وتار
پێویستە یەکێتی چی بکات ؟
زیدان تەها

وا خەریکە نزیک دەبینەوە لەهەڵبژاردن و کاتەکان وردە وردە تێدەپەڕێت و دەچینە قۆناغێکی هەستیارەوە ، ئەمەش دوای ئەوە دێت کەلەم کابینەیەدا و ئەم چەندساڵەدا کێشەگەلێکی سەخت و دژوار بەرۆکی عێراق و بەتایبەت هەرێمی کورستانی گرتبووەوە ، لەلایەک شەڕی تیرۆر و داعش لەلایەکی ترەوە قەیرانی ئابووری و ناجێگیری نرخی نەوت و لەدەستدانی دوو کاراکتەری سیاسی کورد کەجێگەو پێگەی دیاریان لەناخی خەڵکدا چەقاندبوو ئەوانیش مام جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان موستەفا ، کەئەمەش کابینەیەکی پڕاوپڕ لەکێشە و نەهامەتی بوو ، ئێستاش پەلکێشمان دەکاتە ناو فەزایەکی دژوارەوە ئەویش هەڵبژاردنە .


لێرەوە دێینەوە کڕۆکی باسەکە ئەویش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هەڕەشەکانی بەردەمی بۆ هەڵبژاردن ، ئەویش دوای ئەو کۆمەڵە ڕووداو نەهامەتیانە دێت کەبەسەر هەرێم و حیزبەکەدا هاتووە یەکێتی دەخاتە بەردەم کۆمەڵە مەترسیەکەوە ، بەتایبەت دوای شەڕ و ململانێ چەکداریەکانی تیرۆر  ، قەیرانی ئابووری ، لەدەستدانی ڕابەری حیزبەکە ، شکستی ڕیفراندۆم ، ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر ، نەبەستن و دواخستنی کۆنگرەی حیزبەک ، وەلەهەمووی گرنگتر جیابوونەوەی باڵێک بەناوی هاوپەیمانی لەلایەن دکتۆر بەرهەم ساڵحەوە و دروست بوونی چەند لیستێکی نوێ لەسەر سنوور و زۆنگی سەووز ، کەئەم ڕووداوانە ڕووبەڕوی ئەم حیزبە بووەتەوە ئایا دەتوانێت ڕووبەڕوی بێتەوە ؟ ئەمە پرسیارێکە تا ڕادەیەک وەڵامدانەوەی قورس و ئاڵۆزە ، بەڵام دەتوانیت بڵێن بەڵێ و نەخێر ، چونکە حیزبێک کەماوەی چل و دوو ساڵە بەردەوامە لەخەبات و شۆڕش و ڕاپەڕین و ڕاماڵینی حیزبی تۆتالیتاری بەعس و بەرپەرچدانەوە بەرانبەر گیانی شۆڤینیەتی عەرەب ، ئەو هەموو کارەسات ئامێزانەی تێپەڕاندبێ ، دەتوانێت ئەم دۆخە تێپەڕێنێت ، بەڵام کەدەڵێین نەخێر ئەمە گریمانەیەکی لاوازە ، گریمانەکەش لەبەر ئەوەی تا هەنووکە خاوەن خیتابێکی سیاسی یەکگرتوو نین بۆ ئەوەی بتوانن بڕیاری چارەنوسساز لەبارەی ئەم کێشانەوە بدات و پڕۆگرام و ستراتیژێکی تۆکمە بخاتەڕوو بۆ ڕووبەڕو بوونەوەی مەترسیەکانی حیزبەکە .


بۆ زیاتر گرنگیدان بەچۆنیەتی ڕووبەڕو بوونەوەی بەرانبەر مەترسیەکان ، پێویستە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک هەر حیزب و قەوارەیەکی تر و پێویستی هەڵبژاردن ، بکەوێتە خۆی و خۆی توندوتۆڵ بکاتەوە و سەرجەم دەنگە ناکۆکەکانی ناو یەکێتی کۆبکاتەوە ، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بەتایبەت کەلە غیابی سەرکردەی حیزبەکەوە بەشداردەبن ، بەگڕوتینێک و بەرگێکی نوێوە بێتەوە مەیدانی هەڵبژاردنەکان ، بۆئەوەی ببێتەوە بەیەکێتیەکی چەپکەگوڵەکەی مام جەلال ، جێگەی نکۆڵی لێکردن نیە یەکێتی بەپێی ئەو تێکۆشانەی کردویەتی بەرپرسیاریەتی وەرگرتووە لەئەزموونی حکومەتدا هەر سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان تا دەگاتە دەسەڵاتە خۆجێیەکانیش بۆیە ئێستاش دەبێ بەرانبەر پشکی ئەو بەرپرسیاریەتیە کاردانەوەی بەرانبەر هاوڵاتیان هەبێ ، بەڕەخنە لەخۆگرتن و ڕەخنە هەوڵی بەخۆداچوونەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان بدات نەک پاساوهێنانەوە بۆ هەڵەکان ، چونکە بێگومان هەڵە لە ئەدا و سیاسەتی هەموو حیزبێکدا هەیە بەڵام دواجار براوە ئەوەیە کەخۆی لەبەردەم ڕەخنەی گەلەکەیدا ببینێتەوە نەک خۆشاردنەوە و هەڵنەگرتنی بەرپرسیاریەتی ، کابینە یەک لەدوای یەکەکان بێ هەڵە نەبوون بەڵام کێشەکان وەک بۆمبێک بەسەر ئەم کابینەیەدا شکایەوە ، وەک چاودێران و توێژەران دەڵێن ئەم کابینەیە بەقەرزێکی زۆری حکومەت وکێشەگەلێکی زۆرەوە ڕادەستی ئەم حکومەتە کراوە ، کە ئێستاش بوون فریشتە وفریادڕەسی حوکمڕانی و نەیتوانی لەکابینەکانی پێشوودا ژێرخانێکی ئابووری پتەو بونیاد بنێت و کێشەکان بەم شێوە تەقیەوە .




خولاسە بێینە سەرئەوەی دروستبوونی قەوارەی تازە و مەترسی کەمکردنی دەنگەکانی یەکێتی ، گەر ئەم زەمینەی باسمانکرد ڕەخسا ئەوا کەمکردنی ڕێژەی دەنگەکان ئەگەرێکی لاواز دەبێت ، وەئەگەر ئەو زەمینەسازیەش نەکرا ئەوا هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ئەزموونی حیزبکەو بیگرە سنووری سلێمانی دروست دەبێ ، دروستبوونی ململانێ و دروستبوونی قەوارەی نوێ لەناو فەلسەفەی سیستەمێکی دیموکراسیدا کارێکی زۆر نۆڕماڵە بەڵام ئەوە جێگەی تێڕامان و پرسیارە ئەوەیە لەزۆنگی زەردا هیچ قەوارە و لیستێک دروست نابێ ، زۆرینەی قەوارە و لیستەکان لەسنووری سلێمانی دروست دەبن ئەمەش جۆرێک هەیکەلی دیمووکراسیانەی پێوە دەبینرێ ، بۆیە بەکەمکردنی ڕەێژەی دەنگەکانی یەکێتی ، ئەزموونی ئەم ناچەیە دەکەوێتە مەترسیەوە ، چونکە مامەڵەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتیدایە ، بەهۆی ئەوەی هاوخەبات و زیاتر لێک نزیکبونی ئەدای سیاسیانەوە ، بەڵام بەم شێوەیە دەبێتە هۆی ڕەهای زیاتر بوونی دەسەڵاتی پارتی بەسەر هەرێمەکەوە و ئەزموون و حوکمڕانی سلێمانیش دەکەوێتە مەترسیەوە و یەک هەڵوێستی لەدەست دەدات و ناتوانێت خاوەن خیتابێکی سیاسی یەکگرتوو بێت ، بۆیە هەڕەشەکە تەنها لەسەر یەکێتی نابێ بەڵکو هەڕەشەکە لەسەر سنووری سلێمانیش دروست دەبێت ،  چونکە دەبینین سنووری سلێمانی لەم ماوەی تەمەنیدا بەهۆی عەقڵیەتی تەسکی حیزبیەوە ، نەیتوانیووە لەڕووی شارستانیەوە پەرەی زیاتر بەشارەکە بدەن ، سلێمانی بووەتە قوربانیدەری ململانێی سیاسی لایەنەکان .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
10/05/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ