وتار
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ٢٠١٨ عەبادی باجی گەندەڵی دا
بورهان ڕەئوف



ئەگەرچی حەیدەر عەبادی و لیستەکەی بۆ ھەڵبژاردنی گشتی عێراق بە ناوی لیستی  سەرکەوتن (النێر) ناوەزەد کردبوو، بە پشتبەستن بەو سەرکەوتنانەی کە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کورد و ھەموو ھێزەکانی تری عێراق و بە کۆمەکی ئێران بەسەر داعشدا بەدەستی ھێنا بوو، لە ھەمان کاتدا لێدوانەکانی بۆ لەناوبردنی ھەوڵی جوداخوازەکان، کە مەبەستی ڕیفراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان بوو، کە خۆی لە گێڕانەوەی کەرکوک و ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و خۆنمایشکردن وەکو پاڵەوانی سەرکەوتووی دوو جەنگ؛ تیرۆر و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق .

بەڵام ھەر دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان دەرکەوت ئەو دروشم و بانگەشانە فریای عەبادی نەکەوتن، ھەرچەندە لەلایەن ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی لێدەکرا، سەرەڕای ئەوەی ھەوڵی دابوو لیستەکەی سنووری تائیفیەت و ئیتنیک تێپەڕێنێت بە بەشداریکردنی سونە و شیعە و کورد و تورکمان، کەچی نەبووە ھێزی یەکەم و (لیستی سائیروون)ی موقتەدا سەدر و (لیستی فەتح)ی ھادی عامری کە ھەموو باڵەکانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێ پێشی کەوتن .

بۆ پێش نەکەوت؟

دەکرێ بپرسین عەبادی ئەو ئەندازیارە کارەباییە کە لە زانکۆی مانچستەری بەریتانیا خوێندنی تەواوکردبوو، یەکێک لە سەکردەکانی حزبی دەعوە بوو، کە ساڵانێکی زۆر لە ڕیزی ئۆپۆزسیۆنی عێراقدا بوو، بۆ نەیتوانی متمانەی دەنگدەرانی عێراق بەدەست بھێنێت بە پلەی یەکەم؟

١. ھەرچەندە عەبادی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڵێنی ئەوەی بە گەلانی عێراق دا کە بەھەموو تواناکانیەوە بە گژ گەندەڵیدا بچێتەوە، ئەگەر سەریشی دانابێت، بەڵام لە ڕووی پراکتیکەوە نەیتوانی ئەو بەڵێنەی بە جێبھێنێت، ھەرچەندە زۆرکەس و لایەن ئەو گەواھییەی بۆ دەدەن کە ئەو ساڵانەی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بووە دەنگێکی دلێر و بەرز بووە بەرامبەر گەندەڵی، بەڵام وادیارە پێکھاتەی حکومەت و لاوازیی پێگەی لەنێو (حزبی دەعوە)دا ئەو بوارەیان بۆ نەڕەخساند بەر بە تەوژمی توندی گەندەڵی و گەندەڵکاران بگرێت .

٢. خاڵێکی تری گرنگ و ھەستیار کە ڕێگر بوو لە پێشکەوتنی لیستەکەی عەبادی بوونی چەندین دەموچاو و سەری دیاری حزبی دەعوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا ھاوبەشی دەسەڵات و ئیمتیازات و گەندەڵییەکان بوون لە ھەمان کاتدا لیستە ڕکابەرەکانی دەیان دەموچاو و سەری لاوی نوێیان لەخۆ گرتبوو .

٣. خاڵێکی تر ئەو ھاوپەیمانێتییە بوو کە کە سەرەتا لەگەڵ (لیستی فەتح)ی ھادی عامری کە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و (ڕەوتی حیکمە)ی عەمار حەکیمی لەخۆ دەگرت پێکھێنا و دواتر ھەرەسی ھێنا لە ژێر کاردانەوە و ناڕەزایتییەکانی شەقامدا.

ئازایەتی

ئەو خاڵەی کە زیاتر جێگەی مشتومڕ و گێرمەوکێشەی ڕکابەرەکانی بوو، نەبوونی ئازایەتی و خواستی بەھێز بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و لە ڕەگوڕیشە ھەڵکەندنی، سەرەڕای بەڵێنەکانی نەیتوانی بیانخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ھەر لە سەردەمی حوکمڕانیی ئەودا یاسای لێبووردنی گشتی دەرچوو، کە بواری ڕەخساند زۆر لە مافیاکان و دەستە و تاقمە ساختەچی و گەندەڵەکان کەماڵی گشتییان تاڵان کردبوو، لە سزا و لێپرسینەوە دەرباز بن و بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان و ھەمان ڕۆڵی پێشووتریان ببینن .

بەڵی، عەبادی نەیتوانی بەر بەو تەوژمە ڕێکخراو و بەھێزەی گەندەڵی بگرێت سەرەڕای پشتیوانیی مەرجەعیەتی شیعە کە خۆی لە (سەید سیستانی) دەبینێتەوە، جگە لە پشتیوانیی بە ھێزی شەقامی عێراقی. ھەرچەندە لە چەندین بۆنەی جیاوازدا بەڵێنی ئەوەی دابوو کە چۆن بەسەر تیرۆر و تیرۆریستاندا سەرکەوتین ئاواش بەسەر گەندەڵی و گەندەڵکاراندا سەردەکەوین .

لەلایەکی ترەوە ھەندێک لە چاودێرانی دۆخی عێراق لەو بڕوایەدان مانەوەی عەبادی لە ڕیزەکانی (حزبی دەعوە)دا ھۆکاری سەرەکی بوو لەوەی کە نەتوانێت متمانەی خەڵکی عێراق بەدەست بھێنێت و لەڕیزی پێشەوە بێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
21/05/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ