وتار
عەقیدەی شۆك(سەدمە) و حكومەتی هەرێم
عەدنان عوسمان

بەكورتی ئەو عەقیدەیە كار لەسەر بردنە پێشەوەی سیاسەت و بەرنامەكانی دەسەڵات (یا كۆمپانیا سەرمایەداریەكان) دەكات بەهێنانە خوارەوەی ئاستی داخوازی و چاوەڕوانی خەڵك لەرێگەی توشكردنیان بە كۆمەڵێك كێشەو قەیرانی سەخت و دژوارەوە، بەشێوەیەك توانای كاردانەوەیان نەمێنێت بۆ بەرگریكردن لەماف و ژیانیان و بە (كەم) رازی بن كە لەئاكامی ئەو سیاسەتانە دێنە پێشەوە.

لەئاستی جیهاندا لەوانەیە كەم حكومەت هەبێت بەقەد حكومەتی هەرێم، بە وردی  ئەم عەقیدەیەی پەیڕەو كردبێت!.

ئەم دەسەڵاتە لەپێناو مانەوەی خۆیی و درێژەدان بەهەژمونی رەهای، بە بەرنامەوە، ماكینەی ئیعلامی و رایەڵەی لایەنگرانی خستۆتە گەڕ بۆ بەردەوام هێشتنەوەی مۆتەكەی قەیران و ترس و دڵەراوكێ لەئەگەرەكان و ئایندە، تەنها بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتەكانی خۆیی و هێنانە خوارەوەی ئاستی داخوازی جەماوەر و هێشتنەوەیان لەنێو چاوەڕوانی و ئاستێكی نزمی گوزەراندا.

با سەیر بكەین كارنامەی ئەم دەسەڵاتە، ساڵانێكە چۆن و بە چ ئاراستەیەك كاری كردوەو ئەكات:

یەكەم: ساڵانێك خەڵكیان لەدڵەراوكێی هاتنەوەی بەعس و مەترسی بەعس هێشتەوە، بەتایبەت كە خەڵك بەعەمەلی هاتنەوەی سوپای عێراقی بینی لە ٣١ ئابی ١٩٩٦.

دووەم:دوای روخانی بەعس، هەمیشە هێشتنەوەی دۆسێی گەرمی پڕ لە ئاڵۆزیی نێوان هەولێر و بەغدا، یەكێك بو لەسیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم بۆ هێشتنەوەی دڵەراوكێی جەماوەر و بوونی مەترسی هاتنی سوپای عێراق. دەستەواژەی مەترسیەكانی سەر هەرێم و ناحەزانی ئەزموونەكەمان و دوژمنانی گەلەكەمان، بەشێكن لەو ماكێنە ئیعلامیە زیندووە.

سێیەم: خاڵێك كە دەسەڵاتی هەرێم بەردەوام كاری لەسەر كردوە، ساوایەتی ئەزمونەكە بوە! ساڵانێكە ئەم ئەزمونە ساوایەو دەبێت جەماوەر پێش دەسەڵات، دەستی پێوە بگرێت و بیپارێزێت و داواكاری زۆری لێ نەبێت و باری شانی قورس نەكات و بەو كەمەی پێی ئەدرێت رازی بێت، چونكە گوایە ئەمە حكومەتی نیشتمانیمانەو دەبێت پارێزگاری لێ بكەین.

چوارەم: لەمەسەلەی بودجەو دوا قەیرانی ئابوری و دارایی كە بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی حكومەتی هەرێمەوە هاتە ئاراوە كە گوایە ئابوری سەربەخۆمان بۆ پێكدێنن، سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمیان توشی شۆكێكی گەورە كرد. هاوڵاتیان جا چ موچەخۆران و چ كاسبكاران، چاوەڕێی ئەوە بوون باری گوزەران و ئاستی خزمەتگوزاری و قەبارەی پڕۆژەكان بگەنە رێژەیەكی باڵا كە هاوشێوە بێت لەگەڵ قەبارەی داهاتی هەرێم. كەچی حكومەتی هەرێم، بەدروستكردنی شۆكێكی ئابوری لەناكاو، سەرجەم میللەتی توشی حەپەسان كرد كاتێك بڕیاریدا هەم پڕۆژەكان رابگرێت و هەمیش موچە نەدات.

دواتر و پاش ئەو لەرزینە قوڵەی توشی جەماوەر بوو، حكومەت وردە وردە سیاسەتە فعلییەكانی پیادە كرد لەهێنانە خوارەوەی موچەی هاوڵاتیان بۆ نیوە و دواتر بۆ چارەك. لەئێستاشدا خەڵكی توشی چاوەڕوانی ئەوە كردوە كە موچەكانیان لانی زۆر وەك جاران بێتەوە.
واتە شوكرانە بێژ بن بەوەی موچەو ژیانیان وەك چەند ساڵی پێش قەیرانەكە بێتەوە!.

ئەمەش سەركەوتنێكی گەورەی دەسەڵاتدارانی هەرێمە بۆ دابەزاندنی ئاستی داخوازییە سیاسی و ئابورییەكانی جەماوەر و كورتكردنەوەی لەگەڕاندنەوەی موچە بۆ ساتەوەختی جارانی.

وەك باسم كرد، دەسەڵات لەكوردستاندا، بەهۆی لاوازی خەباتی جەماوەری و سستی لایەنە سیاسیە بەرهەڵستكارەكان و نەبوونی بەدیلی هەمەلایەنە بۆ حوكمڕانی هەرێم، توانیویەتی كار لەسەر دروستكردنی بەردەوامی شۆك و قەیران بكات و بەهۆیەوە، هەم ئاڵۆزی كۆمەڵایەتی بەرهەم بهێنێت و هەمیش داخوازی راستەقینەی جەماوەر بۆ ئاستێكی لاواز و كەم دابەزێنێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
11/04/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ