وتار
منداڵە سێو فرۆشەکەی ھەڵەبجەو چەند سەرنجێکی دیکە
یاسین نادر ڕەحمان

وێنەی منداڵە سێوفرۆشەکەی ھەڵەبجە کە بە کزوڵییەکەوە لە نێوەندی شارەکەدا خەریکی فروشتنی فەریکە سێوەکانی بە مشتەرێکانێتی و لە پڕ پۆلیسی تەجاوزاتی شارەکە دەگەنە ڕاسەری و تەرازو و کێشانەکەی دەبەن و داد و بێداد و تکاو رجاکردن لە پۆلیسەکە دادی نایات  و بە بێ ھیواییەکەوە لە پۆلیس و دەسەڵاتی شارەکە نێو چاوانی ئاە و مۆرکێکی خەمبارانە ئەو دادەگرێت، ھەموانی خستە گریان و سەرزەنشتکردنی کاربەدەستانی شارەکەی لە ھەڵەبجەدا بەدوادا ھات، کە وا لە مێژووییەکی دوورودرێژی ئەم شارە وا نەیانتوانی خزمەت و خزمەتکاری بە چین و توێژەکانی شارەکە بکەن، ئەوا وردە وردە وا خەریکە خەڵکی کەم دەسەڵات و کەمدەرامەتی شارەکەش لە کاسپیکردن و بژیوی ژیانی سادەیان  وا بێبەش دەکەن. ھەرچەندە ئەمەش لە ڕووی ئەرکی پۆلیسیکەوە بەس جێبەجێکاری فرمانێکی سەروو خۆی بۆ ڕێکخستنی ناوبازاڕی شارەکەیەتی، بەڵام بەگشتی دەتوانرێت ئەدای لاوازی کارەکتەرەکانیی سەرووتر لە دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە لە خزمەتکردنی شارەکە دەبێت لێی بڕوانرێت.
ئەم منداڵە کاکە "حەمە"گیان کە سونبولی منداڵانی ھەژارانی شارەکەیە، کە دوێنی شەو بە بڵاوکردنەوەی وێنەکەی لەکاتی بردن و فڕاندنی تەرازو و کێشانەکەی بەھۆی پۆلیسەوە بووە جێی باس و خواستی چالاکوانان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوی دەرخست ئەویش ھەروەک زۆر منداڵیتر حەزی بە ژیان ئاسوودەیی لە پارک و چاڤیلاندەکان و خوێندن لە باشترین جێگاکان و...ھتد، وەکوو زۆر منداڵیتری کەسانی بەرپرس و خواپێداو مافخۆری خەڵکی ھەژاریترە.
ئەو بە وێنەکەی و چاوە پڕ خەم و نائومیدەکەی ئەوەی پیشاندا کاربەدەستانی ئەم وڵاتە لە حەقی ئەم شارەدا، وا باوک و دایکی ئەویان و زۆر کەسیتریان لە خزمەتکردن چەوساندەوە، دەبینێت ھەمدیسانەوە ئەم مێژووە تاڵەش بەرۆکی ئەویش وا دادەگرێت. ئەو لە زەینیدا خۆزگا لە داھاتووی شارەکەیدا چی چەکەرە پێبدات جگە لە خوداحافیزیی یەکجاری لەم شارەو مەینەتیەکانی لە داھاتوودا نەبێت. کاتێک ھەر لە ئێستاوە مانای ژیانکردن بۆ ئەو لە عەرەبانەیەکی چکۆلانەشدا وەختە بۆی کۆتایی پێ دێنن.
 مێژووی شارەکەی حەمەگیان پڕ لە داماویی و مەینەتیی بووەو خزمەتی ئەمشارە نەک بەپێی پێویست نەکراوە، بگرە ھەر ئیھمال و ئیھمال تر کراوە. ئەم بازاڕەی کە "حەمەگیان" فەریکە سێوە ڕەقەڵەکانیی تیادا دەفرۆشێت، زۆرجار بونیاتنانەوە و چاککردنەوەی، بووە بە مژدەی حیزبیی دەسەڵاتدارانیی ناوچەکە، بەڵام ھەروەک خۆی مایەوەو وێران وێرانتر وەک ساتی کیمیابارانکردنی شارەکەی ھەمدیسانەوە لێ ھاتەوە. بەڕاست!! کێ خەمخۆری ئەم شارەیەو کێ دەستێکی ئاوەدانی بەسەر ئەم شارەدا دێنێت، ناوچەکەی کاکە حەمەگیان پڕ لەناوچەی سنووریی بازرگانییە، بەڵام کێ ئاوەدانی دەکاتەوە و کێ بۆ خزمەتی حەمە و ھاوشێوەکانی وەگەڕی دەخات، نازانرێت و نازانرێت.   سیاسییەکان لەمشارە موناقشەو مونافسەی پۆستە باڵاکان  بۆ خۆیان و داگیرکردنیان، بووە بە خەمی ھەمیشەییان خۆ نازانن ھەزارانی وەک حەمەگیان بو پاروویەک نان وەختە تەمەنی ھەرزەکارییان لەدەستدەدەن.
 ئاخ و داخی حەمەگیان دوێنی شەو ھەموو ویژدان زیندوویەکی ھەر لە ڕۆژنامەو سایتەکان بگرە تا ھاوڵاتی ئاسایی گرتەوەو ئەوەیان بە دەسەڵاتداران پیشاندا شۆڕشی برسیی ڕۆژێک دێت ئەم زوڵمانە چیتر قبوڵ ناکات و چاوەڕوانی عەدالەت و یەکسانی لە حەقی خۆیاندا دەکەن.
 (( پێشکەش بە کاکە حەمەو ھاوشێوەکانیی کاکە حەمە، کە بەشێک لە بیرەوەرییەکانی خاوەن ئەم دێڕانەش لەمجۆرە ژیانەدا تێپەڕیوە.))


ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
24/05/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ