وتار
بۆ چی ناتوانین متمانەتان پێ بکەین ؟
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

سەرەڕای قەیرانە زۆرو زەوەندەکان کەبەرۆکی خەڵک وخاکی کوردستانیان گرتۆتەوە ، گەورەترین قەیران لەئێستادا نەبون ونەمانی متمانەوبڕوا بوونە .
لەو نێوەندەشدا زۆر بەڕوونی دیارە کەنەحکومەتی ناوەند متمانەی بەهەرێم هەیەو نەهەرێمیش بەناوەند ، و میللەتیش متمانەی بەهیچیان نەماوە ، گەر پێشتر بێ متمانەیی لەئەگەردا بوبێت ئەوا لەم چەند ڕۆژەدا بەهۆی بەکارهێنانی چەمکەکانی ( ئەگەر ، پێدەچێت ، لەوانەیە) بێ متمانەییەکەی لەئەگەرەوە کردۆتە یەقینێکی تەواو.
بەرپرسانی ئەم هەرێمە لەماوەی زیاترلە چارەکەسەدەی فەرمانڕەواییاندا بەهۆی نەبونی سیستمێکی باشی کارگێڕی، وبونی ناشەفافی و ناڕاستگۆیی نەیانتوانی پردێکی پتەوبەهێزی پڕ متمانە لەنێو خۆیان وهاوڵاتیاندا دروست بکەن .
ئاخەر ئێوەی دەسەڵاتداران چۆن متمانەتان پێ بکرێت ، کەنەپەرلەمان ، نە دیوانی چاودێری دارایی ، نە هیچ دەزگاو دامەزراوەیەکی تر تائێستاشی لەگەڵدا بێت نازانێت داهاتی ڕاستەقینەی نەوت چەندە ؟ هەناردەی بەبۆری وتانکەرچەندە؟ داهاتی ناوخۆ بەدەقیقی چەندە؟ 
هەردەڵێن بەم زوانەڕوونی دەکەینەوەو نەتانکرد ، وتتان کۆمپانیای دیلۆیت وردەکاری دەخاتەڕوو کەچی ئەویش (۱۰)مانگە بێ دەنگ وسەنگەو ڕاپۆرتی شەش مانگی ساڵی ڕابردوشی پرسیارگەلی زۆری لەسەردروست بووە .
باشە شارەزایەکی ئابوری ئەم حکومەتە پێمان بڵێ چۆن پێش پڕۆسەی بایۆمەتری لەهەرێمداکە ( ۱ ملیۆن و ٤۰۱ هەزارو ۲۱۱ کەس )فەرمانبەرو موچەخۆری هەبوەو موچەی مانگانەیان پێویستی بە ( ۸۳۰ ـــ ۸٥۰ ملیارد دینار) بوەبەڵام دوای پڕۆسەی بایۆمەتری ژمارەکە کەمبۆتەوە بۆ ( ۱ ملیۆن و ۲٤۹هەزارو ٤۸۱کەس )کەچی پارەی پێویست بۆموچەی مانگانەیان زیادیکردوە بۆ ( ۸۹۰ ـــ ۹۰۰ ملیارد) لەکاتێکدا دووساڵیشە بەرزەموچەو سەرەموچە( ترفیع وعلاوە) ی فەرمانبەران ڕاگیراوە ، ئەمەجگە لەوەی چوارساڵە بەفەرمی خەڵک دانەمەزرێنراوە ، چوار تەمەن خانەنشینکراون کە ژمارەیان گەر لە (۲۰)هەزار زیاترنەبن کەمترنین ، وەسکرتێری ئەنجومەنی وەزیران مانگی ڕابردوو لەنێو هۆڵی پەرلەمان وتی (۲۰)هەزارکەس هەرنەچونەتەوە بۆپشکنینی ڕێژەی کەمئەندامیەکەیان دوای ئەوەی بڕیاردرا پشکنینیان بۆبکرێتەوە ، واتائەو ژمارەیە لەلیستی موچەدا نامێنێت . 
ئەی تۆبڵێی چەند هەزار فەرمانبەر لەم چوارساڵەدا موڵەتی بێ موچەیان کردبێت یاخود وازیان هێنابێت لەکەرتی حکومی یان سەری خۆیان هەڵگرتبێت و ، وڵاتیان جێهێشتبێت ؟ من دەزانم کەتەنها لەوەزارەتی تەندروستی ( ٥ )هەزار حاڵەتی لەوشێوەیە هەیە کەژمارەی کارمەندانیان تەنها ( ٥۳ )هەزارکەسێکە ، ئەی دەبێت چەند هەزارحاڵەتی ترلەکۆی وەزارەت ودامەزراوەکانی تری حکومەتی هەرێمدا بونیان هەبێت .
بۆیە تاکو ئێستا ئەوەی کەنەزانراوەوشاراوەیە ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەروموچەخۆرانی هەرێمە ، کەژمارەی ڕاستەقینەش دیارنەبوو ئەوا ئەو هەموو ژمارە جۆراوجۆرانەی کەباسدەکرێن بۆپێدانی موچە ڕاست نیە.
ئێوە پێشتر چواربەهانەی حازربەدەستان هەبوو بۆداهێنانی سیستمی بەناوپاشەکەوتی موچە کە نزمی نرخی نەوت ، بونی شەڕی داعش ، زۆری ئاوارە لەهەرێم ، نەناردنی بودجە لەعێراقەوە بوو ، بەڵام ئێستا هیچ بیانویەکتان نەماوەو چوارجۆر داهاتیشتان لەبەردەستە کەبریتین لە داهاتەکانی ( نەوت ، ناوخۆ ، بودجەی عێراق ، هاوکاری پینتاگۆنی ئەمریکا )کەتەنها بەدوو جۆریان دەتوانرێت مانگانە موچەی بێ پاشەکەوت بدرێتە فەرمانبەران بۆسەلماندنی ئەم قسەیەش کارێکی ئاسانە چونکە مانگانە داهاتی ئەونەوتەی کەڕۆژانە ( ۳۱۰ ــ ۳۲۰)هەزاربەرمیل تەنها بەبۆری هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت ( ٦۳۰) ملیارد دینارەو ئەو پارەشی لەناوەندەوە دێت زیاتر لە( ۳۱۷)ملیاردو( ٥۰۰)ملیۆن دینارە، واتا تەنها داهاتی ئەم دوو سەرچاوەیە(۹٤۷)ملیاردونیو زیاترە ، ئێ خۆبەری ڕۆژ بەبێژنگ ناگیرێت وخەڵکیش هێندە خۆشباوەڕ نیە وهەرلەخۆشەوە نەڕژاوەتە سەرشەقام ، ئائەمەیە وایکردوە ئێوە متمانەتان لای کەس نەمێنێت .
باشەخۆبەپێی بڕیاری ژمارە (٦٤)ی ئەنجومەنی وەزیران لە(۳-۲-۲۰۱٦)کەبڕیاری نایاسایی سیستمی پاشەکەوتی موچەتان سەپاندکەڕێژەی لێبڕینەکەی لە( ۱٥٪ -- ۷٥٪) بوو، بڕیاربوو لە(۳۰)ڕۆژجارێکدا موچەبدەن کەچی وامانگی (٤)ی (۲۰۱۸)یەو تازە بەتازە موچەی مانگی (۱۱)ی ساڵی (۲۰۱۷)تان دابەشکردوە ، ئەی چ گرنتیەک هەیە لەئێستاداوبەپێی ئەوبڕیارەی کە لەکۆبونەوەی ژمارە (٤٥)ی ( ۲۷-۳-۲۰۱۸) ئەنجومەنی وەزیران درا کەلێبڕینەکەش بۆتە ( ۱۰٪ -- ۳۰٪)مانگانە موچەیەک لەکاتی خۆیدابدەن ، چونکەلەو ڕوەوە پێشینەتان هەیە پێشتر تاقیکراونەتەوە .
ئێوەهەر دەڵێن قەرزدارین بەڵام تائێستاش بەڕاشکاوی پێتان نەوتین ئەم هەرێمە چەند قەرزدارە ؟ لەکوێ قەرزتانکردوە ؟ بۆچی قەرزتانکردوە ؟چۆنیش قەرزەکان دەدەنەوە ؟
باشە لەکوێی دونیادا هەبوە خۆت نەک موفلیس بەڵکو قەرزداریش بیت ، کەچی بەحکومەتی ناوەند بڵێی موفلیس .
ئایا دەزانیت ئەو عێراقە موفلیسەی کەنێچیرڤان بارزانی ئەونازناوەی بەبەردابڕی، لەوهەموو تەنگەژەوقەیرانەدا تەنهالە( ۳٪ ــ ٤٪)ی پارەی لەفەرمانبەرو موچەخۆرانی 
خۆی دەبڕی ،کەئەویش لەبودجەی (۲۰۱۸)دا کەلە ئەنجومەنی نوێنەرانیش پەسەندکراوە جگە لەهەڵوەشاندنەوەی ئەوڕێژەیە لەبڕین ،قەرەبوی پارەلێبڕاوەکانیشیان بەیاسا بۆدەکاتەوە.
کەچی تائێستاش فەرمانبەرانی هەرێم نازانن ئایندەی موچەپاشەکەوتکراوەنیان چی لێدێت وچی لێدەکەن .
گەر ئێوە کەمێک ڕاستگۆبونایەو متمانەی خەڵکتان بەلاوە گرنگ بوایە خۆ دەتانتوانی لەگەڵ هاتنی پارەکەی بەغدا لانی کەمی بەگۆڕانکارییەکی باشەوە موچەی مانگی (۱۱)تان بدایەتەفەرمانبەران وموچەخۆران .
یان بۆچی پابەندی ڕاگەیەندراوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوی خۆتان نەبون کەوتتان لەگەڵ دەستکاریکردنی پاشەکەوتی موچەدا ڕاستەوخۆ خشتەیەکی نوێی موچە ڕادەگەیەنن ؟
کەئەمە ڕاست ودروست پێمان دەڵێت کەچۆن خەڵکی متمانەی پێتان نەماوە ، ئێوەش تائێستا متمانەتان لەقە بەبەغدا گەر وانیە ئەوا دەستکاریکردنی ئەم پاشەکەوتکردنە جگە لەوەی مەبەستتان لێی کپکردنەوەی خۆپیشاندان وناڕەزاییەکانی خەڵکی شاروشارۆچکەکان بوو ، مەبەستێکی تریشتان سەرەتای دەستپێکی بانگەشەکانی هەڵبژاردنە ، بەڵام دەبێت زۆر باش ئەو ڕاستیە بزانن کەدەمێکە خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەم جۆرە یاریکردننانە ڕاهاتوە ، و هێندە مێژووییەکی پاک وبێگەردتان نیەونەبوە لەحکومڕانیدا تاکو بەئاسانی متمانەتان پێ بکرێتەوە .
هێندە بەسە بوترێت ئەو قەیرانەی کەلەئاستیدا دۆشداماون و ناتوانن بەئاسانی بەدەستی بهێننەوە متمانەوبڕوابونە پێتان و ، ئەوەش وادەکات ناتوانین متمانەتان پێ بکەین .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
03/04/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ