وتار
سەرۆككۆمار چی بۆ خۆی و چی بۆ كورد كردوە؟
سیروان رەشید

لەوەتەی بەڕێز د.فواد مەعسوم بەنوێنەرایەتی كورد پۆستی سەرۆككۆماری عێراقی بەدەستەوەیە، دینامیكیەتی كورد لە بەغداو لە ناوەندی بڕیاردانی عێراق دا، نەك هەر بەرەو پێش نەچوە بگرە پاشەكشەی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە!. (مادەی 66ی دەستور: دەسەڵاتی راپەراندنی فیدراڵی لەسەرۆك كۆمارو ئەنجومەنی وەزیران پێكدێت).

ناردنی نوسراو لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە لەقەڵەم دانی نادەستوری بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق و بێ ئەرزشكردنی بڕیاری پەرلەمان بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامی دەنگدانی هەندێك وێستگەو دوبارە ئەژماركردنەوەی دەستی هەڵبژاردن، بێلایەن نەبون و پشتیوانیەكی ئاشكرای سەرۆككۆمارە بۆ بەرەی تەزویرچیەكان، ئەگەرنا داواكردنی ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان بەدەستی، سادەترین ماف و خواستە كە پەرلەمانی عێراق بەپێی یاساو پەیرەوە ناوخۆییەكەی پیادەی بكات.

بەرێز سەرۆككۆمار چوار ساڵە نوتقی نەداوەو بێدەنگ و بێهەڵوێستە، بەڵام لەتەزویری حیزبەكەی هاوپەیمانەكەی  ئێستا نوتقی كراوەتەوەو هاواری لێبەرزبۆوە!

لەچوار ساڵی رابردودا پۆستی سەرۆككۆمار بەدەست كوردەوە بوە، بەبێ ئەوەی كورد سودێكی ئەو تۆی لەو پۆستە وەرگرتبێت! یاخود سەرۆك كۆمار كارێكی ئەوتۆ بكات لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەكاندا، هەرچەندە پۆستی سەرۆك كۆمار دەسەڵاتێكی رەمزیە، بەڵام قورسایی و كاریگەری خۆی هەیە.

*سەرۆككۆمار دەیتوانی فشار لەحكومەت و لایەنە سیاسییەكان بكات بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد، بەڵام نەیكرد!
 *سەرۆك كۆمار دەیتوانی دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت بۆ لێسندنەوەی متمانە لە عەبادی، بەڵام نەیكرد!
*سەرۆك كۆمار دەیتوانی فشار بخاتەر سەر حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكان بۆ جێبەجێكردنی مادەی (140) بەڵام نەیكرد!
*سەرۆك كۆمار دەیتوانی هەوڵی باشكردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە بدات وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری عێراق بەڵام نەیكرد!
*سەرۆك كۆمار دەیتوانی هەوڵی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی وەك نەوت و بودجە لەنێوان هەولێرو بەغدا بدات، بەڵام لەبەر ئیعتباراتی حیزبی و شەخسی نەیكرد!
*سەرۆككۆمار لە خیانەتی نیشتیمانی تەسلیمكردنی كەركوك و 51% ی خاكی كوردستان دەیتوانی لانیكەم هەڵوێستی ئیدانەكردنی هەبێت، بەڵام نەیكرد!
*كاتێك پەرلەمانی عێراق بڕیاری داگرتنی ئاڵای كوردستانی لەكەركوك دا سەرۆككۆمار دەیتوانی لەدادگای فیدراڵی تانەی لێبدات، بەڵام نەیكرد!
*سەرۆككۆمار لەبەرامبەر بڕینی قوت و موچەو بودجەی هەرێم لەبەغداوە دەیتوانێ هەڵوێستی هەبێ، بەڵێ نەیكرد!
*لەكاتێك دا تانكەكانی حكومەتی بەغدا دیلی پێشمەرگەیان شەهید دەكرد لەدوزخورماتوو حەشدی شەعبی و سوپا ماڵ و دوكانی كوردیان فەرهود ئەكردو ئاگریان تێبەر ئەدا ، سەرۆككۆمار دەیتوانی رۆڵ ببینێ، بەڵام بەیاننامەیەكی نارەزایشی دەرنەكرد و بڵێی ئەم دەستدرێژیانە بۆسەر كوردو خاكی كوردستان نادەستوری و نایاساییە!
*سەرۆككۆمار بودجەی ساڵانەكەی ( 51 ملیارو 892 ملیار دینارە) بەویستی خۆی بەو بودجە زەبەلاحەی خزمەتی حیزبەكەی و خزمەتی خۆی پێكردوەو چەندین  كەسی بەپلەی بەرزی راوێژكار لەكەسە نزیكەكانی خۆی دامەزراندوە. لەوانە جوان مەعسومی كچی، مەعسود مەعسوم و خدر مەعسومی برای و فەرهاد عەلادین خوشكەزای و فەریق جەلال شەفیقی پورزای و ئازاد مۆرانی و جەنگیز كۆیی، كە ئەوانیش خزمین لەگەڵ عەبدوڵا عالیاواش كە هاوڕێی خۆیەتی.

رەنگە بێویژدانی بێ، بڵێن؛ كاك د.فواد مەعسومی سەرۆككۆمار هیچی بۆ شەخسی خۆی و بۆ دەوڵەتی عێراقی نەكردبێت، بەڵام ئەی چی بۆ كورد كردوە؟.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/06/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ