وتار
له‌ پێناو به‌ سیاسیکردن و کاریگه‌رتر بوونی خۆپیشاندانه‌کاندا
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

دیمه‌نی خۆپیشاندانه‌کانی دوێنێ ی هه‌ولێر تا بڵێی ناخهه‌ژێن و ئازارده‌ری ویژدان بوو، ئه‌وانه‌ی شه‌قیان له‌ مامۆستایه‌کی بێ به‌شی به‌ته‌مه‌ن گرت بیریان چووبوو له‌به‌رده‌م کامێرادا شه‌قده‌وه‌شێنن، ئه‌وه‌ش وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ شه‌ق له‌ هه‌زاران هاوڵاتی له‌ ماڵه‌کانی خۆیاندا درابێت، که‌ ئه‌وه‌ش ماڵوێرانی یه‌. 
به‌ده‌ر له‌وه‌ حه‌زده‌که‌م ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانه‌کان بڵێم: که‌ پێویستی به‌ سیاسیکردنه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ مانای به‌ حیزبیکردنی بگه‌یه‌نێت. واته‌ خۆپیشانده‌ران جگه‌ له‌ داواکاری لابردنی پاشه‌که‌وتی مووچه‌ و باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانیان، کۆمه‌ڵێ داواکاری سیاسیشیان هه‌بێت . چونکه‌ ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ناوخۆوه‌ هه‌بێت، ره‌گ و ریشه‌ی کێشه‌کان له‌ گه‌نده‌ڵی سیاسی و خراپی جۆری حوکمڕانیدایه‌ که‌ ئه‌وه‌ش چاکسازی سیاسی دخوازێت، ده‌کرێت خۆپیشانده‌ران له‌م روه‌شه‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌:
1. فشارکردن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ زووترین کاتدا، به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی دۆخی ئێستا له‌ هه‌ندێ روه‌وه‌ به‌ بنبه‌ست گه‌یشتووه‌ و پێویستی به‌ ده‌سکاریکردنی هه‌ل و مه‌رجه‌که‌ و ده‌ستپێکردنی سه‌ره‌تایه‌کی نوێ هه‌یه‌. 
حیزبه‌ حوکمڕانه‌کانیش له‌ سنورێ بترازێت توانای چاکسازیان نیه‌، پێویسته‌ خۆپیشانده‌رانیش گوێ نه‌ده‌ن به‌وه‌ی کام حیزب هه‌ڵده‌وه‌شێ یاخود لاواز ده‌بێت ، چونکه‌ هاوڵاتی و خه‌ڵک گرنگه‌ و ناکرێت بۆ خاتری هیچ که‌س و هێزیک هه‌ڵبژاردن دوابخرێت.
2. داواکردنی پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی سیاسی به‌رفراوانی نیشتمانی له‌لایه‌ن حیزب و قه‌واره‌ سیاسیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌ حوکمڕانه‌کان. چونکه‌ په‌رش و بڵاوی و ناکۆکی ئه‌م هێزانه‌ کارێکی کردووه‌نه‌ک هیچ به‌دیلێکی راسته‌قینه‌ بۆ حوکمڕانی له‌ ئارادا نه‌بێت، به‌ڵکو نه‌توانن ببنه‌ هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ش له‌ ده‌سه‌ڵاتدا .
3. فشار خستنه‌ سه‌ر فراکسیۆنه‌کانی په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ند کردنی ئه‌و پرۆژه‌ چاکسازییه‌ی تاوتوی کرا به‌ ره‌چاوکردنی ناڕه‌زایی خه‌ڵک له‌سه‌ر هه‌ندێ ماده‌ و بڕگه‌ی، له‌گه‌ڵ ده‌رکردنی بڕیار له‌ مه‌ڕ پاشه‌که‌وتی موچه‌ و کۆتایی پێهێنانی و هه‌ر شتێکی تری پێویست.
4. به‌شێ له‌ فشاره‌کان ئاراسته‌ی به‌غدا بکرێن و یاداشت بدرێته‌ رێکخراو و هێز و لایه‌ن و ده‌وڵه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌غدا به‌ کردار به‌شێکه‌ له‌ کیشه‌که‌ و یاری به‌ هه‌ستی هاوڵاتیان ده‌کات و ناڕاستگۆ بوو له‌گه‌ڵیاندا. په‌سه‌ندکردنی بودجه‌ش به‌و جۆره‌و به‌ بێ ڕه‌چاوکردنی هه‌ڵوێست و داخوازی هه‌رێم و فراکسیۆنه‌ کوردستانیه‌کان، به‌ جۆرێک له‌ سزادانی به‌ کۆمه‌ڵی گه‌لی کوردستان و هاوڵاتیانی هه‌رێم داده‌نرێت.
5. کاربکرێت بۆ هه‌ڵبژاردنێکی په‌رله‌مانی چۆنایه‌تی، چونکه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا هاوڵاتیان و خه‌ڵک ده‌بنه‌وه‌ به‌ خاوه‌نی چاره‌نووسی خۆیان و ده‌توانن له‌ڕێ ی ده‌نگه‌کانیانه‌وه‌ خودی خۆیان چاره‌سه‌ر به‌سه‌ر حیزبه‌کاندا بسه‌پێنن، سزای مه‌ده‌نیانه‌ش به‌سه‌ر ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌شدا بده‌ن که‌ به‌سه‌به‌بکاری دۆخه‌که‌ ده‌زانن.
به‌م جۆره‌ ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌کان زیاتر رێکخراو بن و رێگری بکرێت له‌ بازرگانی پێوه‌کردنی سیاسی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌، ده‌توانن به‌و جۆره‌ی باسمانکرد له‌ ماوه‌یه‌کی دیاریکراوی که‌مدا کاریگه‌ری و شوێنپه‌نجه‌ به‌سه‌ر تێکڕای دۆخه‌که‌وه‌ دابنێن.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
27/03/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ