وتار
پەیامێکی ڕەخنەئامێز و ڕاشکاو بۆ لایەنە ناڕازیەکانی هەرێم
هۆشیار عەبدوڵڵا

ئێوە پێش تەزویر کێشەیەکیی ترتان هەیە کە گرنگترین و بنچینەیی ترین كێشەیە و بێ یەکلاکردنەوەی ئەو کێشەیە هەرگیز ئەو دو بنەماڵەیەتان بۆ تێناپەرێندرێت.

کێشەی ئێوە کێشەیەکی فکریە کە تایبەتە بەو گوتارەی سیاسەتی پێ ئاراستە دەکەن ، ئێوە هەموتان (بێ جیاوازی) لە ڕوکەشدا دژی سیاسەتی بنەماڵە چەتەگەرەکانن بەڵام لە روی فکریەوە بێ ئەوەی پێ بزانن ئاو دەکەنە ئاشی کوردایەتیەکەی ئەوانەوە کە فڕی بە مافەکانی خەلكی کوردستانەوە نیە و کوردایەتیان کردۆتە دیوارێك چەتەیی و خاک فرۆشی و نیشتیمانفرۆشی پێدا هەڵدەواسن .

ئێوە دەبێت دیدێکی نیشتیمانیی دور لەو کوردایەتیە موزەیەفەی ئەو دو حزبە تەبەنی بکەن و فکری ئەوان رەتبکەنەوە و نەکەونە دوای درۆکانیان کە بەناوی داکۆکی لە نەتەوەی کوردەوە دەیکەن و هەمو جارێکیش ئێوە فریوی پێدەخۆن .

ئەو یەکریزیەی ئەوان داوای دەکەن یەکێکە لەو درۆیانە زۆر دەمێکە ئێوە باوەریان پێدەکەن و نایەن هەڵیتەکێنن و مۆدێلێکی نیشتیمانی بۆ یەکڕیزی طەرح بکەن .

ریفراندۆم یەکێکی تر بو لەو درۆیانە پێی خەڵەتان و نەک گوێتان لە دەنگی خەلکانی وەک نوسەری ئەم دێرانە نەگرت بە هەوای دو بنەماڵەکە کەوتنە تەخوینمان .

پێش هەڵبژاردن وەفدێکی لیستی سائیرون هاتنە سلێمانی وتیان هاتوین تەنها بۆ بانگهێشتی هاوپەیمانیەکەی کاک بەرهەم و بزوتنەوەی گۆڕان کە لەگەڵماندا بن ، لە ترسی تەخوینی یەکێتی و پارتی نەڕۆشتن و ئێستا هەردوکیان کەتون بەسەر شان و باڵی صەدردا ئاگای لێیان بێت .

فکرەی دانانی کاندیدتان لە هاوپەیمانیەتیەکانی بەغداد رەتکردەوە و دژی هەوڵەکانیی ئێمە بون پێتان وابو بۆ حەیا و حورمەتی کوردایەتیەکەی دو بنەماڵەکە جوان نیە، ئێستا هەردوکیان دو پەرلەمانتاریان لەبەغداد بەهەر رێگایەک هەیە دەرچواند .

دەیان نمونەی ترتان بۆ دەژمێرم کە ئێوە خۆتان ئاو دەکەنە ئاشی گوتارە دژە کوردەکەی یەکێتی و پارتی ، باشە هەر پرسیارێکی سادە زۆر سادە ؟ هیچ شتێک ماوە ئەو دو بنەماڵەیە بە خەلكی کوردستانیان نەکردبێت ؟! هیچ بەدکاریەک ماوە ئەنجامیان نەدابێت ؟! هەر دەنگی خەڵک مابو ئەویشیان نەدزی ؟! ئەی باشە ئەوە بۆ یەکڕیزی لەگەل ئەوان کوردایەتیە بەڵام هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە عێراقیەکان بە ئەجێندایەکی نیشتیمانی لە بەرژەوەندی خەڵک هەرێم خیانەتە ؟! بۆ ؟!

لە چوار ساڵی رابردودا لەگەڵ هەمو قیادەی گۆڕان ئەو شەرە فکریەمان هەبوە و ڕای من رونە لایان ، لەگەڵ کاک بەرهەم و مامۆستا علی باپیر چەندین جار و مامۆستا صەلاحەدینیش جارێک هەمان نیقاشمان بوە ، کاتیەتی لە ڕوی فکریەوە یەکێتی و پارتی رەتبکەنەوە بەر لەوەی لەسەر تەزویر یا کێشەی فەنیی و ئالیەت رەتیان بکەنەوە .

ئەوە کوردایەتیەکەی ئەوانە دەڵێت ئەمڕۆ تەزویری لێبکە ، سبەی لە ترسی ئەوەی تەخوینی نەکەم رادەکاتەوە بە دوامدا بۆ بەغداد ، ئەو دو بنەماڵەیە لەسەر بەڕەیەکی موزەییەف دانیشتون دەبێ هەڵیان ستێنن و ئەو بەڕەیە بگۆڕن بە دیدی نیشتیمانیی نوێ.

تاکەی دانبەوەدا نانێن مۆدێلی رابردوی کەوتنە پاڵ ئەم گوتارە حزبیە بنەماڵەییە شکستی خواردوە و تەنها بەدبەختی بۆ هاوڵاتی هەرێم هێناوە و بەس، تاکەی ؟!

ئێوە چارەسەرێکی ئەو کێشە بونیادیە نەکەن نە دەتوانن هیچ بگۆڕن نە چیتر خەڵکیش چاوی ئومێدی لێتان دەبێت و دەیانیی وەک ئێمەش دور لەو چەقینەی ئێوە لە زەلکاوی کوردایەتیەکەی یەکێتی و پارتیدا میمبەری راشکاو و ئاشکرا و جیای دەبێت بۆ جوڵە سیاسیەکانیی .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
27/05/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ