وتار
ڕیفراندۆمچی وعیراقچی شه‌ڕێكی سیاسی تر
عبدالعزیز ھەرکی

كورد له‌ناوه‌خۆییدا دووچاری په‌رته‌وازه‌یی بووه‌،بۆ چه‌ندین ده‌یه‌ ده‌ڕوات هیچ كێشه‌و نه‌هامه‌تیه‌ك یه‌كیان ناخات،هێنده‌ی ده‌نگه‌ ژیره‌كانی ناوخۆی هاواریان لێهه‌ستاوه‌ به‌سیه‌تی ئیتر واز له‌م په‌رته‌وازیه‌ بێنن كه‌چی بۆ ساتێكیش هێزه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌ڕۆكان واز له‌م دیده‌نه‌ی خۆیان ناهێنن كه‌ خویان پێیه‌وه‌ گرتوه‌ .به‌ڵكو ئێستا كار له‌وه‌ ترازاوه‌ به‌عه‌قل ولۆجیك چاره‌ی كێشه‌كان بكرێت به‌ڵكوهه‌موو هێزه‌كان خولیای ئه‌وه‌ن ئاخۆ چۆن بتوانن پێگه‌ی خۆیان به‌هێزتر بكه‌ن،به‌تایبه‌تی له‌سه‌روبه‌ندی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان وله‌دوای هۆشیار بونه‌وه‌ی هاوڵاتیان وبه‌سه‌ر بردنی 4 ساڵی ڕابردووی پڕ ده‌رده‌سه‌ری ،ونه‌هاتنه‌ دی ئه‌م به‌لێنانه‌ی كه‌ لیسته‌ ڕكابه‌ره‌كان به‌خه‌ڵكیان دابوو.
ئێستا دوای ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕێفرانده‌می ئه‌نجامدا له‌ 25-9 وچه‌ندین لێكه‌وته‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا كه‌ بووه‌ هۆی زیاتر ناهه‌موار بوونی بارودۆخی هه‌رێم ،‌به‌تایبه‌تیش كه‌ 16- ئه‌كتۆبه‌ر ڕویداوهێزه‌ عیراقیه‌كان هاتنه‌ ناو كه‌ركوك وناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی تره‌وه‌ به‌ڕێخۆشكردنی به‌شێك له‌ هێزه‌ كوردیه‌ نه‌یاره‌كانی ڕێفراندۆم،له‌م كاته‌وه‌ ئیتر كورد زیاتر وزیاتر دابه‌ش بووه‌.ئه‌م هێزانه‌ ئه‌گه‌رچی سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كانیان له‌دوا ساتدا به‌لێیان بۆ ڕیفراندۆم كردكه‌چی ئێستا وه‌كو بلێی ده‌یانه‌‌وێ تۆڵه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه‌ ،به‌وه‌ی كه‌ بیانه‌وێت سه‌ران وپشتیوانانی ڕێفرانده‌م بده‌نه‌وه‌ دادگای فیدڕالی عیراق ،بۆیه‌ ناوی ڕێفرانده‌مچیان بۆ داتاشیوه‌.ئێمه‌ له‌به‌رده‌م كێشه‌یه‌كی سیاسی نوێدان كه‌ هیچی له‌ شه‌ڕێ ناوخۆی سالانی نۆهه‌ته‌كان كه‌متر نیه‌.ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بانگه‌شه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن بێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ هه‌ر نه‌شیاوه‌و ده‌بێته‌هۆی بلاوكردنه‌وه‌ی ڕق وكینه‌،ئه‌گه‌ریش پڕۆژه‌یه‌كیان بێت  بۆ داهاتوو له‌ په‌رله‌مان بره‌وی پێ بده‌ن ، كه‌ زۆر له‌وه‌ ده‌چێ ته‌نها بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ بێت ویاری كردن به‌ ناخ وهزری خه‌ڵك .گریمان ئه‌وان ڕاست بكه‌ن ،چونكه‌ ئه‌وه‌ی دركاندویه‌تی سه‌رۆكی لیستێكه‌ نه‌ك كه‌سێكی تر،ئه‌وه‌ به‌چ لۆجیكێك خۆیان پێ ڕاسته‌ كه‌ بڕۆن پشت ببه‌ستن به‌كه‌سێكی تر له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم وهێزه‌ كوردیه‌كان بۆ سه‌رخستنی بۆچونی خۆیان ،ده‌ره‌نجامی ئه‌م كاره‌یان مه‌رگه‌ساته‌ وماڵ وێرانیه‌ بۆ هه‌موو كوردو ئه‌زمونه‌كه‌ی .
به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وش له‌بیرمان نه‌چێت له‌ناو هه‌رێمیش به‌درێژایی 27 ساڵ حوكمڕانی به‌هه‌ڵه كه‌‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌ك پێ بگات ، باكی به‌كێشه‌ی كوردو وسه‌ربه‌خۆیی وئه‌مانه‌ نه‌مێنی، به‌هۆی ئه‌م زولمه‌ به‌رده‌وامه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كوردیه‌وه‌ ده‌كرێت دوور له‌ هیچ هه‌موو یاسا وڕێسایه‌كی دیموكراتی.ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردی عه‌داله‌تێكی تێدا فه‌راهه‌م بوباوئازادیه‌كان ومافه‌كانی هاوڵاتیان بێ جیاوازی چه‌سپێنرابا ئیتر كه‌س بۆی نه‌بوو په‌نا ببات بۆ هێزی ده‌ره‌كی ،ئه‌گه‌رچی پێشتر له‌شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆی یه‌كێتی وپارتی به‌درێژایی چوار ساڵ هه‌رێم دابه‌شكراو هێزی هه‌رێمی هاتنه‌ ناو هاوكێشه‌كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌ی سیاسی وسه‌ربازیه‌وه كه‌ تا ئێستاش شوێنه‌واری ئه‌م شه‌ڕه‌ ماوه‌ودوو ئیداره‌ی به‌هه‌موو شتێكه‌وه‌ دیاره‌‌ ،هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته‌ بیانویه‌ك به‌ده‌ست ئه‌م هێزه‌ كوردیانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر له‌سه‌ر پشتی هێزی عیراقیه‌وه‌ هه‌مان ئه‌زمون دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ ،به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو هه‌وڵ وته‌قه‌ڵای ئه‌م حزبانه‌ بۆ ئه‌و بێت كه‌ هه‌رێم ناچار بكه‌ن چاكسازی بكات ودادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی په‌یڕه‌و بكات وگه‌نده‌لی نه‌هێلێی وده‌سه‌ڵاتی دوو حزب دوور بخاته‌وه‌ له‌ شێواندنی كاری حكومه‌ت ئه‌وا بێگومان مایه‌ی ده‌ستخۆشیه‌، به‌ڵام تا چ ڕاده‌یه‌ك ئه‌م ده‌ست تێوه‌ردان وهه‌وڵانه‌ سه‌رده‌گرن ودیسان به‌غدا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م فشارانه‌ی بۆ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم بۆ چاكسازی داوای چی ده‌كات ؟ئه‌وه‌ش جێكه‌وته‌ی خۆی هه‌یه‌،كه‌واته‌ باشترین ڕێگا ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌غداوه‌وله‌ناوهه‌رێمیش فشار له‌م دوو حزبه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بگۆڕن وچاكسازی ڕاسته‌قینه‌ بكه‌ن ئه‌ویش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه‌ و مه‌ده‌نیانه‌،له‌به‌غداش هه‌وڵه‌كانیان یه‌ك بخه‌ن بۆ سه‌نده‌نه‌وه‌ی مافی هه‌رێم وهه‌ر له‌وێوه‌یش فشار له‌سه‌ر هه‌رێم بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی شه‌فافیه‌ت پیاده‌ بكات.ئیتر ده‌سته‌واژه‌ی ڕیفراندۆمچی خزمه‌ت ناكات چونكه‌ له‌به‌رامبه‌ری ده‌سته‌واژه‌ی عیراقچێتی به‌كار دێت.به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنه‌و تاوله‌رزی هێناوه‌ته‌ هه‌ندێ هێز وناچار هه‌موو كارتێك به‌كار دێنن بۆ پارێزگاری كردن له‌ پێگه‌ی خۆیان.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
25/04/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو