە بلێن کە یاسا هەرچیەکە ئێمە خۆمان ستەم قبوڵ ناکەین و موچەی خانەنشینی قبوڵ مەکەن، ئاخر کەی بووە بە شتێک ڕازی نەبیت و بەزۆر بەسەرتا بسەپێنن خۆ دەتوانن هەموتان سەردار قادر بن و بڵێن موچەی خانەنشینی با بۆ خەزێنەی حکومەت بگەڕێتەوە و ئێمە دەچینەوە سەرکارەکانی پێشوی خۆمان.

هەندێک بەڕێزیان دەڵێت موچەکەش کە وەری دەگرین دەیدەینە هەژاران، من پێم وانیە پێویست بکا خۆتان بە حاتەمی تەی پیشان بدەن، لوتف بفەرمون واز لە خێر و صەدەقە بهێنن و وەرن بە یەک دەنگ بڵێن خانەنشینیەکەمان بۆ خەزێنەو وەرنە مەیدانی کاری پێشوتان با خەڵک وەک پارێزگارەکەی پێشو شانازیتان پێوە بکات.

نمونەی جوانی وەک (سەردار قادر)مان کەمە ئەو تەنانەت لە کاتی پارێزگار بونیشیدا هیچ موچەو ئیمتیاز و ئۆتۆمبیلێکی حکومەتی نەبو بەڵام ئێوە وەرن ئەم نمونەیە زیاد بکەن تا خەمی خەڵک و چاکسازی لە دروشمەوە ببێتە واقع و هەمومان ئومێدێکمان بۆ ژیان لەم کاولبووەدا بۆ بگەڕێتەوە، هێشتا دڕەنگ نەبووە ئەگەر پیاوی ڕاستەقینەی مەیدانن فەرمو هەموتان وەک سەردار قادر بکەن.

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
04/03/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ