وتار
پێوستیەکانی خەبات لەقۆناغی داهاتو
محەمەد سالار پاشا

بەشی چوارەم و کۆتایی

3. سستمی پەرلەمانی
پێویستە لەنێو ئەو پرۆژەیە، هەر چوار لایەن رێکەوتن بکەن لەسەر بەدیهێنانی سستمی پەرلەمانی لەبری سستمەکانی دیکە.
نیزامی پەرلەمانی کار لەبەسەنتەر کردنی پەرلەمان دەکات بۆ بریاردانی سیاسی. هەرێمی کوردستان لەسەرەتای خودموختارییەوە لە (1992) خاوەنی هیچ چەشنە نیزامێکی دیار نەبوە بۆ حکومرانی، تا لە ساڵی (2005) یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ئەو بابەتەی یەکلاکردەوە، تیایدا شکڵێکی نیمچە سەرۆکایەتی دا بەحکومڕانی هەرێم.
ئەگەر ڕاستگۆ بین لەگەڵ خۆمان؛ لەسەر ئەرزی واقیع هیچ کات نیزامی حکومڕانی غەیری حیزبی هیچ شتێکی دیکە نەبوە، حیزب بڕیاردەری یەکەم و کۆتایی بوە لەتەواوی پرۆسەکان، دامودەزگاکان تەنها بەرگێکی رەسمی بون و هیچی تر نا. تا دروستبونی ئۆپۆزسیۆن لەساڵی (2009) کەبەجۆرێک لەجۆرەکان جوڵەیەکی کردە ناو پەرلەمان و لە ساڵی (2014) لەگەڵ وەرگرتنی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ یەکەمجار رژێمی خستە بەر ئیمتیحانێکی قورس کەتیایدا دەرنەچون.
نیزامی پەرلەمانی تاکە نیزامە کەنوێنەرانی گەل بڕیار بدەن لەچۆنیەتی بەرێوەبردنی وڵات، لەلایەک رێگر دەبێت لەتاکڕەوی لەلایەکی دیکە هەنگاوێکی زۆر باش دەبێت بۆ چاودێری کردنی حکومەت.

4. دەستور
دەستور وەک دەڵێن (باوکی قانونەکانە)، وە ئەساسی یەکەمە بۆ دیاریکردنی شێوەی هەرێم و نیزامی حکومڕانی و جۆری حکومەت و دیاریکردنی دەسەڵاتەکان و رێکخستنیان.
لەساڵی (2005) پەرلەمانی کوردستان پرۆژەیەکی دەستوری پەسەند کرد بەڵام دواتر هەڵوەشایەوە و پەرلەمانی کوردستان لەخولی چوارەمیدا دەستەیەکی دیاریکرد بۆ دوبارە نوسینەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان و هەر لەسەرەتای رێگەکەیدا بەهۆی کێشەکانی تایبەت بەپرۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم پەکی کەوت.
دەستور بەئەساسی یەکەم ئەژمار دەکرێت بۆ ناسینەوەی جۆری دەوڵەت یان هەرێم، لەرێگەی دەستورەوە دەتوانیت بزانیت ئەو هەرێمە دیموکراسیە یان دیکتاتۆری؟ پاشایەتیە یان کۆماری؟ نیزامی حوکم پەرلەمانیە یان سەرۆکایەتی یان نیمچە سەرۆکایەتی؟ هەر سێ دەسەڵاتەکان (تەشریعی و تەنفیزی و قەزائی) پێکهاتەو دەسەڵاتیان چۆنە؟ ئازادییەکان لەچ ئاستێکدان؟
بەم شێوەیە دەستور بەیەکێک لەگرنگترین پایەکانی هەرێمی کوردستان ئەژمار دەکرێت، دروستە ئەو چوارلایەنە دارشتنی پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان بکەن بەئەساسی یەکەم و لەپێشینەی کارەکانیان، لەبری ئەوەی هەڵەی قانونەکان ڕاست بکەنەوە هەوڵ بدەن ئەساسێکی باشی حوکمرانی دابڕێژن کەبریتیە لەدەستورێکی دیموکرات.

5. پرۆژە
لەرابردوو بزوتنەوەی گۆڕان و هاوکارەکانی، چەند پاکێجێکیان پێشکەش کردوە بۆ حوکمڕانیەکی تەندروست، بەڵام هیچیان وەڵآم نەدراونەوەتەوە.
ئەمجارە دروست وایە هەر چوار لایەنەکە دیراسەی وردی تەواوی ئەو بابەتانە بکەن کەهەرێمی کوردستانی بەم رۆژگارە گەیاند، پاشان چارەسەری گونجاو پێشکەش بکەن.
بۆ وێنە لەبری ئەوەی بانگەشەی ئەوە بکەن کەپێویستە هێزەکانی پێشمەرگە یەکبگرنەوە، لەروی کردارییەوە لیژنەیەکی پسپۆر پێک بهێنن. ئەم لیژنەیە هەستێت بەئامارکردنی تەواوی ئەو هێزانەی کەهەیە پاشان چەندی هەقیقی و چەندی بندیوار، چەندی لەژێر فەرمانی حیزب و چەندی لەژێر فەرماندەی میری، پاشان دەرکردنی پرۆژە یاسایەک بۆ رێکخستنەوەی هێزەکان و تەجریم کردنی بونی هێز لەدەرەوەی سستمی وەزارەتی پێشمەرگە، پێش هەموو ئەمانەش رەخساندی رای گشتی بۆ ئەم بابەتە. ئەمە بەتەنها کاری یەک کەس نیە بەڵکو کاری دەیان پسپۆری ئەو بوارەیە وە کاری یەک لاپەرە و دە لاپەرە نیە بەڵکو پێویستی بەماندوبون و لێکۆڵینەوە هەیە. دەتوانرێت بۆ تەواوی بابەتەکانی دیکەش هەمان کار بکرێت. بەم کارە دەوترێت هەوڵی جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

باش وایە ئەو چوار لایەنە تەواوی ئەو خاڵانەی کەباسکران بکەن بەرێکەوتننامەیەکی ستراتیژی و لەنێوان خۆیان واژوی بکەن پاشان بەیەک لیست بچنە هەڵبژاردنەکانەوە.
گرنگی ئەم رێکەتننامەیە لەوەدایە:
1. بۆ هەر چوار لایەنەکە مەعلوم دەبێت کەچیان دەوێت و بۆچی خەبات دەکەن.
2. رادەی نزیکی و دوری بۆچونەکانیان لەیەکتری بۆ دەردەکەوێت.
3. دەنگدەر دەزانێت دەنگ دەدات بەکێ و بۆچی دەنگ دەدات.
4. قورساییەک دەدات بەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیان.

بەشی پێنجەم: ئەم بەرەیە لەکێ پێک دێت
لەئێستادا چوار هێزی سەرەکی خواستی کاری هاوبەشیان لەگەڵ یەکدی هەیە، جگە لەوان هەر یەک لەبزوتنەوەی ئیسلامی و حیزبی شیوعی بەشدارن لەگەڵ ئەو لایەنانە بۆ ڕەتکردنەوەی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان، نازانرێت ئاخۆ لەداهاتوو بەشدار دەبن لەکارێکی لەو جۆرە یان نا.
لەهەرێمی کوردستان ژورو (40) پارتی سیاسی هەیە، نزیک بە (7) پارتی سەرەکیان چالاکن و خاوەنی جوڵە و بەرنامەی دیاریکراون، ئەوانیش (پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی و نەوەی نوێ).
باقی پارتەکانی دیکە نەخاوەنی دنیابینین نەخاوەنی بەرنامە نەخاوەنی سەربەخۆیی لەبڕیاردان. بەجۆرێک لەجۆرەکان دابەش بونەتەوە بەسەر ئەوانی دیکە.
گرنگە پێکهێنەرانی ئەم بەرەیە، بەوردی مامەڵە لەگەل ئەو هێزانە بکەن کەدەیانەوێت بێنە ناو ئەم بەرەیەوە.
ئەم چاوکراوەییە لەمامەڵە دوو مەبەستی هەیە، یەکەمیان دەرگا دانەخستن لەسەر ئەو هێزە سیاسیانەی کەراستگۆیانە دەیانەوێت بەشدار بن چونکە وەک مەعلومە ئەم سستمی هەڵبژاردنە یەک دەنگ کاریگەری خۆی دەبێت، دوەمیشیان ئەو هێزانەی کەبەرون و رەوانی یەکلا بونەتەوە بۆ رژێم و جگە لەمقاش دەورێکی دیکە ناتوانن ببینین پێویستە ئاگادار بن. چونکە لەروی مەعنەوی بەکشانەوی هێزێک لەم بەرەیە ئەگەر لەروی دەنگدانیشەوە رۆڵ نەبینین لەروی سیاسیەوە بێگومان کاریگەری دەبێت.

بەشی شەشەم: بانگەشەی هەڵبژاردن
بانگەشەی هەڵبژاردن کاریگەری سەرەکی هەیە بۆ بەخشینەوەی ئومێد و بەشداری هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی حەملەیەکی زۆر باش بکرێتم پێویستە:

1. پێکهێنانی ژوری عەمەلیات بەمەبەستی سەرپەرشتی کردنی تەواوی پرۆسەکە (ئەمە بابەتێکی تەواو کارگێریە).
2. دیاریکردنی کاندیدەکان:
لەرابردو جۆرێک لەقەناعەت دروست بوە کەکورسیەکانی پەرلەمان بەجێ بهێڵرێت بۆ گەنجەکان، ئەم بۆچونە هەردو لایەنی باش و خراپی هەیە.
لایەنی باشی ئەوەیە دەرفەت دروست دەکات بۆ هاتنە پێشەوەی گەنج و دەرکەوتنیان، لایەنی خراپیشی ئەوە بو رۆڵی پەرلەمانی کرد بەموزەیەف، لەبری ئەوەی پەرلەمان بڕیاردەری یەکەم بێت بۆ پێشهاتە سیاسیەکان جارێکی دیکە دیوەخانی حیزبەکان بونەوە بەبڕیاردەر.
بۆ ئەوەی سەنگێکی زیاتر بۆ پەرلەمان دروست بێت باش وایە ئەم جارە کاندیدەکان بریتی بێت لەپێکهاتەیەک لەنێوان (گەنج و بەئەزمونەکان)، بەم جۆرە:
- لەسلێمانی لەبەرئەوەی کەسی یەکەمی گۆڕان ناتوانێت بەو ئەرکە هەستێت، باش وایە گۆڕان کەسێک دیاری بکات بەڵام هەم بەتوانا و هەم جێی رەزامەندی هاوڵاتیان بێت!
- لەهەولێر د.بەرهەم سەرپەرشتی بانگەشەکە بکات.
- لەدهۆک م.سەلاحەدین.
- لەهەڵەبجە م.عەلی باپیر.
وە سەرجەمیان کاندید بن، ئەگونجیت ئەم هەنگاوە بەئەستەم تەماشا بکرێت لەلایەن خودی حیزبەکان و بەشیکی زۆریش لەهاوڵاتیان. بەڵام گۆڕانکاری کردن لەجۆری خەبات هەنگاوێکی بوێرانەیە. هەدەفی سەرەکیش لەم کارە بریتیە لەگێرانەوەی سەنگ بۆ دامەزراوەی پەرلەمان و کردنەوەی بەناوەندی بڕیاردان لەبری دیوەخانی حیزبەکان.
3. دروشمەکانی هەڵبژاردن بەجۆرێک بێت هەر سێ رەگەزی (ئومێد، کاری هاوبەش و بەردەوامی) رەنگ بداتەوە.
4. بانگەشە بەجۆرێک بێت هەر چوار لایەن بەیەک تیم دەربکەون.
5. چاودێری سندوقەکان لەسەرەتاوە تا کۆتایی، وە لەرۆژی هەڵبژاردنەکان تیمێک پێک بهێنرێت بۆ سەرپەرشتی جیاکردنەوەی دەنگەکان وە لەنزیک سندوقەکان تیمەکان پۆشاکی سپی لەبەربکەن وەک هێزی ئاشتی بۆ پاراستنی سندوقەکان.

خوڵاسە:
1. بەشداری کردن لەهەڵبژاردنەکانی (ئەیلولی 2018) بەیەک لیست.
2. دیراسەکردنی قەیرانەکان بەوردی و داڕشتنی ڕێگەچارە بۆ هەر کام لەکێشەکان.
3. جۆری خەبات پێویستە بەرەیی بێت.
4. ئەم بەرەیە هەڵگری دیدێکی نیشتیمانی بێت لە ٤ ساڵی داهاتوو، کار بۆ نوسینەوەی دەستور و بەدیهێنانی سستمێکی پەرلەمانی و پرۆژە یاسای دەرمان بکات بۆ دەردەکانی رژێم.
5. بەئاگابون لەدەسیسەکانی رژێم و دەرگا دانەخستن لەکەسایەتی و حیزب و پارتەکان.
6. سەرپەرشتی کردنی بانگەشە لەلایەن کەسی یەکەمی حیزبەکانەوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/06/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ