وتار
پاکێت مەنی گەنجانە
عەدنان عوسمان

لە کابانی ماڵەوە بۆ بیمەی گەنجانە
کە باس لە دروشمی کابانی ماڵ ئەکرێت، هەندێک وەک تەنز و گاڵتەپێکردن باسی ئەکەن و هەندێکی تریش وەک پرۆژەیەکی خەیاڵی و وەهمی و ناعەمەلی. لە راستیدا گۆڕان چ ئەوکات و چ ئێستاش زۆر جدیە لەو پرۆژەیەیدا. نەک هەر ئەوە، بەڵکو یەکێکە لە باشترین و مەزن ترین پرۆژەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە دەبێت بە هەمو توانایەکەوە، لە هەرێم یا لەبەغدا، کار بۆ بەئەنجامگەیاندنی بکرێت. پرۆژەی کابانی ماڵ، ئینسانیترین پرۆژەیە کە هەم خزمەت بەو خانمانە ئەکات کە بێکارن وەیا بەهۆی جۆراوجۆرەوە لەماڵەوەن، وەیا بەهۆکاری زۆرەوە دەرفەتی کارکردنیان نابێت، بۆیە لەحاڵەتی وادا دەبێت دەوڵەت و کۆمەڵگا بەرپرسیارێتی ژیان و بژێوی و کەرامەتیان لە ئەستۆ بگرێت و زامن بکات.
بۆ ئێمەی یەکەم فراکسیۆنی گۆڕان، کارکردن بۆ سەرخستنی ئەو پرۆژەیە، شانازیەکی گەورەبوو. ئێمە نەمانئەویست ژن بێکاربکەین وەیا لەماڵەوە بیهێڵینەوە، بەڵکو دەرفەتێک بو بۆ ئەو ژنانەی تواناو دەرفەتی ئیشیان نیە، وەک هەمو وڵاتێکی پیشکەوتوی جیهان، بیمەی بێئیشیان هەبێت و ژیانێکی سەربەرزانەو بە کەرامەتەوە بەسەرببەن و لانی کەمی داخوازیەکانی ژیانیان چنگ بکەوێت و لێی سودمەند بن. ئەوانەی بە مەسخەرەو تەنزەوە سەیری ئەو پرۆژەیە ئەکەن، هەم لە مەغزاو ناوەڕۆکی ئینسانیانەی پرۆژەکە تێنەگەیشتون و، هەم بێئاگان لە سیستەمی بیمەی بێکاری کە لە جیهاندا کاری پێ ئەکرێت و، دەوڵەت ناچار ئەکات بەشێک لە داهاتەکەی بۆ ئەو کەسانەی توانای ئیشیان نیە تەرخان بکات.
ئێستاش، نەک هەر کار بۆ زیندوکردن و بەئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆژە گرنگ و پیرۆزە ئەکەین، بەڵکو کار بۆ فەراهەمکردنی موچەیەکی شیاو بۆ هەمو گەنجێکی بێکاری سەرو ١٨ ساڵ ئەکەین، جا ئەوانەی تازە زانکۆ تەواو ئەکەن و ئیشیان دەست ناکەوێت، یا هەر گەنجێکی تر کە لەسەرەتای هەنگاونانی سەربەخۆیانەی ژیاندایە. ئەوە ئەرکی دەوڵەتە کە بیمەی بێکاری بۆ هەمو گەنجێک، تا دۆزینەوەی کارێکی شیاو، دابین بکات. 
پارەی گیرفان( پاکێت مەنی، pocket money ) بۆ گەنجان، یەکێکە لە هەنگاوە پێویستەکانی کۆمەڵگای ئێمە، چونکە ناکرێت دەوڵەت ئاوا خەمسارد و بێدەربەست بێت لە ئاست ژیان و ئایندەی گەنجاندا. ناکرێ گەنجێک لە سەرەتای تەمەنی ئیشکردنیدا ناچار بە پاڵپشتی خێزان بکرێت لە روی داراییەوە.
بۆیە بەڵێ، هەم کابانی ماڵ و هەم بیمەی کۆمەڵایەتی و "پارەی گیرفانی گەنجانە" لە سەرەوەی هەمو بەرنامەکانمانەوەی
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
17/04/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123
زۆرترین بینراو