وتار
بەرەیەک بەرامبەر پارتى و یەکێتى
بێستون فایەق

هەڵبژاردنى خولى پێنجەمى پارلەمانى کوردستان کە بڕیارە کۆتاى مانگى نۆ بەڕێوە بچێت تاقیکردنەوەیەکى گرنگ و جیاوازە بۆ خەڵکى کوردستان بەگشتى و پارتى و یەکێتى لەلایەک و هێزە دەنگ دزراوەکان لە لایەکى تر .
 خەڵکى کوردستان  لەم دۆخەى دواى دزین و ئاڵوگۆڕى دەنگەکانیاندا پێویستیان بە گەڕانەوەى متمانەو ئومێدە بۆ ئەوەى  چوار مانگ دواى هەڵبژاردنێکى ساختە جارێکى تر متمانەیان بۆ دەنگدان وهەڵبژاردن و خەباتى پارلەمانى بگەڕێتەوە ، نا ئومێدى ئێستاى دەنگدەرى کوردى دواى ئەو ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەى هەڵبژاردنى پارلەمانى عێراق و دەست گەیشتنى پارتى و یەکێتى بە ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانى ژماردنى دەنگەکان لە ئاستێکدایە کە بڕوا بون بە خەباتى پارلەمانى و هەڵبژاردن بۆ گۆڕانکارى لاواز بوەو بەشێک لە خەڵک هەڵبژاردن بە رێگەى راست و گەیشتن بە ئاڵوگۆڕى دەسەڵات نابینن کە ئەمە مەبەست و ئامانجى یەکێتى و پارتیە . 
لەم دۆخە پڕ لە نائومێدیەى خەڵکى کوردستان و دواى ئەو تەزویرە وردو بە بەرنامەیەى ساختەچیەکانى یەکێتى و پارتى ، لە دواى ٢٧ ساڵ حوکمى خراپ و نادروست ، دروست کردنى بەرەیەک بەرامبەر یەکێتى وپارتى بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنى پارلەمانى کوردستان لە هێزە دەنگدزراوەکان لە هەموو کات گرنگترەو یەکێکە لە پێویستیەکانى قۆناغەکە و دەنگە ساختە کراوەکان  ئەمانەت و متمانەى خەڵکەو لە گەردنى ئەو هێزانەدایە کە لە بنەڕەتدا و پێش تەزویر دەنگدەر دەنگەکەى پی داوە .
بۆ هەڵبژاردنى پارلەمانى کوردستان پێویستە بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى و یەکگرتوى ئیسلامى و هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى  کە دواى دزینى دەنگەکانیان زۆر لە یەک نزیکن بەرەیەک بەرامبەر یەکێتى و پارتى پێک بهێنن و لە چوارچێوەى هاوپەیمانیەکدا بەشدارى هەڵبژاردن بکەن (  ئەم بەرەیە کراوە بێ بۆ لایەن و پێکهاتەکانى ترى کوردستان ) .
 بەرەی بەرامبەر پارتى و یەکێتى ئامانجەکەى دەبێتە کۆتایی هینان بە ٢٧ ساڵ دەسەڵات و فەرمانڕەواى خراپى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بە دەست هێنانى پەنجا کۆ یەکى کورسیەکانى پارلەمان دواتر پێکهێانى کابینەیەکى نوێ و جیاواز دور لە پارتى و یەکێتى ، بە سەرنج دان لە دەنگ و سەنگى یەکێتى و پارتى و بە گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتى خراپیان ، بێ دوو دڵى لە هەڵبژاردنێکى پاک و بێ ساختەدا ئەم هێزانە دەدۆڕێن چونکە خەڵکى کوردستان دەمێکە پارتى و یەکێتیان سزا داوە ، لە دواى سالى ٢٠٠٩ و دروست بونى بزوتنەوەى گۆڕانەوە یەکێتى و پارتى تەزویر و هەڕەشەو سزادان  نەبوایە هیچ کات کورسى و دەنگى پێکهێنان و بەڕێوە بردنى حکومەتیان نەبوە .
دروست کردنى ئەم بەرەیەو بەشدارى و پشتیوانى خەڵک دواین ئومێدە بۆ هەڵبژاردن و پارلەمان وەک رێگە راستەکەى گۆڕانکارى .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
27/05/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ