وتار
باشترين بژارده‌ى كۆمه‌ڵى ئيسلاميى كوردستان
شوان هه‌ورامی


له‌دواى ئه‌م گه‌مه‌و سيناريۆ ئابڕووبه‌رانه‌يه‌ى ناوى نرا بوو هه‌ڵبژاردن ، باشترين هه‌ڵوێست بۆ كۆمه‌ڵى ئيسلاميى كوردســـتان و ئه‌وه‌ش كه‌ تا سه‌ر هاوڕێى ده‌بێت ، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ له‌م قۆناغه‌دا رێز له‌ ده‌نگى ده‌نگده‌رانى بگرێت و ئه‌و ساخته‌كاريي و ساخته‌چێتيه‌ى جووت حيزبه‌كه‌ قبوڵ نه‌كات , با ئه‌وان به‌رپرسيارێتيى ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ڵگرن , كه‌ دياره‌ له‌ 27 ساڵى رابردوودا چۆن ره‌فتاريان كردووه‌و كورديان ماڵوێران كردووه‌ , هۆكارى ئه‌م بۆچوونه‌شم ئه‌م چه‌ند خاڵه‌يه‌ :
1. وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێت كۆميسيۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ خۆى به‌شداره‌ له‌م ساخته‌كارييه‌دا , چونكه‌ تا ئێستا نه‌ بۆ كه‌ركوك و نه‌ هه‌رێمى كوردستان و نه‌ سه‌رانسه‌رى عێراق , كۆميسيۆن نه‌ك بڕيارى به‌ قازانجى شه‌فافيه‌ت نه‌داوه‌ , به‌ڵكو سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان , ته‌نانه‌ت ئه‌و ليژنه‌يه‌ش كه‌ هاتبووه‌ كه‌ركوك گه‌ڕايه‌وه‌ به‌غداو هيچ بڕيارێكى نه‌دا , كه‌واته‌ چاوه‌ڕێ ناكرێت به‌ قازانجى ده‌نگى جه‌ماوه‌ر بڕيارێك بدرێت .
2. ئه‌م قۆناغه‌ قۆناغى " دۆناڵد ترامپ " ه‌ , واته‌ قۆناغى ســته‌مكاريى و پشتيوانيى له‌ ديكتاتۆران و دژايه‌تيى ئيسلام وه‌كو ئاين و موسوڵمانان وه‌كو پێكهاته‌يه‌كى كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤايه‌تيى , قۆناغى ترامپ قۆناغى هه‌تكى ئه‌و ديموكراسيه‌ته‌يه‌ كه‌ ئه‌وان بانگه‌شه‌يان بۆ ده‌كرد كه‌ گوايه‌ به‌ دياريي ده‌يهێنن بۆ گه‌لانى ناوچه‌كه‌ ، ئه‌م قۆناغه‌ واته‌ قۆناغى په‌شيمان بوونه‌وه‌ له‌ رێكه‌وتنامه‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كان و دژايه‌تيي ئه‌و بڕيارانه‌ش كه‌ ئه‌مه‌ريكا بۆ خۆي له‌ 70 ساڵى رابردوودا له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسايش دا ده‌نگى بۆ داون , له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌دا هه‌ر كه‌سێ دژى رژێم و پێكهاته‌ ديكتاتۆره‌كان بێت واته‌ دژى سيستمه‌ سه‌رمايه‌دارييه‌كه‌ى ترامپ و مۆدێله‌كه‌يه‌تيى , له‌ كوردستانيش ته‌نيا جووت حيزبه‌كه‌ن ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ى سيستمى ترامپ و خواسته‌ سه‌رمايه‌دارييه‌كانى وه‌كو گه‌وره‌ سه‌رمايه‌دارى جيهان , كه‌ پۆستى سه‌رۆكى گه‌وره‌ترين زلهێزى جيهانى داگير كردووه‌ , ئه‌وه‌ بوو ترامپ وه‌كو يه‌كه‌مين سه‌رۆكى جيهان پيرۆزبايي له‌و ساخته‌كارييه‌ كرد !!
3. ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ى هه‌رێمى كوردستان په‌يوه‌نديي گوماناوييان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌دا هه‌يه‌ , مه‌حاڵه‌ ئه‌وان رێگه‌ بده‌ن ئه‌م خزمه‌تكارانه‌يان لابدرێن به‌ قازانجى ئه‌وانه‌ى كه‌ خزمه‌تكارى گه‌ل و نيشتمان بن . 
4. هێزى كۆمه‌ڵ له‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌يدايه‌ , نه‌ بيره‌ نه‌وت و تانكه‌رى قاچاغى هه‌يه‌ و نه‌ په‌يوه‌نديى گوماناويى , بۆيه‌ نابێ بچێته‌ ژێر بارى ئه‌و گه‌مه‌ قێزه‌ون و ئه‌و خيانه‌ته‌ نيشتمانيه‌ى به‌رانبه‌رى ده‌نگى ده‌نگده‌رانى كراوه‌ , دنيا وێران نابێت نوێنه‌رانمان نه‌چنه‌ په‌رله‌مانى به‌غدا , با به‌ به‌غدا نشينان و هه‌موو عێراقيه‌كانيش نيشان بده‌ين ئێمه‌ رێز له‌ ده‌نگده‌رانمان ده‌گرين و ناچينه‌ ژێر بارى ئه‌م خيانه‌ته‌ گه‌وره‌يه‌ . با ئه‌وانه‌ى به‌درۆ باسي سه‌ربه‌خۆيى و شه‌ڕى ده‌ستوور ده‌كه‌ن نيشانمان بده‌ن به‌بێ نوێنه‌ره‌ راسته‌قينه‌كان چ پياوێكن ؟!
5. مه‌لا به‌ختيار قسه‌يه‌كى زۆر راستى كرد كه‌ وتى يه‌ك كورسييش بهێنن له‌ ده‌سه‌ڵات دانابه‌زن , چونكه‌ ئه‌مانه‌ كت و مت هه‌ر له‌هه‌مان سيستمى باشوورى خۆرئاواى كيشوه‌رى ئاسيان , ئه‌مانه‌ نه‌ك ئيراده‌ى ده‌ستاوده‌ست كردنى ده‌سه‌ڵات و به‌ دامه‌زراوه‌يي كردنى هه‌رێميان نيه‌ , به‌ڵكو ســوورن له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ى ئه‌و مۆدێله‌ ئابڕوو به‌رانه‌يه‌ى كه‌ 27 ساڵه‌ ئه‌م وڵاته‌ى پێٍ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن و تووشى نه‌هامه‌تيى ده‌كه‌ن , ئه‌مانه‌ ته‌نيا له‌رێگه‌ى شۆڕش و راپه‌ڕينه‌وه‌ له‌سه‌ر كورسى ده‌سه‌ڵات لاده‌برێن , وه‌كو شۆڕشه‌ پرته‌قاڵيه‌كه‌ى ئۆكرانيا , كه‌ يه‌كه‌ يه‌كه‌ى گه‌نده‌ڵكارانيان خسته‌ ناو حاويه‌ى خۆڵ و خاشاك . له‌مێژوودا رووي نه‌داوه‌ ديكتاتۆران و تاغوتان به‌ ئاشتيانه‌ كورسى ده‌سه‌ڵاتيان چۆڵ كردبێت !! 
كۆمه‌ڵى ئيسلاميى نابێ زۆر هيوا له‌سه‌ر هاوپه‌يمانێتيى شه‌ش قۆڵيى هه‌ڵچنێت , هاوپه‌يمانێتيه‌كانى رابردوو باشترين به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌كرێ يه‌كه‌ يه‌كه‌ رازيي بكرێن به‌ ده‌سكه‌وتى بچووك , بۆيه‌ باش وايه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ سه‌ركردايه‌تيى كۆمه‌ڵ خۆي يه‌كلايى بكاته‌وه بۆ بڕيارێكى بوێرانه‌‌ .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
16/05/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ