وتار
نامەیەک بۆ دەنگدەرانی پارتی و یەکێتی!
عەبدوڵاى مەلا نورى

نامەیەک بۆ ئارێز عەبدوڵا!

بەڕێزان دەنگدەرانی پارتی و یەکێتی، ئەی ئەوانەی لە دڵپاکی و دڵسۆزیەوە پێتان وایە حیزبەکانتان تەزویریان نەکردوە، دور لە گرژی و گومان و تۆمەتدروستکردن، تەنها پرسیارێکتان لێ دەکەم!
ئێوە خۆتان دەزانن بە هۆی ئەنجامدانی تەزویرەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە هەفتەی رابردودا، دوجار هەوڵی دانیشتنی پەرلەمان عێراق درا، بە هۆی ئامادە نەبونی رێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانەوە دانیشتنەکان سەری نەگرت.
بەڵام خۆشبەختانە ئەمرۆ توانرا رێژەی یاسایی ئەندامان کۆبکرێنەوەو پەرلەمان کۆبونەوەی ئەنجامداو بڕیاری دا ۱٠٪ دەنگەکان بە دەست بژمێردرێنەوە.
ئەم بریارە پارێزگاکانی هەرێمیش دەگرێتەوە.
لێرەوە دەمەوێ لە ئێوەی بەرێز بپرسم ئایا بۆ ناپرسن پەرلەمانتارەکانی پارتی و یەکێتی لەو دانیشتنانە ئامادە نەبون؟
نەک هەر ئەوە بەڵکو بە هەمو شێوەیەک هەوڵی ئەوەیان دەدا دانیشتنەکە سەرنەگرێت! 
ئەگەر پارتی و یەکێتی لە خۆیان دڵنیان کە تەزویریان نەکردوە بۆ پەرلەمانتارەکانیان هان نەدەدا بە روسوری بەشداری دانیشتنەکان بکەن و ئەوانیش دەنگیان بۆ ژماردنەوەی دەنگەکان، بە دەست بدایە؟
دەنگدەرانی بەرێزی یەکێتی و پارتی، گریمان دەسەڵاتدارانی حیزبەکانتان بریاریان داوە ئەو تەزویرە تێپەڕێنن، بەڵام ئایا مەعقولە یەک ئەندام پەرلەمانی ئەو دو حیزبە نەتوانێت لە دەرەوەی بریاری حزبەکەیەوە بەشداری ئەو دانیشتنانە بکات؟ 
ئایا لای ئەو ئەندامانە شکاندنی ئەو سوێندە قورسە کە لە بەردەم خواو خەڵکدا خواردویانە یان شکاندنی بریاری حزبەکەیان ، کە مەبەست لێی شاردنەوەی دزیەکانی دەنگی خەڵکە؟
ئەی دەنگدەرانی پارتی و یەکێتی ئایا ئەمە کافی نیە بۆ ئەوەی ئیدی لە تەزویری گەورەی حیزبەکانتان دڵنیابن؟
ئایا ئەگەر کادرێک یان دەنگدەرێکی پارتی و یەکێتی زەرەیەک ویژدانی هەبێت و لە خەمی ئیرادەی خەڵک و دیموکراسی و پێکەوە ژیان بێت دەبێت لە ئاست دزینی دەنگی هاوڵاتیان بێ دەنگ بێت؟!
ئایا ئەگەر کاندیدێکی پارتی و یەکێتی کە بە دەنگی دزراوی هاوڵاتیان دەیانەوێ برۆنە پەرلەمانی عێراق ، چۆن دەتوانن نوێنەرێکی پاک و رستگۆی گەل بن، ئەی بەچ شعورو ویژدانێکەوە خۆیان بە نوێنەری خەڵک دەزانن؟!
ئەی دەبێ بەرێز ئارێز عبدوڵا پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا، هەست بە چ ئازارێکی ویژدان بکات، کە دەزانێت پارتی و یەکێتی دەنگی خەڵکیان دزیەوە، لە ناو حزبەکانی خۆشیاندا دزییان لە کاندێدێک بۆ یەکێکی تر کردوە، کە ئارێز عەبدوڵا یەکێکە لەوانەی گومانی هەیە حزبەکەی خۆی دزی لێ کردبێت، ئایا کاک ئارێز ئەی تۆ بۆ بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقت نەکرد؟ خۆ دەتوانی دەستبەرداری مافەکانی خۆت بیت، بەڵام لە بەر ئەو سوێندەی کە خواردوتە لە پێناو دەنگی خەڵکدا بەشداریت بکردایە!
ئێستا لە کەناڵی NRT پەرلەمانتارێکی یەکێتی رۆژوی دەشکاند، هەر ئەم بەرێزە داکۆکی لە حزبەکەی دەکرد، ئایا ئەم هەمو درۆکردنە لە گەڵ خواو خەڵک بەس نیە بۆ ئەوەی لە ناخی خۆتاندا هەڵوەستەیەک بکەن؟!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/05/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ