وتار
کوەیتی عەرەبی یان کوەیتی مەلەکی
گوڵاڵە سدیق

ساڵی ٢٠٠٦ بۆ خولێکی بانکی چوینە وڵاتی کوەیت، بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە کۆمپانیای ITS و چەند شوێنێکی تر خولێکی زۆر چڕوپڕمان بینی، لە سعات ٩ بەیانی تا ١٢ شەو، لە نێوان کاتەکاندا دوو ژەم خواردنی شاهانەیان بۆ حازر دەکردین.

ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام، ئەم وڵاتە لەو بیابانەدا یەک پارچە سەوزاییه، شەقامێکی زۆر پاکو خاوێن دڵت نایەت پارچە کاغەزێک فڕێ بدەیت، بەشەوان کرێکاری هندی شفرە و عەلاگەیەکی پێیە، ئیشی تەنها ئەوەیە ئەگەر بنێشتێک لکا بێت بە شەقامەکەوە لێی بکاتەوە.

خەڵکەکەی بە شێوەیەکی شاهانە ژیان دەگوزەرێنن، هاوڵاتییەکی کوەیتی نابینی فەرمانبەری ئاسایی بێت، بەڵکو هەمویان خاوەنی کۆمپانیا و کاری گەورە و بزنسن.
چەندین خەڵکی غەیرە کوەیتی بە ئاسیایی و ئەفریقی و ئەوروپی و ئاسیای شەرقی لەوێ کاردەکەن و کاروبار بەڕێوە دەبەن.

هەواکەی وەک گڕی پەرەمێز گەرم بو، بەڵام تەنانەت لە بازاڕە میللیەکانیشدا هەموی ئامێری فێنک کەرەوەی مەرکەزی دانرابو، ئەوەنە ساردبو هەمیشە بۆ خۆ گەرمکردنەوە دەهاتمە دەرەوە.

شەو هەتا بەیانی بازاڕ و هاتوچۆ هەبو، خانمەکانیان کافتریای تایبەت بە خۆیان هەبو، هەمویان وەک شاژن لە کافتریاکان دانیشتبون و نێرگەلەیان دەکێشا.
ئافرەتێکی کوەیتی لە کۆمپانیای ITS بو پرسیاری حکومەتی کوەیتم لێ کرد بەم شێوەیە وەڵامی دامەوە:
١: هەر مناڵێکی کوەیتی کە لە دایک دەبێت حسابێکی بانکی لەلایەن حکومەتەوە بۆ دەکرێتەوە مانگی ٥٠ دینار دەخرێتە سەر حسابەکەی
.
٢: کە دەخرێتە قوتابخانە باشترین خوێندنیان هەیە، دەوام تا سعات ٢ پاش نیوەڕۆیە، خواردن و کتێب و جلوبەرگ لەسەر حکومەتە، ساڵانە ٢ جار، پایز و بەهار جلوبەرگی نوێیان پێشکەش دەکرێت.

٣: زانکۆکانیان باشترینە و کە زانکۆ تەواو دەکەن یەکەم دامەزراندن بۆ هاوڵاتییەکی کوەیتی ٣٠٠٠ دینارە. ( ١٠٠ دولار بەرامبەر ٢٨ دینارە).

٤: هەمو جەژنێکی ڕەمەزان و قوربان هەمو هاوڵاتییەکی کوەیتی ٢٠٠ دینار دەچێتە سەر ژمارە بانکییەکەی.

٥: کاتێک کوەیتیەک هاوسەرگیری دەکات، ( ئەگەر هەردوکیان کوەیتی بێت، یان یەکێکیان) سەرەتا ١٠٠٠ مەتر زەوی وەک دیاری وەردەگرێ لەگەڵ ٣٠٠٠ دینار دیاری لەلایەن حکومەتەوە، وە ٧٥ هەزار دینار وەک سلفە بۆ دروستکردنی خانوەکەی لەسەر زەوییەکە، وە مانگی ٢٠٠ دینار وەک کرێ شقە تا خانوەکەی تەواو دەبێت، وە لەبەرئەوەی هەمویان ماڵە باوانیان گەورەیە کەسیان ناچنە شقە و ٢٠٠ دینارەکەشیان بۆ دەمێنێتەوە.

٦: تەقاعدی بە %100 موچەکەیە و تا کەسێک لەبنەماڵەکە مابێت حکومەت نایبڕێت.

٧: لەکاتی مردندا پارەی کفن و پرسەو خۆشترین بۆن لەسەر حکومەتە.

٨: هەمو گەڕەکێک مارکێتێکی تێدایە کە خەڵکی ئەو گەڕەکە تێدا پشکدارن، کە لەمارکێتەکە شت و مەک دەکڕن، مانگانە وەسڵەکان دەبەنەوە %80 مەسروفانەکانیان بۆ دەگێڕنەوە، جگە لە قازانج.

٩: هەمو باڵەخانەیەک (شقە) کە خەڵکی بیانی تێدایە لە کاتی ڕەمەزاندا کوەیتیەکان بوفێکی مفتوح لەبەردەم باڵەخانەکە دادەنێن.

١٠: پارەی کاش بەکارناهێنن، هەمو پارەدانێکیان لە ڕێگەی کارتەوەیە، سیستمی بانکیان زۆر پێشکەوتوە.

١١: هەمو سەری مانگێک لە هەمو مۆڵەکاندا داشکاندنێکی بەرچاو هەیە، هەمو کاڵای مۆڵەکانیش کواڵیتی بەرزن.

سەیرم لێ دێ، بەم هەمو خۆشگوزەرانییەوە ژمارەی کوەیتیەکان یەک ملیۆنیان تێ نەپەڕاندوە، ئەگەر لە عیراق یان هەرێمی کوردستان ئەم خۆشگوزەرانییە هەبوایە هەر ماڵەی ٢٠ منداڵی دەبو.

بە بۆچونی من ئەگەر مەلیک فەیسەڵیان نەکوشتایە، ئێستاش هەر تاکێکی عێراقی هیچی کەمتر نەدەبو لە هاوڵاتییەکی کوەیتی.

یان ئەوانەی بە نیازی حکومی بنەماڵەن، ژیانێکی وایان بۆ خەڵک فەراهەم بکردایە، با لە ڕویان بهاتایە بەخەڵک بڵێن بنەماڵەکەمان قبوڵ بکەن!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
13/06/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ