وتار
ئەگەر وەک دەستکەوت لە١٢ی ئایار بڕوانین
کارۆخ عوسمان

١٢ی ئایار وەرچەرخانێک بوو بەئاراستەی بەرژەوەندیە گشتیەکانی خەڵک لەئایندەدا، کەتوانای کۆتایی ھێنان بەئیدارەی خراپی جوتڕەوی ھەیە.

سەرکردایەتی سیاسی بەبازرگان بووی یەکێتی و پارتی بۆ چرکەیەکیش یەکتریان جێنەھێشتووەو جێشناھێڵن، بەرەیەکی بەھێزیان پێکھێناوە بۆ بەمجۆرە خراپ ئیدارەدان و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی گەل، تەنانەت لەسەر گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و خیانەتکردن لەدۆزی ڕەوای کوردیش ڕێککەوتوون.

لەبەرامبەردا نێو ماڵی ئۆپۆزسیۆن و ڕکابەرەکانی حوکمڕانی ئەم دوو حزبە پەرتەوازەو دژبەر بووە، بەڵام زوڵمەکەی ١٢ی ئایار کە لەھەمووان کرا ھەموانی لەبەرەیەکدا کۆکردەوە. ئەمەش مایەی خۆشحاڵی خەڵکی کوردستانە.

ئێستا ئەوەی زەروورە ببێتە فەرمان، دروستکردنی لیستی بەرەی ئۆپۆزسیۆنیە کە گشت غەدرلێکراوانی تەزویرەکەی ١٢ی ئایار تێیدا جێبگرن.

بۆ ئەوەی لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگی زۆرینە بێنن و بتوانن حکومەت تەشکیل بکەن.

دڵنیام ئەگەر ئەم تەزویرە کە ھەموانی گرتەوە نەبوایە ئێستاش لایەنەکانی ڕکابەری یەکێتی و پارتی بەیەکەوە نەدەبوون.

بۆیە من وەک ھاونیشتمانیەکی ئەم وڵاتە یەکەمجارە سوپاسگوزاری (یەکێتی و پارتی) بم.

چونکە حەجمێکی گەورەی ئۆپۆزسیۆنیان لەبەرامبەر خۆیان دروستکردو بەمەش ئومێدی من گەورەتر بوو.

سەرنجی ھاوبەندی یەکێتی و پارتی و لەنێویشیاندا ھەردوو بنەماڵە تاڵانکارەکە بدەن، ببینن چۆن داکۆکیکاری پاراستنی بەرژەوەندیە ناشەرعیەکانی یەکترین، بەڵام لایەنە ڕکابەرەکان ھەندێجار تیریان دەگرتە سێبەری یەکتری، کە دەبوایە بەناوی بەرەی ڕزگاری نیشتمانی بۆ چرکەیەکیش لەیەکتری تەرەکەز نەبووبان.

خۆ ھیچ یەکێک لەحزبەکان ئایدیۆلۆژی نین تاکو بەھۆی بەیەکدادانی فکریەوە نەتوانن پێکەوەبن، بەڵکو گشتیان لەجەوھەردا ھەڵگری یەک پەیامن، ئەویش دامەزراندنی حکومەتی ھاوڵاتی سیستەماتیکی و خزمەتگوزارە لەسەر بنەمای دیموکڕاسی و پاراستنی مەسلەحەی عام.

کەواتە دەبوایە پێکەوەبن کە نەبوون، وەلێ ھێشتا نە درەنگەو نە زوو، چونکە ئایندە زیاترە لەڕابردوو.

ئێستا ئەوەی بەدی دەکرێت لەڕیزپتەوی لایەنە ڕکابەرەکانی حوکمڕانی جوتڕەو ئومێدێکە دراوە بەبەر ڕوحی ئیرادەی بەرەنگاری گەندەڵی و تەزویر.

ھیوای بەکۆتایی ھاتنی حوکمی خێڵ و حزبی داسەپاوی باڵاکردووە.

تەریب لەگەڵ ئەمەشدا ئەژنۆی حوکمگێڕانی لەرزۆک کردووە، چون تازە درک بەم ھەڵەی تەزویرە ئەکەن و دەزانن بەدەستی خۆیان چ قەڵایەکیان لەھەمبەر قەڵەمڕەویە ناجسنی و بێشەرعیەکانیان ھەڵچنیوە...

گرنگتر لەم دیفاکتۆیە دەست پێوەگرتنی ئەم بەرەی مەغدوورەیە کەخەریکە نەشونمای قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی دێنێتە بوون.

زۆر پێویستە قەبارەی بەرەکە بۆ ھەتا لاوازکردنی حوکمی جوتڕەوی بەردەوام بێت، بەبێ گوێدانە فکرو فەلسەفەی سیاسی و بەرژەوەندی حزبیەکان.

داماڵینی وڵات لەچەوتکرداری لەھەرشتێ ئەولەویترە، ئینجا دوای ئەمانە دەکرێت لەفەزای دیموکراسی و سێبەری قانونی چەسپاودا بەربەرەکانێی یەکتریش بکەن.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
24/05/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ