وتار
کارمەندانی تەندروستی لە نێوان ماندووبوون و پێزانین دا
ئەرشەد تەحسین



 بە ھەر ھۆکارێک بێت رێت بکەوێتە بنکەیەک، مەڵبەندێک، سەنتەرێک، نەخۆشخانەیەک یان ھەر ناوەندێکی تەندروستی، یان بەشێک لە سەنتەر و نەخۆشخانەیەک ئەوا ھەست بە قورسی ئەرکی کارمەندانی تەندروستی و ماندووبوونیان دەکەیت، بە چاوێکی ویژدانەوە لییان بڕوانییت ئەوا تێدەگەیت بەشی ھەرە زۆری " ئەگەر نەڵێم ھەمووی " کاروباری ئەو ناوەندە تەندروستیە لە ئەستۆی کارمەندان دایە، سەرباری ئەو ھەموو گرفت و کێشانەی رووبەروویان دەبێتەوە، بەڵام کارمەندان شێلگیرانەتر و لە خۆبوردوانە ئەرکی سەرشانی خۆیان لە خزمەت کردنی ھاوڵاتیان و نەخۆشان دا بەرجەستە دەکەن.

لە ھەر ناوەندێکی تەندروستیدا کارمەندان کێشە و گرفتی ھەمە جۆر و ھەمە چەشنیان ھەیە، بەواتایەکی تر , گرفتەکانیان لە ناوەندە تەندروستیەکاندا دابەش دەبن سەر دوو جۆری سەرەکیدا:
یەکەم:  کێشەی گشتگیری کارمەندان سەراپاگیری کارمەندانە و لە ھەر شوێنێک دا بن دەیان گرێتەوە.
دووەم: کێشەی تایبەت مەند، رەنگە کێشەی تەنھا ناوەندەکە یان بەشێکی ناوەندەکە بێت و کاریگەری نەبێت لەسەر رەوتی گشتی و خزمەت کرنی ھاوڵاتیان.

لێرەدا باس لە چەند مافێکی سەرەتایی کارمەندان بکەین ھێندە مەبەستمان نیە باس لە گیر و گرفتەکانییان بکەین، چونکە لە ھەموو جیھان دا وایە لە ھەر کوێ ئەرک ھەبێت ماف ھەیە، بە چەشنێک کە ئەرک وماف پێکەوە ھاوتەریبی یەک رێدەکەون لەرەوتی ژیان دا، لە سۆنگەی زۆریی و قورسی ئەرکی سەرشانی کارمەندانی تەندروستی و ماندوبونیانەوە دەشێت ئاماژە بە کۆمەڵێک مافی سەرەتایی کارمەندان بکەین بۆ ئەوەی چ لەلایەن حکومەت و چ لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و خودی ناوەندەکەی کە کاری تێدا دەکات یان لەلایەن نەخۆش و ھاوڵاتیانەوە بۆ کارمەندان جێبەجێ بکریت.

 لێرەوە مشتێک لە ماف و داوا رەواکانی کارمەندان لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت بکەینەوە:
یەکەم:  ھەر تاکێک لە کۆمەڵگادا بۆ ھەرکارێکی باش و بەسوود کە ئەنجامی دەدات پێویستی بە دەست خۆشیی و پێزانینی کۆمەلایەتی ھەیە، واتە پێویستی بەوەیە کۆمەڵگە دەست خۆشی لێ بکات، بۆ ئەوەی ئەو کارەی بە ئەنجامی گەیاندوە و ھەوڵ و ماندوبونی بەرز بنرخێندرێت، بۆیە کارمەندانی تەندروستی لە ھەموو کەس زیاتر پێویستە لەلایەن کۆمەڵگەوە سوپاسی ئەرکە پیرۆزەکانینان بکرێت، بە بڕوای من لەم روانگەیەوە کۆمەڵگە درێخی نەکردوە و ھەمیشە بە چاوی رێزەوە لە کارمەندان ڕوانیوە و ماندووبوونیان بەرز نرخاندوە.
دووەم: بەکارھێنانی سیستەمی پاداشت لەلایەن حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی تەندروسیتەوە بۆ کارمەندانی  دڵسۆز و چالاک لە ناوەندەکاندا، پاداشتی مادی بێت یان پاداشتی مەعنەوی  کە دەبێتە ھاندانێکی باش بۆ کارمەندانی بەتوانا و لە خۆبوردوو بۆ ئەوەی چالاکانەتر ئەرکەکانیان رابپەڕێنن و ھەم بۆ کارمەندانی سستیش بۆ ئەوەی چاو بە ئەرکی خۆیان دا بخشێننەوە و ئەوانیش چالاک بن.
سێیەم: باشتر کردنی ئاستی گوزەران و بژێوی ژیانیان، ئەمەش ھانی کارمەندان دەدات باشتر ئەرکەکانیان رابپەڕێنن و پێویستیان بەوە نەبێت لە پاڵ کاری سەرەکیان لە ناو ناوەندەکانی تەندروستیدا کاری تر بکەن لە دەرەوەی ناوەندەکەیان دا.
چوارەم: دابین کردنی شوێن و یەکەی نیشتەجێکردن بۆ کارمەندانی تەندروستی بە بێ جیاوازی شوێن و جۆری بیرکردنەوەیان،  ھەروەھا پێدانی پێشینەی ھاوسەرێتی و پێشینەی تایبەتی خانووبەرە بەتایبەت بۆ ئەو کارمەندانەی کە سەرەتای چوونە ژیانی ھاوسەرێتیانە.

ماوەتەوە بڵێین کە دابین کردنی ژیانێکی باشتر بۆ کارمەندانی ناوەندی تەندروستی و پێزانینی ھەوڵ و ماندوو بوونیان لە بەرژەوەندی سەرجەم ھاوڵاتیان دایە، گومانی تێدا نیە ھەر تاکێک لە کۆمەڵگە رۆژێک لە رۆژان لەبەر ھەر ھۆیەک بێت رێی دەکەوێتە لای کارمەنی تەندروستی و ناوەندە تەندروستیەکان...
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
03/04/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ