وتار
پەیامێکی برایانە
ئه‌بوبه‌كر كاروانی


بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان
خوشک و برایانی بەڕێز ..
سڵاوی خواتا لێ بێت، حەزمکرد بە بۆنەی کۆتایی ھاتنی کارەکانی حەوتەمین کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە، ھەروەک بەڵێنم دابوو کورتە پەیامێکتان لە چەند خاڵێکدا پێشکەش بکەم:
١. سوپاسێکی شایستە بۆ ھەمووخوشک و برایانی ئەندامی کۆنگرە بە تایبەتیش ئەو ئەندامانەی ‌ متمانەیان بە پرۆژەکەم بەخشی،لێرەشەوە پێیان دەڵێم دەنگەکانتان نەک ھەر بەفیڕۆ نەچوو، بەڵکو رۆژێ دێت شانازی گەورەی پێوە دەکەن، چونکە ئەوە ئێوەبوون دیواری ترسەکەتان روخاند، ئازایانە ملی رێگای گۆڕانکاریتان گرتە بەروو ئاسۆی نوێتان بەڕوودا کردەوە، کارێکتان کردو ھەنگاوێکتان نا کە مۆرکی خۆی بەسەر تێکڕای تەوژمی ئیسلامی و ئیسڵاحی کۆمەڵگەو لە دور مەوداشدا لەسەر دواڕۆژی وڵاتەکەمان دادەنێت لەو ڕوانگەشەوە کە ئێوە دەنگتان بە پڕۆژەو قەناعەتێکی فکری داوە بە دەنگدانتان لە کۆنگرەدا ئەرکتان تەواو نەبووە بەڵکو دەبێت لە ھەر پێگەو جومگەیەکی ناو یەکگرتوودا بن بەو ھەناسەو ڕوحەوە کار بکەن و بەشێکی گرنگ لە زەمینە سازکردن بۆ نوێکردنەوەی یەکگرتوو جوان ئەنجامدانی ئەرکەکانی قۆناغی ڕاگوزەری .
٢. سوپاس و پێزانینی گەرمم بۆ ئەو ھەموو گەنج و ھاوڵاتیە پەرۆشانەی لە کاتێکدا ئینتمای فکری و سیاسی جیاوازیان ھەبوو، پشتیوانیان لێ دەکردم و ھاوسۆز بوون و چاوەڕوانیان لە من ھەیە، خوا حەزکات لە داھاتووشدا لە ئاست گومانی باش و چاوەڕوانی یەکانی ئێوەی خۆشەویستدا بم، ئاماژەیەکی خێریشە بۆ تێپەڕاندنێکی زیاتری بازنە تەسکەکان و دەستکردن بە چارەسەری کێشەیەکی قوڵی ئێستای کۆمەڵگەکەمان، کەلە نەبوونی رەمزی گشتی دا خۆی دەبینێتەوە.
٣. ئەم کۆنگرە گەرچی کۆنگرەی گۆڕانکاری نەبوو، بەڵام پێم وایە بەرەنجامەکەی دەڕژێتە خزمەت زەمینە سازکردن بۆ ئەو گۆڕانکارییەی پێویستە ئەنجام بدرێت، ئەویش بەوەی کە یەکگرتوو بخرێتە دۆخێکی راگوزەریەوەو، کایە دەعەوی و پەروەردە ئاینی یەکە لە کایە سیاسیەکە جیابکرێتەوەو سەربەخۆی بکرێن و بەوەش مۆدێلێکی نوێ و گەشەکردووی خزمەتە رۆحی و ئەخلاقی و فۆرمیکی ئومێد بەخشی سیاسی تازە لەسەر ئاستی تەوژمی ئیسلامی و موحافیزەکاری گۆمەڵگە بێتە کایەوە. ئاماژەی بەڕێز ئەمینداری گشتیش ناولێنانی قۆناغی دوای کۆنگرەی بەڕاگوزەر (انتقالی)، دەرگا بە رووی تەوافقێکی نێوخۆیی بۆ گۆڕانکاری یە کە دەکاتەوەو، وادەکات دوای ئەو ژانگرتنەی دەستی پێ کردووە، کۆرپەکە بە سروشتی لە دایک بێت.
٤. ئیزافەیەکی جوانی ئەم کۆنگرە بوونی کێ بڕکێ و مونافەسەبوو لە نێوان چوار پاڵێوراودا بۆ بەدەستەوەگرتنی پۆستی ئەمینداری گشتی و تاسەربردنی پرۆسەکەو پیرۆزبایی کاندیدە دەرنەچووەکان لە کاندیدی دەرچوو، سەبارەت بە ئێمەمانان کەسەرمەشقی پێشکەش کردنی تێدایە جێگای دڵخۆشی یە، بە حوکمی ئەوەی ئەو روداوە لە ناو لایەنێکی ئیسلامی دا روودەدات و ھاوکاتیشە لەگەڵ ئەو پاشەکشە دیموکراسی یەی ھەرێم بەخۆیە دەبینێت.
ئەم جۆرە نموونانە گەر مۆمێکیش بن بۆ ئەوە گرنگن، کە وانەزانرێت کوردستانی باشور خەراباتەو گەلەکەمان توانای ھەموو دەستپێشخەری و نموونە پێشکەش کردنێکی لەدەستداوە، گرنگیشە لێپرسراو و دەزگاکانی راگەیاندنی یەکگرتوو ئەم نموونە بەھێزو لایەنەکان نەفرۆشنەوەو بەو زمانە قسە نەکەن کە ئەمە لەھیچ حزبێکی تری کوردستانی دا بوونی نەبووە، بەڵکو بە ئیجابی یەوە تەرحی کەن وەک ئاماژەیەک بۆ توانای ھێزو لایەنەکان و گەلەکەمان لە پێناو دیموکراسییەکی کامڵترو شایستەتر بە ھەموومان.
٥. سەبارەت بە ناوخۆی یەکگرتوو، کۆنگرەکە ھەندێ پەیامی گرنگ و ناسکی تێدا بوو، جۆری دەنگدان و بەرەنجامەکانی ئەوەیان خستەڕوو، کە ھێشتا یەکگرتوو خاوەنی ناسنامەیەکی یەکگرتووی ناوخۆییە، ئەوەی دەوترا دەربارەی بادینان و سۆران و دەنگە رەخنەگرەکانی ناو یەکگرتوو، بەشێکی گرنگی وەھم و جەنگی دەروونی بوو، ئەمە بەومانایە نیە، یەکگرتوو لەم روەوە کێشەی نیەو نابێت ئەمیندار و سەرکردایەتی حزبەکە کاری جدی بۆ بکەن، بەڵکو بەو مانایەیە کە دۆخی یەکگرتوو بەو جۆرە نەبوو، کە وێنا دەکرا (خواحەزکات قسەی فکریمان لەسەر ئەم خاڵە لە داھاتوودا زۆر دەبێت).
ھەرلێرەوە و سەبارەت بە براتان سڵاوێکی تایبەت بۆ خوشک و برایانی بادینان لە سۆنگەی ئەو ھەموو سۆزو خۆشەویستی و رێزەی بۆیان دەربڕین.
٦. سەبارەت بە چارەنووس و ئایندەی براتان دەمەوێت بەڕوونی پێتان بڵێم کە خۆ نەپاڵاوتنەوەم بۆ سەرکردایەتی مانای کشانەوەم لە یەکگرتوو پرۆژەکەمان نیە، چونکە پاساوەکانی مانەوەم لە یەکگرتوودا لە رابردوودا لەگەڵ بوونی سەختی دا لە ئێستادا زۆرترن، خۆنەپاڵاوتنەوەم بەشێکە لە نەخشەیەک بۆ زیاتر بەرەو پێش بردنی پرۆژەکەو گەیشتنە قۆناغی دووبارە خۆ بیناکردنەوەمان، گەرچی حزب لای من لە وەسیلەیەک بۆ خزمەتکردنی بەھا باڵاکان و ھاوڵاتیان و کۆمەڵگە زیاتر نیە، بەڵام تا ئومێدمان بەوە مابێت گۆڕانکاری و چاکسازی قوڵی نێوخۆیی ئومێدی لە بەردەمدا ماوە، (کە خۆشبەختانە لە ئێستادا ئومێدەکە زۆرتر بووە )دەست لەم وەسیلەیە بەرنادەین و رێز لە چاوەڕوانی و ھەست و نەستی براو خوشکە ھاوڕێگاکانمان دەگرین، بەڵام کاتی ئەوەش ھاتووە ئەوانیش لە قۆناغە راگوزەریە دوو سێ ساڵی یەکەدا، پشتیوانی لەپرۆژەی نوێ بوونەوەی یەکگرتوو و تەوژمی ئیسلامی بکەن، چونکە ئەوە پرۆژەی (ئەبوبکر عەلی) نیە، بەڵکو پێویستیەکی قۆناغەکەو پرۆژەی ھەموومانەو ناولێنانی ئەم خولەش بە قۆناغی راگوزەری لەلایەن بەڕێز ئەمینداری گشتی لە وتەی کۆتایی کۆنگرەدا ئەوەی خستەڕوو، دەبێت ھەموومان بۆ گێڕانەوەی ئومێد بۆ ھەزاران لاوی کچ و کوڕی نائومێدی ئەم وڵاتە لە تەوژمی ئیسلامی، بەشێ بێت لە پرۆژەی ئومێدو دووبارە بوژاندنەوەی تەوژمی ئیسلامی و گەورەکردنی و خزمەتکردنێکی گەورەتر بە کۆمەڵگە لەو رێیەوە، براتان گەرچی خۆم تەنھا بەموڵکی حزبێ نەزانیوەو نازانم، بەڵکو خۆم بە موڵکی کۆی تەوژمی ئیسلامی و ئیسڵاحی و کۆمەڵگەو گەلەکەم دەزانم، بەڵام سوپاس بۆ خوا دەشزانم چۆن یەکگرتوو بوون بخەمە خزمەت خزمەتکردنی ھەموانەوە، سروشتی یەکگرتووش لەو روەوە یارمەتیدەرە.
خواحەزکات لەم چوارچێوەیەداو لەم دووسێ ساڵەی داھاتوودا خزمەتێکی گەورەتر بەیەکگرتوو تەوژمی ئیسلامی و ئیسڵاحی و کۆمەڵگە دەکەین، بەتایبەتیش لە رووی فکری یەوە، کەبە گوێرەی ئایەتی (إِنَّ اللَّەَ لا یُغَیِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّی یُغَیِّرُوا مَا بِڕَنفُسِەِمْ) گۆڕانکاری فکریی پێشمەرج و زەرورەتی سەرجەم گۆڕانکاریەکانی ترە، لێرەشەوە دەڵێم لە سۆزە و دەربڕینە گەرمەکەی سەدان خوشک و برای دەنگدەری بەڕێز مامۆستا (ێلاح الدین) دوای پرۆسەی دەنگدان تێگەیشتم،کە ھەندێکیان بە زمان و ئەوانی تر بە ئاماژەو زمانی حاڵ وتیان ئارام بگرەو ئەم قۆناغە راگوزەریەی پێویست بوو زۆری نەماوە ئامانجەکە بێتەدی. پەیامەکەمان بە ئیجابی وەرگرت و باھەمووان پێکەوە ئەو ھەستانە بکەین بە فکرو ھەنگاوی کرداری و بەیەکەوە کارەکە ئەنجام بدەین، چونکە خەمەکە خەمی ھەموومانەو بۆ بەرژەوەندی گشتی یە. 
٧. حەزدەکەم ھەر لەم پەیامەدا قسەیەکی کورتیش دەربارەی سەرنەکەوتنی ھیچ پالێوراوێکی زانایان بکەم و بڵێم: یەکگرتووەکان دەزانن چۆن قەد‌ری زاناکان و مامۆستا ئایینی یەکانیان بگرن. ئەوەندەی من بزانم یەکگرتووەکان قەدرو رێزێکی زۆری زانایانیان لەلایە، دەنگ پێ نەدانی پێویستیشیان بۆ پاڵێوراوی زانایان نەک ھەر ئاماژە نیە بەھیچ ھەڵوێستێکی نەرێنی، بەڵکو رەنگدانەوەی ئەو رێزوخۆشەویستی یەیە، چونکە ئەوان دەزانن شوێنی زاناو مامۆستایانی ئایینی و بانگخواز میمبەری مزگەوت و، مەدرەسەو، دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و شاشەکانی تەلەفزیۆن و رادیۆ پسپۆڕەکان و، پانتایی کۆمەڵگەیە، نەک سەرقاڵ بوون بە بەڕێوەبردنی ئۆرگانی حزبی و کاروبارە رۆژانەییەکانی حزبەوە، زانایان دەبێت بەھیچ جۆرێ ھەست بە کەمی نەکەن و پەیامەکە وەک خۆی وەربگرن، قۆناغەکە پێگەیشتووەو کاتی ئەوە ھاتووە، کە کەسێتی زانایان زیاتر پارێزراو بێت و رۆڵیان زیاتربێت، ئەویش بەوەی بە گوێرەی پرۆژەی ئومێدو ھەڵسانەوە ‌بەشێکی گرنگ بن لەو تەوژمە دەعەوی یە پەروەردەیی و رۆحی یەی پێویستە دروست بکرێت و کەسێتی مەعنەوی خۆی بەدەست بێنێت.
لە کۆتاییدا داواکارم خوای گەورە ھەموومان سەربەرزبکات و بمانکاتە ئامرازی خێروچاکە بۆ خزمەتکردنی گەل و وڵاتەکەمان و بەھا باڵا ئیسلامی و ئینسانیەکان و ھەرچی پێی دەوترێ لە دادپەروەری و جوانی و راستی و پاکی و چاکسازی و کەرامەتپارێزی.
ئایندە گەش دەبینم
با پێکەوە سەیربکەین و بەشداربین لە بیناکردن و سیما پێدانی.
31/05/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ