وتار
تورکیا‌و ھەڵپەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت
فەرید ئەسەسەرد

لە تورکیا بڕیار درا دوو مانگی تر ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمان ئەنجام بدرێ. ئەم بڕیارەی ئەردۆغان زۆر لێکدانەوەی بۆ کرا. بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی کە باوە، بڕیارەکە پێشبینیکراو بوو. ئەوەی کە لە بڕیارەکە پێشبینی نەکرابوو، ئەوەیە کە ھەڵبژاردن دوو مانگی تر بەڕێوە بچێ. ھەڵبژاردن نزیکەی ساڵ ‌و نیوێکی ماوە، بۆیە پێشبینی دەکرا ساڵێک پێش بخرێ ‌و لە کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێ.

شرۆڤەکارانی تورک سەریان لە بڕیارەکە سوور ماوە. شرۆڤەکاری سیاسی محەمەد زاھید گول کە لەسەر پارتی دەسەڵاتدار حیساب دەکرێ، کاتێک پرسیاری لێ کرا ھۆی پێش خستنی کاتی ھەڵبژاردن چیە، وەڵامی پێ نەبوو. وتی تورکیا « لە دۆخێکی نائاساییدایە» ‌و پێویستی بە ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە، بەڵام مانای دۆخی نائاسایی روون نەکردەوە. لە تورکیا ئەردۆغان دەسەڵاتی تەواوی سەرۆکایەتیی ھەیە، حزبەکەشی بە ھاوکاریی مەھەپە ھەژمونی بەسەر پەرلەماندا سەپاندووە، دامەزراوەی سوپاش کۆنترۆڵ کراوە و ئۆپۆزیسیۆنیش مایەی مەترسی نییە. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە: لە دۆخێکی وا دا چ پێویست بە ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکا؟

دەکرێ بەمجۆرە وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە کە تورکیا نیگەرانە لە پێشھاتەکانی ئایندەو حزبی دەسەڵاتدار دڵنیا نییە لە کونترۆڵ کردنی رەوتی روداوەکان تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٩، بۆیە بە گونجاوی زانیوە ھانا بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت ببا، بەتایبەتی کە لەم ماوەیەدا سەرکەوتنی تورکیا لە عەفرین کێرڤی حزبی دەسەڵاتدار‌و خودی ئەردۆغانی بەرز کردۆتەوەو گەرەنتییەک نیە کە ئەم کێرڤە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ بە بەرزی بمێنێتەوە.

تورکیا لە چی نیگەرانە؟ ئەوەی زۆرتر رێی تێدەچێ ئەوەیە کە تورکیا لە دوو مەسەلە نیگەرانە. یەکێکیان پەیوەندیی بە دۆخی سوریاوە ھەیە. لە مەسەلەی سوریا، تورکیا ھاوپەیمانی روسیا و ئێرانە. بەڵام مەسەلەی سوریا خەریکە بە قازانجی رژێمی ئەسەد کۆتایی دێت، بەتایبەتی لەو رووەوە کە رژێمی ئەسەد خەریکە ناوچە دوای ناوچە لە ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن پاک دەکاتەوە. ئەمەش وا دەکا کارتی ئۆپۆزیسیۆن کە بارەگاکەی لە ئەستەمبولە بسوتێ. ھەروەھا تورکیا خەریکە گومان لە بەردەوامبونی ھاوپەیمانی لەگەڵ روسیا پەیدا دەکا. سەرەتای گومانەکەش لەوە دەستی پێ کردووە کە روسیا دەیەوێ تورکیا عەفرین رادەستی ھێزەکانی رژێمی ئەسەد بکاتەوە. لەلایەکی ترەوە، تورکیا دڵنیایە کە ئەمریکییەکان ‌و فەرەنسییەکان نایەڵن بچێتە ناو منبج، ھەروەک دەشزانێ ئەمریکییەکان داوایان لە سعودیە و ئوردون و میسر کردووە ھێز بۆ باکوری سوریا بنێرن.

نیگەرانیی تورکیا بەخۆڕایی نییە. لێدوانی ئەم دواییەی جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگی ریابکۆڤ سەبارەت بە ئەگەری پارچە پارچەبونی سوریا، تورکیای تۆقاند چونکە پارچە پارچەبونی سوریا بۆ تورکیا کارەساتێکی گەورەیە. پاش ئەم لێدوانە، کاربەدەستانی روس قوڕ‌و قپیان لێ کرد. رەنگە ھەر ئەوەیان بەلاوە گرنگ بوو بێ کە پەیامێک بگەیەنن بە ئەنکەرە. ھەر لەم چوارچێوەیەشەدا رۆژنامەی «سڤۆبۆدنایا پریسا» ی روسی لە وتارێکدا کە زائور کارایێڤ نوسیویەتی ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەگەر شەڕ لەنێوان روسیا‌و رۆژئاوا بەرپا بێ، تورکیا پشتگیریی رۆژئاوا دەکا. ئەم جۆرە وتارانە رەنگدانەوەی کەش‌و ھەوایەکی پڕ گومان و دڕدۆنگین لەنێوان روسیا‌و تورکیا‌و رەنگە ئەو گومان‌و دڕدۆنگییە لەداھاتوودا پەرە بسێنێ.

ئەمە رونی دەکاتەوە کە ئەنکەرە لەپێشھاتەکانی داھاتوی مەسەلەی سوریا نیگەرانە و پێی وایە رەنگە تورکیا بە دەستبەتاڵی لە مەسەلەکە دەرچێ، یاخود ھیچ حیسابێک بۆ بەرژەوەندییەکانی نەکرێت. ئەگەر رەوتی روداوەکان بەم ئاراستەیەدا بچێ، حزبی دەسەڵاتدار جەماوەری خۆی لە دەست دەدا‌و لە ھەڵبژاردن دەشکێ.

مەسەلەی دووەم کە تورکیا زۆر لێی نیگەرانە، مەسەلەی ئابورییە. دۆخی ئابوریی تورکیا بەھۆی دەستێوەردانە سوپاییەکانی تورکیا لە عیراق‌و سوریا، زۆر خراپ لەسەر ئابوری شکاوەتەوە. دۆخی خراپی لیرەی تورکیا رەنگدانەوەی باری خراپی ئابورییەکەتی. بەدرێژایی زیاد لە دە ساڵ، ھیچ کات بەقەد ئێستا، لیرە ئەوەندە بەرامبەر بە دۆلار نەشکاوە. لەماوەی دوو ساڵی رابردوو، لیرە سێیەکی بەھای خۆی لەدەستدا‌و کار گەیشتە ئەو رادەیەی کە بانکی ناوەندی ناچار بێ سنورێک بۆ لەدەستدانی بەھاکە دابنێ.

رەنگە حزبی دەسەڵاتدار ترسی ئەوەی لێ نیشتبێ کە لیرە لە داھاتوو رووی لە شکانی تر بێ کە بەدڵنیاییەوە ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر رێژەی ئەو دەنگانە دەبێ کە حزبی دەسەڵاتدار لەھەڵبژاردندا بەدەستی دێنێ. بەڵام دەشێ ھەڵبژاردنی پێشوەخت زیانەکە کەم بکاتەوە، بەتایبەتی کە بۆرسەی تورکیا نیشانی داوە کە راگەیاندنی بڕیاری ھەڵبژاردنی پێشوەخت نەختێک لاسەنگییەکەی کەم کردۆتەوەو وای کردووە دۆلار کەمێک پاشەکشە بکا‌و لە ٤,١٠ لیرەوە ببێ بە ٤,١ لیرە، ھەرچەند دەشێ ئەم پاشەکشەیە کاتی بێ.

گەشبینترین راپرسی کە لایەنگرانی ئەردۆغان بڵاویان کردۆتەوە، نیشانی دەدا کە ئەردۆغان‌و حزبەکەی رێژەی ٥٥% بەدەست دێنن. سەرەڕای ئەو گەشبینییەی کە ھێشتا ماویەتی بچەسپێ، بڕیاری ھەڵبژاردنی پێشوەخت خۆی لەخۆیدا دەشێ سەرکێشییەکی نامسۆگەر بێ، چونکە لە دۆخێکی ئاڵۆزی وەک ئەوەی کە تورکیا لەسەر ئاستی ناوەوەو دەرەوە پێیدا تێدەپەڕێ، بڕیارێکی وەک ھەڵبژاردنی پێشوەخت وەک بڕیارێکی چارەنوسسازی لێ دێ کە ئەوندەی رەنگدانەوەی نیگەرانییە لە ئایندەو لە ھەڵبەز‌و دابەزی سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەوەندە رەنگدانەوەی متمانەو بڕوا بەخۆ نیە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
25/04/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123
زۆرترین بینراو