وتار
قسەیەكی سەرڕاست‌و كوردانە لەگەڵ كاك قادری حاجی عەلی
ئاری ھەرسین

بە عادەت حەزم لە وەلامدانەوەی خەڵكی دەمڕوت و (هەندێك) بەناو پۆست مۆدێرنەی موزەیەف نیە، چونكە ئەوكات ئینسان خۆی ئەكاتە ڕەفیقی خەڵكانی بەتاڵ و ناڕەفیق. ئەم گوتارە لەوانەیە دوا نامەی كراوەم بێت بۆ برای بەڕێزم كاك قادری حاجی عەلی، چونكە ئەزانم (ئەگەر ئێمەی پارتی جورئەتمان هەبێت) ئەنجامی ئەم گەلەكۆمەكیەی دژ بە پارتی بەرەو كوێ ئەچێت

چەند سەرنجێكی سادە و سەرپێیی بۆ بەڕێزیان لەم خاڵانەی خوارەوە كورت ئەكەمەوە:

یەكەم: هەروەك دەركەوت هەولێر شاری خۆتە و موڵكی باوكی كەس نیە. نە نێچیرڤان چەقۆ وەشێنە و، نە مەسروریش ئەو پیاوە موخیفەیە كە بوختانی بۆ ئەكەن. جەنابت تەشریفت بۆ هەولێر هێنا، هیچ كەس لە گوڵ كەمتری پێ نەگوتیت. بۆیە بە برایانە داوات لێ ئەكەم ئەم تێرۆری فكریە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەرامبەر بەپارتی و بنەماڵەی بارزانی ڕابگرە… ئەزانم ئەو دەسەڵاتەت هەیە.

دووهەم: ڕەحمەتی كاك نەوشیروان هەمیشە ئەیوت: دوو ڕێگە بۆ دەسەڵات گرتنەدەست هەیە، یان بە ڕێگای سندوقی دەنگدان، یان بە خوێن. وابزانم لای هەموان ڕوونە كە كاك نەوشیروان ڕێگای یەكەمی بە ژیرانەتر ئەزانی. هەردوكمان باش ئەزانین ئەگەر كاك نەوشیروان بیزانیایە بە شەق بۆی ئەچێتە سەر، ئەوا بە بێ سێ و دوو ئەیكرد. تكایە ئەم تێگەیشتنە سەقەتەی (بەشەق ئەیگۆڕین) لە لای ڕێكخستنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاست بكەرەوە. 

سێهەم: ئەوەندەی من تۆ بناسم هەمیشە پێشمەرگەیەكی بە جورئەت بویت. ئەوەندە مەرد و شۆڕشگێڕ بویت، تەنانەت فشاری بێ ئەندازەی ڕژێمی شۆڤێنیستی بەعسی بۆ سەر بنەماڵەكەت تەسلیمی نەكردیت. ئەگەر قەناعەتت بەوەیە كە هەرچی ئەندام و هەواداری پارتیە كۆیلەن و بێ غیرەتن، حەزم لێیە خۆت بێیتە سەر خەت و بە جورئەتەوە و بە دەنگی بەرز ئەوە بە خەڵكی كوردستان بڵێی، ئەگەریش ئەمە بۆچونت نیە، مەهێڵە بزوتنەوەیەكی ڕیفۆرمیستی وەك گۆڕان ببێتە بڵندگۆی زوڕناژەنی دووبەرەكیەكەی ساڵی ١٩٦٤و ، حیزبێكی جنێوفرۆشی سەر فەیسبوك. ئەگەر بتەوێت ئەتوانی كۆتایی بەو عەقڵیەتە بێنیت. 

دواجار ئەگەر لە كوردستان بەم ئوسلوبە سیاسەت بكرێت، كە لە خەڵكی سلێمانی تێبگەیەنرێت كە ئەگەر دژی پارتی بیت ئیتر زۆر دیموكرات و مۆدێرنیت، ئەوا هەر ئەندامێكی پارتی ئەگەر یەك زەڕڕە غیرەتی هەبێت لە جیاتی ئەوەی لە ترسی چوار مناڵە ورتكە كە دێنە سەر بارەگای لق یان ناوچەكەی دەست بكات بە گریان، ئەبێت تەرمەكەی لە بارەگاكەیا بەرنە دەرەوە. لە بەرامبەر ئەم ئیهانانەی كە بەرامبەر بە حیزبەكەی ئەكەن (كە هەر هەموی درۆیەكن لە پیرەمەگرون و قەندیل گەورە ترن)، ئێمەی پارتی ئەبێت بەرامبەر بە چەقۆ دەمانچە، بەرامبەر دەمانچە كلاشینكۆف، بەرامبەر كڵاشینكۆف ئاڕ پی جی و بە تۆپ وەڵام بدەینەوە… ئەگەر پێویست بكات هەر واش ئەكەین.

هیوادارم كار نەگاتە ئەوە، چونكە هیچمان ئارەزوی ئەوە ناكەین. ئەو شەڕەی باسی ئەكەم جیاوازە لە هێرش و بانگەشەی سەر شاشەی لاپتۆپی گەنجە بێتاوان و دڵ سافەكانی ئەم وڵاتە. وابزانم هەردوكمان ئەزانین باسی كام شەڕە ئەكەم. 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
03/04/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ