وتار
وەڵامێک بۆ شاسوار !!
پەشێو حەمەد ئەمین

پانزە ساڵ لە مەو بەر، ژنێک لە کۆڵانەکەمان کوڕێکی بو، دکتۆرەکان پێیان وتبو؛ ئەم مناڵە کێشەی ئێسکی هەیەو تا لە ژیاندا بێ ناتوانێ پێ هەڵگرێ . کە چی مناڵەکە گەورە بو و ، ئیستا یەکێکە لە باشترین هێرشبەرەکانی تۆپی پێ .

ڕێک پانزە ساڵ پێش ئیستا، خوێندکارێکی هاوپۆلم، توشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر هات، بە جۆرێک زاکیرەی ڕۆیشتبو، دڵداری لە گەڵ دایکی خۆیا ئەکرد، چونکە وایئەزانی کچەکەی دراوسێیانە. سەرەنجام ئەویش چاک بوەوەو ، دووبارە دەستی کردەوە بە خوێندن . ئیستا لە قۆناغی کۆتایی بەشی مێژووەو ، لە بەرنامەیدایە، مێژووی سەد ساڵی کورد بنوسێتەوە.

پانزە ساڵ لەمەو بەر، حەزم بە کچێک بو، ئەیوت ؛ ئەگەر بە تۆ نەگەم ، ئەمرم . بەڵام سەرەنجام بۆ یەک نەبوین و، ئەو خانمەش نەمرد، دوای دابڕانمان شوی کردەوەو ، لەم ڕۆژانە شعرێکی بۆ نوسیبوم ؛ کە ژیانی بێ من زۆر خۆشەو، ئەتوانێ سەد ساڵی دیش بژی و چوار مناڵیشی هەیە.

لێرەدا مەبەستم ئەوەیە؛ گەر تۆش نەبی پانزە ساڵی تر، ئەم وێرانەیە بۆ خۆی چاک ئەبێت. دنیا بە ڕووی جۆرێ لە پێشکەوتنا ئەکرێتەوە، کە ئۆتۆمبێلەکانی ئەوسا ، نەک بە وزەی کارەبا ، بەڵکو وەک ئەفلام کارتۆنەکەی مەنجەڵ بیکوڵێنە، هەر ئەمریان بە سەرا کەیت ، خۆیان ئەڕۆن .

گەر تۆ ڕاست ئەکەی، ئیستا تەحەدای گۆڕانکاریەکان بکە. 
ئیستا وەرەو بە کردار بیسەلمێنە، کە تۆ جیاوازی لەوانی تر. 
ڕەنگە بڵێی ؛ دەنگم لێتان ئەوێت. 
فەرموو ئەوە دەنگی من و کرداری تۆ ! 
بەڵام بێ زەحمەت پێمان بڵێ؛ ستراتیژی تۆ چیە ، بۆ نەمانی هێزی میلیشیا. بۆ کاڵکردنەوەی ڕەنگی زۆنەکان. بۆ شکانی بتە زیانبەخشەکان. 
تۆیەک کە خۆت خەڵکی بە کۆیلە ئەزانی و ، پێت وایە هەموو شتێ بە زەبری پارە ئەکرێت. دەی پێمان بڵێ ؛ چۆن ئازادیمان بۆ ئەهێنی، کە پارە ناتوانێ بیکڕێت ؟؟

وتەیەک هەیە ئەڵێ؛ هەندێ کەس زۆر هەژارن، هیچیان نیە پارە نەبێت. ئەو کەسانە زۆر لە تۆ ئەچن بەڕێز شاسوار . 
بۆ ئەوەی بزانیت کە تۆ کێیت. پارەکانت بخەرە لاوە ئینجا بزانە چیت پێ ئەکرێت ؟ ئینجا تێ ئەگەیت کە تۆ کێیت؟ ئینجا لە چەپڵەو فیکەی ئەو خەڵکە تێدەگەیت، کە دوای چی کەوتون ؟
تۆ دەڵێی ؛ من لە سەرەتای تەمەنی خۆمەوە، بزنسێکی گەورەم لەم وڵاتەیا. دەڵێی؛ زیاتر لە بیست ساڵە لە معاناتی ئەو خەڵکە تێدەگەم . دەی ئەگەر مەرامێکی سیاسیت نیەو، بە کرێگیراوی ئەم و ئەو نیت. بۆ چەند ساڵ لەمەو بەر، یاریگاکانت نۆژەن نە ئەکردەوە؟ بۆ تا ئیستا مشوری ژیانی گەنجه خێر لە خۆ نەدیوانەی شەقامت ناخوارد. باشە کە ئەوسا ڕێگەیان نادایت، ئەی بۆ ئیستا ڕێگەت ئەدەن ؟ بۆ مەگەر بیست و پێنج ساڵە هەر ئەم فیرعەونانە نین بە قسەی خۆت ، دەست و ڕێیان لێ گرتویت. ئەی چ سحرێکه ئیستا دڵیان وا نەرم بوە ؟ 
ئیتر ئەوەنە بەسە ، بۆ ئەوەی خەڵکی لە ماهیەتی ڕاستەقینەی تۆو ، دەبڵ مۆڕاڵیەکەت تێ بگەن . بەڕێز شاسوار 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
03/04/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو