وتار
کۆمەڵگای پر لە جنێو
ھۆشیار جەمال



گەر چاوێکی خێرا بگێڕین بە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کەناڵە ئاسمانییەکان ، وھەروەھا ئاوڕێک لە چواردەورمان بدەینەوە دەگەینە ئەو ئەنجامی کە لەئێستادا کۆمەڵگای کوردی ھەنگاو ھەنگاو بەرەو کۆمەڵگایەکی جنێو فرۆش ھەنگاو دەنێت، کە ئەمەش جگە لە کاریگەریەکی خراپە لە ئێستادا سەرەتایەکی خراپە بۆ نەوەکانی داھاتوو چونکە دێنە سەر کەلتورێکی وێرانە.

کەلتوری جنێو مێژوویەکی تاڕادەیەک کۆنی ھەیە لە ناو حزبە سیاسیەکانی کوردستاندا ، ئەوان ھەرکات بەرژەوەندیان لەگەڵ یەک نەبوبێت و لە کاتی جیابونەوە و پەرتبووندا لە جیاتی قبووڵکردنی یەکتر ، دژی بەرامبەر جنێو و تۆمەتیان بۆ یەکتر ھەڵبەستووە.

لەدوای جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە پارتی بەھۆی تێڕوانینی جیاوازەوە بۆ شۆڕش و حوکمڕان و حیزب بە چەندان شێوە جنێو و تۆمەت دەدرایە پاڵیان، ئەم کەلتورە حیزبەکانی تریش ھێنایان لەگەڵ خۆیان تا ڕاپەڕین و دواتریش لە شەڕی ناوخۆ گەیشتنە ئەوپەڕی جنێوی ناشرین وخراپ نەما نەچێتە گوێی ھاوڵاتیانەوە ، جیابوونەوەی باڵی ڕیفۆرم لە یەکێتی و لەدایکبوونی بزووتنەوەی گۆڕان بووە ھۆی دروستبوونی کۆمەڵێک جنێوی توندی سیاسی کە ھەردوولا ھۆکاربوون.

تا ئێرە ڕوو سیاسیەکە بوو بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە  جۆرێکی تری جنێو حزوری ھەیەکە پیاوانی ئاینین کە بەشێکی زۆریان لە مینبەری مزگەوتەکانەوە و ھەفتانە و ڕۆژانە لە ڕێگای کەناڵە ئاسمانیەکانیانەوە جنێو بڵاودەکەنەوە، ھونەرمەندێک نوسەرێک شاعیرێک ھەر بۆچوونێکی ھەبێت کە جیاواز بێت لە بیرکردنەوە و تێڕوانینی ئەوان دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ چەندین جنێو و ئیھانە لە کاتێکدا کە زۆرترین جار کە کتێبەکە یان وتاری نوسەر یان شعری شاعیرێکیان نەخوێندۆتەوە.

ئاشکرایە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایە کە زۆر زوو کاریگەری ئاینی و سیاسی لەسەر جێ دەھێڵێت ، چونکە کۆمەڵگایەکی تائێستاش تەقلیدیمان ھەیە بۆیە ئەم جنێوە بەشێوەیەکی خێرا بەنێو کۆمەڵگادا بڵاودەبێتەوە کە ڕاگەیاندنەکانیش ھۆکارێکی سەرەکین بەتایبەت کەناڵە ئاسمانییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە تایبەت فەیسبووک چونکە لەئیستادا دەچنە ھەموو ماڵێکەوە.

لە ئێستادا چەند ھاوڕێیەکی بەڕێز سەرقاڵی دامەزراندنی ڕێکخراوێکن بەیارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی ھەوڵبدەن ڕێگا لە زیاتر بڵاوبونەوەی ئەم کەلتورە ناشرینە بگرن کە بە ناوی ئازادیەوە کە دەردێکی کوشندەی بێ ناونیشانە ھاتۆتە ھەموو ماڵێکەوە.

من پێم وایە لە ئێستادا درەنگ نیە وەک چۆن بەشێکی کۆمەڵگا توانی بەچەند ساڵێک ئەم کەلتورە بۆ مەرامی خۆی بڵاوبکاتەوە ، ئاواش بەشێکی تری کۆمەڵگا بە ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی دەتوانێت ڕێگا لە تەشەنەکردنی ئەم کەلتورە بگرێت لە پێناو ئەوەی ناکرێت نەوەکانی ئایندە چاو ھەڵبێنن لە دونیا وکۆمەڵگایەک دا ڕاستەوخۆ بەرکەوتەی لەگەڵ کۆمەڵگایەکی جنیو فرۆشدابێت.

ژیانی ئێمەش بریتی نیە لە (خەو ، ھەستان ، خواردن ، سێکس )بەڵکو بۆیە ڕێگادراوە بژین بەرپرسیارێتی لەسەر شان بگرین ، جۆرێک بژین لایەنی کەم خۆمان ئاسوودە کردبێت نەک ویژدانمان ئازارمان بدات ھیچ بەرھەم و چالاکیەکی گشتیمان نەبوبێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
09/04/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو