وتار
عێراق؛ لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتەوە بۆ شانۆی یەكلاكردنەوەی بەرژەوەندیی زلهێزەكان
محەمەد عەلی

لە سەرەتای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە، شەڕی بەرژەوەندی و نفوز لەو وڵاتەدا لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندا، شتێكی حاشاهەڵنەگرە. هێرشی هێزە عێراقییەكان بۆ سەر كەركووك و داگیركردنی، پێشبڕكێی ئەم دوو هێزەی لە نمایشكردنی هێزەكانی نزیك لە خۆیان، بۆ هەموو لایەك روونتر كردەوە، بە شێوەیەك ئێران لە رێگەی كەناڵە تایبەتەكانی خۆیەوە كاری لەسەر ئەوە كرد كە حەشد و هادی عامری بە پاڵەوان وێنا بكات، ئەمەریكاش هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بوو حەیدەر عەبادی بە تێكشكێنەری داعش و شاسواری یەكپارچەیی عێراق، بناسێنێت.

بەڵام ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پێچەوانەی ویستی ئێران و ئەمەریكا بوون و هاوپەیمانیی سائیروون بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر، پێشەنگ بوو و عامری و عەبادیش لە پلەكانی دووەم و سێیەم هاتن، كە هیچ لیستێكیش نەیتوانی ببێتە براوەی یەكلاكەرەوە. 

رووداوەكانی چەند رۆژی دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیش، ئەو راستییە دەسەلمێنن كە هەریەك لەم دوو هێزە لە عێراق بەرەوڕووی ئاستەنگی جیددی بوونەتەوە لە ئاراستەكردنی هێزە سیاسییەكان بەرەو ئامانجە دیاركراوەكانیان، بۆ ئێران كێشە لە نێوان لیستی فەتح و یەكێتیدا لە كەركووك و پەرتەوازەیی ماڵی شیعە و كەمبوونەوەی دەنگەكانی لیستە نزیكەكانی، هەنگاوەكانی ئێرانی بۆ یەكلاكردنەوەی حكوومەتی داهاتووی لە بەرژەوەندیی خۆیدا، لاواز كردووە. تایبەت بە ئەمەریكاش خاڵی لاوازی بریتییە لە پەرتەوازەیی كورد و بێهێزیی عەبادی و نەبوونی كۆدەنگیی هێزە سوننەكان. 

بەڵام وێڕای ئەمانە، گفتۆگۆ سەرەتاییەكانی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق پێمان دەڵێن، كە ئەمەریكا چەند هەنگاوێك لە پێش ئێرانە، هۆكارەكەشی بوونی لێكتێگەیشتنێكی سەرەتاییە لە نێوان سەدر و عەبادی و حەكیم لەلایەك و، لیستەكەی عەللاوی و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە دەكرێ گەوەترین كوتلەی پەرلەمانی دروست بكەن. 

لە بەرامبەردا، ئێران هەنگاوی پێویستی ناوە بۆ دروستكردنی ئاستەنگ لە بەردەم نزیكبوونەوەی ئەم لایەنانە، هەروەها خۆپیشاندانەكانی باشووریش هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشەكانی ئێران بە بڕینی كارەبای هەناردەكراو بۆ عێراق، ئەمە لە كاتێكدایە كە داواكاریی موقتەدا سەدر بۆ ئەنجامنەدانی خۆپیشاندان، هیچ كاریگەرییەكی نەبوو و لە هەمان كاتدا وتەكانی حاكم زاملی پەرلەمانتاری نزیك لە سەدر و گوشارەكانی ئێران لەسەر لیستی سائیروون بە ڕوونی دەردەخات، كاتێك گوتی قبووڵكردنی داواكارییەكانی كورد، شكست بە حكوومەتی داهاتووی عێراق دەهێنێت.

لەلایەكی ترەوە، بڕیاری پەرلەمانی عێراق بە دووبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست، بە هەوڵی هێزە نزیكەكانی ئێران بوو، بۆیە دەكرێ هاوكێشەكان بە تەواوی پێچەوانە بكاتەوە و یەكێتی و موقتەدا سەدریش لە ئێران تووڕە بكات و بە تەواوی دووریان بخاتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم بڕیارە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دەنگەكانی یەكێتی و سائیروون دەبێت، ئەمەش دەكرێ ئەنجامی چاوەڕواننەكراوی هەبێت و نزیكبوونەوەیان بێت لە قازانجی هێزە نزیكەكانی ئەمەریكا. 

لە پاڵ هەوڵەكانی ئێرانیشدا بۆ یەكلاكردنەوەی حكوومەتی داهاتووی عێراق لە بەرژەوەندیی خۆیدا، هەنگاوە كردەنییەكانی ئەمەریكاش لەم بارەیەوە روونن، بەوەی كە سێ پێكهاتەی حەشدی شەعبیی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە و چاوپۆشی دەكەن لە جموجۆڵەكانی داعش لە عێراق و لە رێگەی برێت ماكگۆركەوە هەوڵەكانی بۆ یەكخستنی كورد بە كردەنی دەست پێكردووە، دواهەنگاویش بڵاوەپێكردنی هێزەكانیەتی لە شنگال و چەند ناوچەیەكی سنووری سووریا، ئەمەش دەكرێ بە گوشارێكی تری ئەمەریكا بۆ سەر جموجۆڵەكانی ئێران لە ناوچەكەدا هەژمار بكرێ.

هاوكات ناكرێ رۆڵی توركیا و سعوودیە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا نادیدە بگیرێ، ئەوەی تا ئێستا روونە هەردوو وڵاتی هەرێمی، كۆكن لەسەر پاڵپشتی لە لیستی سائیروون، بەمانایەكی تر، ئەمانیش لە رێگەی هاوپەیمانە تەقلیدییەكانیان بەتایبەتی سوننەكان، دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە یەكلاكردنەوەی ململانێی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێرادا. 

لە لایەكی دیكەوە، ڕووسیا دوای لێكتێگەیشتنە گشتگیرەكەی لەگەڵ ئەمەریكا دەربارەی سووریا، لە دەرگای كوردستانەوە بە هێزەوە هاتووەتە عێراق، هەروەك چۆن لە سووریا ئێرانی بە تەنیا هێشتووەتەوە، لە عێراقیش هاوئاوازە لەگەڵ سیاسەتەكانی ئەمەریكا، بە دڵنیاییشەوە بەریتانیا لە دوای رووداوەكانی ۱٦ی ئۆكتۆبەر، نەوتی كەركووكی پێشكەش كراوە لە بەرامبەر ڕازیبوونی بە كۆی سیاسەتەكانی ئەمەریكا تایبەت بە عێراق، بۆیە ئاماژەكان پێمان دەڵێن كە ئەم دوو زلهێزە، رێك كەوتوون لەگەڵ ئەمەریكادا بە گۆشەگیركردنی ئێران و كەمكردنەوەی رۆڵی لە عێرادا. 

كوردیش سەرباری ئەو لێكترازانەی بە هۆی بوونی ساختەكاری لە كاتی هەڵبژاردندا تووشی هێزە سیاسییەكانی بووە، بەڵام دەكرێ خاەنی پشكی شێر بێ لە دەستكەوتنی مافەكانیدا، خۆشبەختانە  هەواڵەكانیش دڵخۆشكەرن بەوەی كە هەوڵێكی جیددی هەیە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستانی، كە لە ئێستادا پارتی و یەكێتی كاری بۆ دەكەن و لە داهاتووشدا هەوڵ دەدەن كە گشت فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە خۆ بگرێت. 

ماوەتەوە بڵێین، یەكڕیزیی هێزە كوردستانییەكان هەمیشە مانای بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر بووە و چوونیشمان بۆ بەغدا لە دوای ۲٠٠۳، بە یەكدەنگی توانرا زۆرترین ماف بۆ گەلی كورد دەستەبەر بكرێت، بە تایبەتی لە دەستووری عێراقدا، ئێستاش لە بەرامبەر ئەم پەرتەوازەییەی هێزە عێراقییەكان، دەرفەتێكی زۆر باش بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە، بە جۆرێك ئەوەی توانی لە دەستووردا جێگای بكاتەوە، ئێستا بە كردەنی جێبەجێیان بكات بە تایبەتی پرسی ناوچە كورستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بودجە و نەوت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
06/06/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ