وتار
دوای ساڵێک بێ نەوشیروان مستەفا چی گوزەرا؟
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

ساڵێکی رۆژژمێرییە سەرکردەی دوربین، بەئاگا، مێژویی نەوشیروان مستەفا ئەمین رێکخەری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێک لەسیاسیە هەرە دیارەکانی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد کۆچی دواییکردوە، و بەکۆچکردنیشی بۆشاییەکی گەورەی دروستکرد لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی .
لەدوای ساڵێک بەسەر کۆچی نەوشیروان مستەفادا سێ روداوی گرنگ و گەورە رویانداوە کە هەم خاک و خەڵکی کوردستانیان توشی تەنگەژەو قەیرانی گەورەکرد، و هەم ناووناوبانگی هەرێمەکەشیان لەکەدارکردو نیشانەی گەورەی پرسیاریشی لەسەر ئەزمونەکەی دروستکرد، کە بریتین لە:

ــ دەسەڵاتدارانی هەرێم بێ هیچ ئامادەکاری  و زەمینەسازییەکی سیاسی، کارگێڕی، دارایی، یاسایی، سەربازی و تەنانەت کۆمەڵایەتیش، هێشتا چلەی نەوشیروان مستەفا نەچوبو، کەچی وەک بڵێیت بەهەلیانزانیبێت بڕیاری ئەنجامدانی پرۆسەی  ریفرا‌ندۆمیاندا و رۆژی (25-9-2017)شیان دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم، کە هەردوای پرۆسەکە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە چەندین رێوشوێنی توند لەبەرامبەر هەرێم گیرانەبەرو هەرێمی بۆ چەندین ساڵ گەڕاندەوە بۆ دواوە، ئەمە جگەلەوەی لەلایەن وڵاتانی دونیاو دۆستانی گەلەکەمانەوە هەمو لێکەوتە خراپەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان بە بەرپرسانی هەرێم وت، بەڵام نەگوێ لەوان گیراو نە حسابیشیان بۆ رای پارتە سیاسیەکانی هەرێم کرد لەوبارەیەوە بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان کە دوەم هێزی سیاسی هەرێم بو. پرۆسەکە کرا بەڵام هێندە لێکەوتەی خراپی بەدوای خۆیدا هێنا کە بەچەندین ساڵی تر ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە دۆخی جارانی.

ــ لەدوای بیست رۆژبەسەر ریفراندۆمەکەی کە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بڕیاریان لێدابو، خاک و خەڵکی کوردستان روبەڕوی گەورەترین کارەسات و ماڵوێرانی بونەوە، و لە (16-10-2017) کە بەشازدەی ئۆکتۆبەر ناسراوە لەماوەی کەمتر لە (24)سەعاتدا زیاتر لەنیوەی خاک و خەڵکی کوردستان رادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کرانەوە لەکاتێکدا زۆربەی ئەو شوێنانە پێشمەرگەکانی کوردستان بەگیان و خوێنی خۆیان رزگارییان کردبو.

ئەم روداوە بێ متمانەییەکی گەورەی دروستکرد لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و خەڵکی ناوچەدابڕێنراوەکان، ئەمەجگەلەوەی بوە هۆی ئاوارەیی و ماڵوێرانیەکی گەورە بەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچە دابڕێنراوانە،و ئاسایی بونەوەی دۆخی ئەو ناوچانە وەک خۆی زیاتر لەمەحاڵەوە نزیکە.

ــ دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ بڕیاردان بۆ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (12)ی ئایاری (2018) بەزویی و بەهەڵەداوان کەوتنە خۆئامادەکردن و خۆکۆکردنەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەوعێراقەی کە خۆیان وتەنی بودجەی هەرێمیان بڕیوە، دەستورییان پێشێلکردوەو پێکەوە ژیان لەگەڵیدا بۆتە ئەستەم و... زۆر ناووناونیشانی تریش.

بەوەشەوە نەوەستان و لەپێناو بەدەستهێنانی کورسی زیاترو پێگەی گەورەتر لەو عێراقەدا گەورەترین ساختەکارییان کرد بۆ دزین و بردنی دەنگی پارت و لایەنەکانی تری هەرێم, چونکە جوت حیزب دەیانزانی تەمەنی سیاسیان لەکۆتایی نزیک بۆتەوەو ئیتر زۆرینەی خەڵکی بەزوڕنای ئەوان هەڵناپەڕێت و نایانکەنەوە بەنوێنەری راستەقینەی خۆیان.

دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە کاتێ کە بڕیاری ریفراندۆمیاندا دروشمی بای بای عێراقیان بەرزکردەوەو خۆیان وتەنی تازە عێراقیان تەڵاقدا، کەچی دوای چەند مانگێک بەقودرەتی قادر ئەو عێراقەی بای بایی لێدەکرا، لەکاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەر لەلایەن ئەم دەسەڵاتدارانەوە یەک دونیا گزی و فزی و دزی سەردەمیانەیانکرد تاکو کورسیەکی زیاتر بەدەستبهێنن بۆگەڕانەوەو باوەشی عێراقی لای خۆیان تەڵاقدراو.

تەنانەت هێندە تەزویرات و گزی ئەلیکترۆنی کرا کە پێشنیارکراوە ئەم خولی چواری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە ناوبنرێت خولی چوارەمی ئەلیکترۆنی.

ماوەتەوە بڵێین لەدوای کۆچی نەوشیروان مستەفا بەساڵێک روداوگەلێک لە هەرێمدا رویاندا کە جگەلەوەی هەرێم و ئەزمونەکەی گەڕاندەوە بۆ دەیان ساڵی تر، دۆخێکیشیان دروستکرد کە مرۆڤەکانی ناوی نە هەست بەئارامی دەکەن نە دڵنیان لەئایندەی خۆشیان، چونکە لەهەرێمێکدا ژیان دەگوزەرێنن کە دەسەڵاتدارەکانی ناوی بۆ ریفراندۆم و جیابونەوە لەعێراق گزی و فزی و ساختەکاری بێ وێنەو بێ شومار دەکەن، و بۆ گەڕانەوەو باوەشییشی گزی و ساختەکاری ئەلیکترۆنی دەکەن.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
20/05/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ