وتار
پارتی جارێكی تر سەلماندی یەكەمی بێ ڕكابەرە
محەمەد عەلی

ئەو سەركەوتنەی پارتیمان لە هەڵبژاردنی ۲٠۱۸/٥/۱۲ بە دەستی هێنا، بە ئاسانی و سادە نەبوو، بەڵكوو هەڵوێستە مێژوویی، نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی و فۆڕمی مامەڵەی دروستی بوو لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكاندا و، ئەمەش وای لە كوردستانیان كرد جارێكی تر متمانەی پێ ببەخشنەوە. 

بە جۆریك، تەنیا پارتی بوو نەیهێشت قەوارەی سیاسیی كوردستان لەبار بچێت و كوردستانی بەدوور گرت لە شەڕێكی تری ناوخۆیی، ئەمە جگە لەوەی پێگەی كوردستانی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بەهێزتر كرد. 

دواتر لە كاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەكانی بانگەشەدا، بە شێوەیەكی سەردەمیانە و دوور لە ئاژاوە و ژاوەژاو، پرۆسەی بانگەشەی بەڕێوە برد و تیمێك لە كادیرانی دڵسۆز و خاوەن بڕوانامە و ئەكادیمیی، بۆ ئەو مەبەستە ئامادە كردبوو. 

لە ڕاستیدا، وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، بە هەموو شێوەیەك خۆمان بەدوور گرت لە بەڵێنی بێبنەما و درووشمی بێ كردار بۆ جەماوەری خەڵكی كوردستان، ئەوەی دووپاتمان كردەوە، سووربوونمان بوو لەسەر هەقی بڕیاردانی چارەنووس و دەستكەوتی زیاتر بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان. 

ئێمە، بە كردار تەواوی ئەو بۆچوونە هەڵانەی بەرامبەر پارتیمان هەبوو، ڕەواندەوە سەبارەت بە بەرتەسكبوونی ئازادی بە واتا گشتییەكەی، یاخود رێگریكردن لە بانگەشەی لیستەكانی تر، بەڵكوو هەموو لیست و بەربژێرەكانی قەوارە سیاسییە جیاوازەكان، بە ئازادانە بانگەشەیان بۆ خۆیان كرد. 

نەك هەر ئەوە، بگرە لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنیشدا، جارێكی تر سەلماندمان پارتێكی چەندە دیموكرات و كراوەین، بە جۆریك خەڵك بە شێوەیەكی زۆر ئازادانە و دوور لە هەر فشارێك توانی دەنگی خۆی بدات و كەمترین سكاڵاش لەسەر سندووقەكانی دەنگدان لە هەولێر و دهۆك هەیە. 

هەر ئەمەش بوو وای كرد، دواجار جەماوەر پاداشتی پارتیمان بداتەوە، بە جۆریك دووبارە متمانەی دایەوە پارتیمان و سەلماندیان پارتی حیزبی یەكەمی بێ ركابەرە و هەر واش دەمێنێتەوە، لە هەمان كاتدا ئەركی پارتی لە داهاتوودا زۆر زیاتر و قورستر بوو و، دەبێ لە ناوخۆدا كار بۆ دروستكردنی تیمێكی كوردی یەكگرتوو و بەهێز بكات و لە بەغداش هەوڵی بەدەستهێنانی گشت ئەو مافە دەستووریانە بدات كە تاكوو ئێستا بەدەست هاتوون.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
16/05/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ