وتار
دەمیرتاش خەریکی تورکیاچێتیە!
هۆشیار عەبدوڵڵا

لام سەیرە فشە قەومیەکانیی باشور لەدەمیرتاش بێدەنگن؟! چۆنە تائێستا چەندین وتاری ئاگرینیان نەنوسیوە دژی سەرکردەی لاوو ھەڵکەوتوی کوردو گەلانی تورکیا سەڵاحەدین دەمیرتاش دوای ئەوەی لەزیندانەوە خۆی کاندید کرد بۆ ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی تورکیا، چۆنە وەک چۆن بەئێمە دەڵێن خەریکی عێراقچێتین بەویش ناڵێن سەرقاڵیی تورکیاچێتیە؟!

چۆنە تا ئێستا قەومیە چەقبەستوەکانیی ھەرێم پێی ناڵێن دەبو لەبری سەرقاڵبونی بەسەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە دەمیرتاش خەریکی دروستکردنی دەوڵەتیی کوردستانی باکور بوایە؟! لام سەیرە ھێشتا لێی بێدەنگن و جامیی غەزەبیی فشە قەومیەکانیانی بەسەردا ناڕێژن وەک ڕشتیان بەسەر نوسەری ئەم دێرانەدا لە گەرمەی بانگەشەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا.

دەمیرتاش لەدوا ھەڵبژاردندا کاتێک سەرۆکایەتی لیستیی ھەدەپەی کرد لەحوزەیرانی ۲٠۱٥، نسبەتی لەسەدا ۱٠ و پۆینت ۷۳ دەنگەکانیی ھێناو بوە سێھەم گەورەترین فراکسێۆن، گوتاری سەرەکیی دەمیرتاش پێکەوە ژیانیی گەلانیی تورکیاو ئاشتی بو، بەو گوتارەش توانیی تێکرای نەتەوەو ئاین و چین و تویژەکان لەو چواردەوری سەرکەوتن کۆبکاتەوە، لێرە لەباشور لەناوچە جێناکۆکەکان باسیی بەیەکەوە ژیان بکەیت تەخوینت ئەکەن، باسی ئەوە بکەی گەلان دەبێ پێکەوەکاربکەن بۆ ئێستاو ئایندەی خۆیان بۆ خۆسەری و بۆ دامەزراندنی ئەزمونی دیموکراسیی پێت دەلێن تۆ پیاوی عەرەب یا تورکمانیی؟!

ئەوەی ھەدەپەو دەمیرتاشیی لای من درەوشاوە کردوە ئەو فکرە ئینسانە باڵاو ئەو نەفەسە ئازادیخوازەیە کە ھەیانە بۆ سیاسەت، ئەوان کار بۆ ئازادی گەلانی تورکیا دەکەن لێرە لەباشور تەزویر لەعەرەب و تورکمان بەکوردایەتی دەزانن.

لەتورکیا شۆڤێنیەتیی تورکیی ھێشتا لەلوتکەدایە بەڵام ئەوانە رێیان لە دەمیرتاش نەگرتوە لەزیندانەوە داوا بکات پەیامەکانیی بگەیەننە ھەمو ھاوڵاتیەکی تورکیا، لەعێراقیش نابێ شوڤێنیەتی عەرەبیی و تورکیی بەشۆڤێنیەت وەڵام بدرێتەوە، دواجار دەبێ گەلان لە دەرەوەی ویستی دەمارگیر و شۆڤینیەکان پێکەوە بژین .

ئەوەی ئێستا ھەدەپە و دەمیرتاش تەرجەمەیان کردوە بۆ گوتاری سیاسیی بەناوی پێکەوە ژیانی گەلان و خۆسەری دیموکراتیی فکری سەرۆک ئاپۆیە، بەدیدی من شانازی ھەرە گەورە ئەوەیە سەرکردەیەکیی وەک ئاپۆ ئێستا لەسەرکردەی گەلیی کوردەوە بوە بەسەرکردەی گەلان، بەمەش بۆتە موڵکی ئینسانیەت وەک ھەر سەرکردەیەکیی تری مێژویی شیوەی گاندی و ماندێلا.

رون و ڕاشکاو دەیڵێم ؛ ئەو گوتارە فکریەی لە باشور لە شەست ساڵی رابردوو ئێمەی پێ گۆشکراوین گوتارێکی ئایندە پوچیی ئەوتۆیە کە بەرھەمەکەی یەکێتی و پارتی و عائیلە سیاسیەکان و شەستوشەش و حەفتاوچوار و سیویەکی ئاب و شانزەی ئۆکتۆبەر و دوانزەی ئایارە ، حەڤدەی شوبات و شەری ناوخۆ و تاڵانی نەوت و سیستمی چەتەگەریە بۆ حوکمڕانیی ، دەبێ لە ریشەوە ئەو گوتارە بگۆڕدرێ کە ناوی نراوە کوردایەتیی و ھیچ پەیوەندیەکیی بە مافەکانیی گەلی کوردەوە نیە بەڵکو ناوێکە بە ھۆیەوە عەقڵێکی خێلەکی و خێزانیی و حزبیی دەمارگیر نەک ھەر توانای ئەوەی نیە مرۆڤ یەکسان ببینێ و شەری ئازادی مرۆڤ بکا بەڵکو مرۆڤ دەکاتە رۆبۆتێکی حزبیی دەمارگیری وا کە لەناو حزبەکەی خۆشیا ئەگەر لە تەکتولی خۆی نەبیت قبوڵی ناکات چ جای لە حزبێکی تر بێت یا لە نەتەوە و پێکھاتەیەکی تر ؟!.

باشور یا ھەرێمی کوردستان پێش ھەمو شت پێویستیی بە رەتکردنەوە و لە گۆڕنانیی ئەو فکرە بۆ گەنە نا ئینسانیە پڕ لە تەخوین و دەمارگیرە ھەیە کە کاستە سیاسیە کۆنە تەقلیدیەکە لەسەری دەژین و کۆمەلێک فشەکەری قەومیی نۆستالجیای خۆیانی پێ ئاودەدەن .

دەمێکە وتومە باشور با لە باکور و دەمیرتاشەوە با لە خۆرئاوا و سالح موسلیمەوە فێر ببێ کە دەبێت فراوانتر بۆ سیاسەت بروانێ و فکری ویرانکەری کوردایەتی بگۆرێ بۆ فکری بەیەکەوە ژیانیی گەلان ، فکری دیکتاتۆریەتی حزبیی و بنەماڵەیی بگۆرێ بۆ خۆسەری دیموکراتیی.

ھەتا کەی فشە قەومیەکان ھەمو تاوانێکیان ناو بنێن کوردایەتیی و کوردایەتیش لە ئێوە بکەن بە کتێبی پیرۆز ؟!

کورد تەنھا دەرگایی فکرێکی ئینسانیی بالاوە دەتوانێت بە گەشیی و گەورەیی برواتە مێژوەوە ، ئەوەی ھەدەپە و پەیەدە ھەوڵیی بۆ ئەدەن رێک ئەو چونە ناو مێژوەیە لە دەرگا فراوانەکەی فکرێکی ئینسانییەوە کە دور بێت لە دەمارگیری قەومیی و نەژادی و گائیفی ، ئەوان لەوێ ئاوا خەریکن ، لێرەش تازە بە تازە تەزویر لە کەرکوک ناو دەنێن کوردایەتی؟!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
07/06/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ