وتار
قەیرانی سوریا پاش عەفرین
فەرید ئەسەسەرد

كۆتایی ساڵی 1980 لە سەرەتای شەڕی عیراق- ئێراندا، هێزەكانی عیراق شاری خورەمشەهری پارێزگای ئەهوازیان لە ئێران گرت ‌و بەیاننامەی ژمارە 99ی سەركردایەتیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق "رزگاركردن"ی خورەمشەهری راگەیاند.
لەگەڵ چوونی هێزەكانی عیراق بۆ ناو شارەكە، دەمودەست ئاڵای عیراقیان هەڵكرد. لەولاشەوە تەلەفزیۆنی فەرمیی عیراق رایگەیاند كە موحەممەرە (ناوە عەرەبییەكەی شارەكە) گەڕاوەتەوە بۆ باوەشی نیشتمانی دایك. وەزارەتی راگەیاندن بەوەش دانەكەوت، بەڵكو دەستبەجێ‌ هەموو نەخشە فەرمییەكانی عیراقی كێشایەوەو نەخشەیەكی تازەی بڵاو كردەوە كە تێیدا سنووری عیراق بە جۆرێك درێژ كراوەتەوە كە سەرتاسەری پارێزگای ئەهوازی گرتۆتەوە.
ئەم دیمەنە، هەفتەی رابردوو، پاش ئەوەی هێزەكانی توركیا دەستیان بەسەر عەفریندا گرت، دووبارە بۆوە. لەگەڵ چوونی هێزەكانی توركیا بۆ ناو عەفرین، ئاڵای توركیایان لەسەر بینا فەرمییەكان هەڵكرد. هەڵكردنی ئاڵاكە بە بەرچاوی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنەوە بوو كە هاوكاری توركیا بوون لە گرتنی شارەكەدا. لانی كەم بۆ لەكەدار نەبوونی ناوبانگیان، دەبووایە بە هەڵكردنی ئاڵای دەوڵەتێكی بیانی لەسەر خاكی وڵاتەكەیان رازی نەبونایە.
بەڵام ئەم مەسەلەیە مەسەلەیەكی لاوەكییە. مەسەلە سەرەكییەكە لەناوخۆی توركیا دایە. لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی "رزگاركردن"ی عەفرین، بە دیواری شارەكاندا پۆستەرێك هەڵواسرا كە لەسەری نووسرا بوو عەفرین هەشتاو دووەمین پارێزگای توركیایە. دەكرێت ئەمە تێپەڕێنرێت و وا پاساوی بۆ بهێنرێتەوە كە دەستپێشخەرییەكە گوزارشت لە ڕای فەرمی ناكاو زۆرتر گوزارشت لە ڕای شەقام دەكا، بەڵام بە دڵنیاییەوە رای پارێزگار بە ڕایەكی فەرمی دەژمێردرێت.
نەجاتی سەنتورك لە پارێزگاری كرشەهیر، لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی گرتنی عەفریندا وتارێكی بە جۆش ‌و خرۆشی لە بەردەم ئاپۆرەی جەماوەردا خوێندەوەو جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هێزەكانی توركیا پاش "رزگاركردن"ی عەفرین، موسلیش رزگار دەكەن ‌و تا رزگاركردنی قودس ناوەستن. دیارە لێدوانەكانی سەنتورك سنووری رێپێدراویان تێپەڕاندووە، بە تایبەتی كە ناوی قودسی ئاخنیوەتە ناو قسەكانی ‌و باسی رزگاركردنی كردووە. بۆیە هەر پاش ئەم وتارە بە جۆش ‌و خرۆشەی بە چەند سەعاتێك، فەرمانی خانەنشین كردنی دەرچوو.
پێش گرتنی عەفرین هەندێ‌ هەواڵ دزەی كردبوو كە گوایە رێككەوتنێك لەسەر دەستی روسیا لە نێوان ئەنكەرەو دیمەشق هاتۆتە ئاراوە كە تێیدا عەفرین بە غۆتەی رۆژهەڵات گۆڕدراوەتەوەو هەردوولا رازی بوون بەوەی كە لاكەی تر لەناوچەی دڵخوازی خۆی دەستی ئاوەڵا بێت. سەركەوتنی توركیا لە عەفرین ‌و سەركەوتنی سوریا لە غۆتەی رۆژهەڵات هەواڵەكە پشت راست دەكاتەوە بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە لەم بارەیەوە نییەو رەنگە مەسەلەكە لە رێكەوت بەولاوە هیچی تر نەبێت. بەڵام لەسەر زەوی، پەیوەندییەك لەنێوان ئەوەی كە لە عەفرین رویداوەو ئەوەی كە لە غۆتە رویداوە هەیە، ئەویش ئەوەیە كە چەكدارەكانی فەیلەقی رەحمان ‌و ئەحراری شام پاش ئەوەی كە بە رێككەوتن، غۆتەیان چۆڵ كردو روویان كردە شاری ئیدلب، بە نیاز نین لە ئیدلب جێگیر بن، بەڵكو لە بەرنامەیانە كە بچن لە عەفرین جێگیر بن چونكە ئیدلب هەڕەشەی ئەوەی لەسەرە كە سوپای حكومەتی سوریا بیگرێتەوەو گورزێكی كاریگەرتر لە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی چەكدار بوەشێنێت.
پاش گرتنی عەفرین كارتەكان تێكەڵاوتر بوون ‌و پێشبینی كردنی هەموو ئەگەرێكی خراپ هیچ بەربەستێكی لەبەردەم دا نییە. گەورەترین دۆڕاو پاش كورد لە عەفرین، ئەمریكایە كە 2500 سەربازی لە رۆژهەڵاتی فورات، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات، جێگیر كردووەو تا ئێستا هیچ ستراتیجێكی رونی نیە. گەورەترین براوەش روسیایە كە سەركەوتوو بووە لە دوورخستنەوەی توركیا لە ئەمریكا. خراپترین سیناریۆ ئەوەیە كە روسیا ‌و توركیا بگەن بە سازانێكی تر بە شێوەی ئیدلب بەرامبەر بە كۆبانێ‌ ‌و قامشلۆ كە ئەمە روبەڕوبونەوەیەكی مەترسیدار لەنێوان تورك ‌و ئەمریكییەكان دروست دەكا، چونكە چوونی توركیا بۆ رۆژهەڵاتی فورات، هیچ بەهایەك بۆ 20 بنكە سەربازییەكەی ئەمریكا و 2500 سەربازەكەی ئەمریكا لە سوریا ناهێڵێتەوە، كە ئەمەش وا لەواشنتن دەكا بگاتە تینی ‌و كارێكی ناپێشبینیكراو بكات. روسەكانیش ئەمە دەزانن. هەروەها ئەوەش دەزانن كە ئەگەر مانۆرە سیاسییەكانیان لە سنووری خۆیان دەرچن، رەنگە دەستپێشخەری لە دەست بدەن ‌و ململانێكە سنووری كۆنترۆڵكردن ببەزێنێ‌.
ئەگەر رەوتی رووداوەكان بەرەو خراپتر بڕوا، عەفرین دەبێتە نیشانەی جیاكەرەوەی دوو قۆناغ كە ئەمەی دواییان زۆر لەوەی پێشتر دژوارترو خراپتر دەبێ‌.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
03/04/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو