وتار
درۆکردن بەدەم نێچیرڤان بارزانیەوە
ئاری ھەرسین

یەکێک لە ھەنگاوە چاکەکانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕێکخستنی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیە پاش ھەر کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران. ئەم ھەنگاوە گرنگە، چونکە ھەل بۆ سەرۆکی حکومەت ئەڕەخسێنێت کە ڕاستەوخۆ و بە شەففافی پەیامی حکومەت و بڕیار و بۆچونەکانی بە ھاوڵاتیانی کوردستان بگەیەنێت. ھەر لە بەردەوامی ئەم ھەنگاوەدا دوێنێ سەرۆکی حکومەت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شتێکی لەم بابەتەی گوت: 'ڕێز لە دەڕبڕینی ناڕەزایی فەرمانبەرانی کوردستان ئەگرین، بەڵام کەسێک بە زمانی چەقۆ و دەمانچەوە خۆپیشاندان بکات، ئەوا ئێمەش بە زمانی خۆی وەڵامی ئەدەینەوە'.

سەیر ئەوەیە لە دوێنێ ئێوارەوە ھەندێک لە دەڵاڵەکانی تێکدەری ئەم قەوارە سیاسیەیەی ھەرێمی کوردستان، ماکینەی ڕاگەیاندنی «سیستەمی گۆبڵزیان» خستۆتەکار و وتەکانی سەرۆکی حکومەتیان کردۆتە دروشمی خۆپیشاندەران و بە خەڵکی کوردستان ئەڵێن: 'سەرۆکی حکومەت ئەڵێت بە چەقۆ و دەمانچە بەرەوڕوی خۆپیشاندەران ئەبینەوە'.

ئەم جۆرە چەواشەکاریانە بۆچونەکانی ئێمە پشتڕاست ئەکاتەوە کە مەرامی ئەم قەوارەو حیزبانەی درۆ بە خەڵک ئەفرۆشن، بە تەنیا بچوککردنەوەی جوگرافیای ئیدارەی سیاسی کوردستانە و بەس. مەسەلە نە مووچەی خەڵکە و نە خۆشگوزەرانیەکەیەتی… مەسەلە ئەوەیە کە ئەم برادەرانە ئەیانەوێت بە ئینقیلاب بێنە سەر حوکم و بەو پلە و پۆستە سیاسیانە بگەن کە ھەموو ژیانیان خەویان پێوە بینیوە. مەبەستیشیانە، ئەو ئینقیلابە بە فەرمانبەران و مناڵی فەقیر و ھەژار بکەن، چونکە خۆیان جورئەتی ئەوەیان نیە بێنە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندەران و مشت بەرزکەنەوە.

ئەم خەنە و جێبەجێکردنی ئەم ئەجندایە لە ھەرێمی کوردستان مەحاڵە. ئەم ئوسلوبەی سیاسەتکردن لە لایەن ئەم برادەرانەوە لە دوو ئەنجام زیادتری نیە:

یەکەم: یان ئەم برادەرانە پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە مەیدانی سیاسی کوردستان دەر ئەکەن و ئەیانسڕنەوە

دووھەم: یان ئەوە تا ئێمە ئەبێت بیکەینە دوو ئیدارەی ئاشکراو، لێگەڕێین یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ لە کانیەکەی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی سلێمانی ئاو بخۆنەوە و، بەھەشتی سەرزەوی لەو دەڤەرە بۆمیللەت دەستەبەر بکەن.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
31/03/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ