وتار
کابینەی نوێی حکومەتی عێراق
بورهان ڕەئوف




لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی گشتی لە عیراق بە بەشداری205 قەوارەی سیاسی كە خۆی لە 6994 كاندید لە نێرو مێ‌ لە 18 بازنەی هەڵبژاردن لە ناوخۆی وڵات و لە 19 بنكەی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات بۆ پڕكردنەوەی 329 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران .
ئێستا هەموو چاوەكان لەسەر بەغدا و نەجەفە بەتایبەتی سەید موقتەدا سەدر ئەو كەسایەتیە ئاینیە كە سەرەتای ژیانی سیاسی لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە بە گژی ئەمریكیەكاندا چوو وەكو داگیركەر تەماشای دەكردن لە كاتێكدا ئەوانی تر بە ڕزگاركەر و فریشتەیان دەزانین.
سوپای مەهدی دامەزراند و دواتر هەڵی وەشانەوە ئەگەرچی ئەم كاراكتەرە بەرگ و عەبای تائیفی لەبەردایە، بەڵام دروشم و خواستی نیشتمانی هەیە و تەنیا كەسی شیعەیە چوو لە مەرقەدی شێخ عەبدولقاری گەیلانی سوونەكان نوێژی موەحەدی كرد لەگەڵ سوونە، دژی میلیشیایە و خۆی سەرایای سەلامی هەیە لەوانەش سەرنجڕاكێشتر دوژمنی سەرسەختی گەندەڵی و بەتاڵان بردنی ماڵی گشتیە هەرئەمەش بوو كەوای كرد لەم هەڵبژاردنەدا پێشی لیستە ڕكابەرەكانی بكەوێت بە ڕای من .

كابینەی نوێ‌
ئەوەی گرنگە گەلانی عیراق بە هەستیارێكی زۆر سامناكەوە چاوەڕوانی لە دایك بوونی حكومەتێكی نوێن دەپرسن و دەترسن ئایا وەكو جارانی پێشووتر لە پایتەختەكانی دەرەوە بڕیاری لەسەردەدرێت یان ئەوەی سەید موقتەدای سەركردەی گەنج دەیڵێت، ئێمە خاوەن بڕیارو خواستی سەربەخۆی خۆمانین دروستە ؟ ئەی سەردانە كتوپڕەكانی نوێنەرانی ئەمریكا و ئێران بۆ بەغداد هەر ڕۆژی دوای 12 مایس چیمان پێدەڵێن؟
ئاڵۆزی و قورسی بارودۆخەكە هەر ئەوە نییە كە ئاكامی هەڵبژاردنەكانی دەریخستووەو و نەخشەیەكی سیاسی نوێ‌ی هێناوەتە ئاراوە بەڵكو ئەو دۆخە پڕ مەترسییە یە كە عیراق و ناوچەكەی پێدا دەڕوات دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێكەوتننامەی (5+1) لە گەڵ ئێران كە بێگومان كاریگەری نیگەتیف و ڕاستەوخۆی لە سەر دۆخی عیراق و پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ دەبێت .
ئەگەر چی سەركەوتنی لیستی سائرونی نزیك لە موقتەدا سەدر جێگەی خۆشحاڵی نە ئەمریكاو نە ئێرانە، بەڵام هیچ كام لەوان هێڵی سووریان لە سەری نییە لە بەرامبەردا سەدر هێڵی سووری لەسەر ئەمریكا و مالیكی و خەزعەلی و هەندێ‌ لەو قەوارانە هەیە كە لە ئێرانەوە نزیكن .
سەدر لە ڕووی ناوخۆییشەوە وەكو لە تویتەكانی دا بڵاوی دەكاتەوە بە نیازە خۆی هەرسێ‌ سەرۆكایەتیەكەی عیراق دیاری بكات لەوانەی كە :-
1.هیچ تۆمەت و گومانێكی گەندەڵییان لە سەر نییە و ئەستۆپاكن لەو ڕووەوە.
2.دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەكانی گەلی عیراق سوور نییە.
3.باوەڕیان بە یەكپارچەیی خاكی عیراق هەیە .
هەموو ئەو خاڵانە شرۆڤە و لێكدانەوەی جیاواز هەڵدەگرن و پێناچێت لەم كاراكتەرانەی ئێستای سەر گۆڕەپانی سیاسی عیراق و لە لیستە براوەكان بە دەگمەنیش خەڵكی وای دەست بكەوێت!
بۆیە پێش سازان و پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ چ لە ناوخۆی عیراق و چ لە دەرەوەش گرنگە سەید موقتەدا گرنتی و دڵنیایی دروست لە ئەمریكیەكان وەربگرێت بۆ چۆنێتی هەڵسووكەوت و هەماهەنگیان بۆ ئایندەی عیراق لە سیاسەتی ئەمریكادا، بۆ ئێرانیەكانیش لەمە ئاسانتر نابێت ئەوان عیراق بە قوڵایی ئیستراتیجی خۆیان دەزانن و ساڵانێكە كاری بۆ دەكەن .
لە كۆتاییدا من نامەوێت زۆر درێژەی پێبدەم ئەم بابەتە زۆر دەكێشێت و پێشتر قسەی ترم لەسەر كردووە و پێكهێنانی كابینەكانی پێشوو بە ڕاوێژو هەماهەنگی ئەمریكاو ئێران نەیانتوانی عیراق بگەیەننە كەناری ئارامی، بەڵكو دەبێت ئێستا ئەوان و عیراقیەكان كە من ئێستا خۆم بە گومانم لە ئینتیمای هەموویان بۆ عیراق چونكە ڕابردوو ئەوەی سەلمان كە هەموویان دڵسۆز و پابەندی نەتەوەو تائیفەكانیانن زیاتر بۆ عیراق، بۆیە دۆخی عیراق لە هەموویان دەخوازێت كە بە ئارامی و دوور لە هەڵچوونەوە بڕیاری گونجاو بدەن و هەریەك لای خۆیەوە چەند هەنگاو پێپلیەكەیەك بێنە خوارەوە، چونكە دۆخی شێواوی عیراق و ناوچەكە بەرگەی هیچ سەرەڕویی ملهوڕی و ململانێ‌ یەكی نوێ‌ ناگرێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
28/05/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ