وتار
سایکۆلۆجیای نەوشیروان موستەفا
دانا نەوزەر

ئەگەرچی پاڵەوانی تاقانەی راپەرین گەل بوو، بەڵام ناوێک هەیە کە شایەنی ئەوەیە لەگەڵ باسی راپەریندا یاد بکرێتەوە چونکە لایەنی کەم عەقڵێ بوو کە توانی حەدەسێکی گەورەی وەک راپەرین تەخەیول بکات. نەوشیروان موستەفا ئەو جۆرە مرۆڤەی کوردە کە کورد وەک نەتەوە کەمترینی هەیە. یاخی بەپێی پێویست و رۆشنبیر بەپێی پێویست و ئازا بەپێی پێویست و ژیر بەپێی پێویست.

نەوشیروان موستەفا پیاوی دەوڵەت نەبوو، هەر ئەمەی کە هەرگیز ئامادە نەبوە هیچ پۆستێکی حکومی وەربگرێت باشترین بەڵگەی روونە بۆ ئەو قسە بەڵام نەوشیروان موستەفا پیاو بوو بە مانای وشە.

تەنانەت ئەگەر کەسێک بەناوی نەوشیروان موستەفا لەدایک نەبوایە، ئەو راپەرینەی کە کرا، هەر لە بیرۆکەی کەسێک ئەچوو کە خاوەنی پرۆفایل و سایکۆلۆجیای نەوشیروان موستەفا بێ.

ئەو ئەگەرچی زو زو ئەتۆرا و حەوسەڵەی کەم بوو، بەڵام هەرگیز توشی شکست نەبوو. نەوشیروان موستەفا لەو ژمارە کەمەی کورد بوو کە هەستی خۆبەقوربانیزانینی تیا نەبوو. ئەو بۆ وەڵامی پرسیارەکان، فارس و عەجەمی تاوانبار نەئەکرد، قسە قۆڕەکەی 'تەنها شاخەکان دۆستمانن'ی نەئەکردەوە، ئەو ئەیزانی کورد وەک مرۆڤ قەدەری خۆی بەدەستی خۆیەتی. هەر بۆیە ئەو کاتەی لە حەفتاکان بەدوای وەڵامی 'بۆچی کورد خاوەنی دەوڵەت نیە؟' دا دەگەڕا، ئیپریالیزمی جیهانی ، شەرق و غەرب، پیلانی دەرەکی و قسەی هاوشیوەی نەکرد، بەلكو دووبەرەکی و نەبوونی توانای یەکگرتنی کورد و ، نەبوونی عەقڵی دامەزراوەیی لەناو کوردا وەک هۆکار پیشاندا.

نەوشیروان موستەفا بێ تام نەبوو. ئاخر سەرکردە هەیە بێ تامە. خۆیشی نازانێ چیەوێ. سەرەری ساردیەکەی و کۆمەڵایەتی نەبوونی، بەڵام نارسیسیت و خۆ بەشتزان نەبوو. ئەها سەرکردە هەیە هەموو ژیان و بوونی لەدەوری فەلەکی خۆی ئەسوڕێتەوە، ئەو وا نەبوو. نەوشیروان موستەفا پیاوی ئایدیا بوو، شوێن ئایدیاک کەوتبوو، ئایدیایەک کە بە مروری زەمەن پێگەشت و کامڵ بوو. بەڵام نە هاورێ قەدیمەکانی و نە ئەو گەنجانەشی شوێنی کەوتن هیچیان لە نەوشیروان موستەفا تێنەگەشتن، نەوشیروان موستەفا بە تاقانەیی ژیا و بە تاقانەییش مرد.

سایکۆلۆجیای نەوشیروان موستەفا سایکۆلۆجیای مرۆڤێکە کە باوەڕی بە خۆیەتی، ئامادەی تەحەدایە، پاشەکشە ناکا لەبەردەم مەترسیەکاندا، بەڵام روئیەی روونە و ئەزانێ چیەوێ، لە هەڵەکانی سودوەرەئگرێ، خۆی بەبەرپرسیار ئەزانێ لە هەڵەکانی خۆی، خۆی بەقوربانی نازانێ و پێی وا نیە کەس نەبێ لەو تێ بگا، لە سروشی مرۆڤ تێ ئەگا و بڕوای بە مامەڵەکردن هەیە لەگەڵ واقیع، ئەگەرچی خەونەکانیشی گەورە بن، بەڵام هەنگاوەکانی رادیکاڵ نین و ئاشتی کۆمەڵایەتی ناخاتە مەترسیەوە.

نەوشیروان موستەفا بوو کە توانی بیری نەتەوەیی لەگەڵ تەوژمی بەهێزی چەپدا یەکبخات و چەپگەرایی بە نەتەوەگەرایی موتوربە بکا تا بەرهەمێکی خۆماڵی بێ و بێگانە نەبێ بە کوردستان، لە نەوەدەکانیشدا بە رووی رۆڵی ئیسلام لەم شوناسە نوێیەدا کرایەوە و لە سەروبەندی دواهەمین ئەزمونی سیاسیشدا لەناو گۆڕان بە کردەیی ئیسلام و دینی وەک شوناسی گشتی قبوڵکرد. ئەمە گرنگترین قۆناغی ژیانی نەوشیروان موستەفا بوو کە تیایدا پانتاییەکان ئایدیۆلۆجیای بەجۆرێک فراوانکرد کە شوناسێکی فراوان بگرێتەوە .

نەوشیروان موستەفا بەتایبەت نەوشیروانی سەردەمی شار و بەتایبەتی تریش نەوشیروانی دوای ٢٠٠٥ ، جۆرێکە لە مرۆڤ کە پێویستە کورد دیراسەی بکات. چونکە ئەو نزیکترین نمونەی کوردی خۆماڵیە بۆ جۆرێ لە کەسایەتی و روئیە و سایکۆلۆجیا کە ئەکرێ مناڵی کورد لەسەری گەورە بکرێ.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
06/03/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ