وتار
جەژنی ھاوڵاتیی کوردستان بۆ دەبێ وا بێت؟!
یاسین نادر ڕەحمان


لە چەند ڕۆژی داھاتوودا موسوڵمانانی جیھان و کوردستان جەژنی پیرۆز و مەزنی ڕەمەزان پاش مانگێک تەقوا و عیبادەتی شەوانە و ڕۆژانە تەجروبە دەکەن و ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵان جەژنێکی پڕ چێژ  و خۆشتر لە چەند جەژنێکی پێشووی تر بە نسبەت قەیران و زروفی ماددییەوە دەبێت.

     ئەوەی لە جیھاندا بە نسبەت  ئەم جەژنەوە لەلایەن حکوومەتەکانەوە پەیڕەو دەکرێت (ھەڵبەت بەپێی جیاوازی و گرنگی ئەم جەژنە لای ئەوان) جەژنانەدانی حکوومەت بە کارمەند و ھاونیشتیمانیانی وڵات و بڕیاری دڵخۆشکەرانەی تر بە جیاواز لە ڕۆژانی ئاسایی ترە، تا ھیچ نەبێت ھاوڵاتیانیی نیشتیمانەکەی ھەمیشە دڵخۆش و ڕەزامەند لەوان بن.

    لە ووڵاتان ڕێکخراوە مرۆییەکانیی ژێر چاودێریی حکوومەت بە ھاوکاری حکوومەت دڵی ھەموان بەمنداڵ و پیر و گەنجەوە بەبێ جیاوازی خۆشحاڵ دەکەن تا پەیام و خزمەتی ڕێکخراوەکان ھەنگاوێکی عەمەلی و کردەکی لە چاو و ڕوانگەی خەڵکەوە لێ بڕوانرێت، نابێت لای ئەوان ڕۆڵی خەیرخوازانیش ھەمدیسان لەبیر بکەین کە ئەوانیش ئەوەیان لە دەستبێت و لە دەسھاتبێت بە پاڵپشتی حکوومەتی ووڵاتەکەیان درێغی لێناکەن و زۆر کەس لەو سەروەت و سامانە کەڵەکەبوویەیان بێبەش ناکەن، چوونکە ھەر چییەک بێت ئەوانیش بەدەستھات و سەروەت و سامان و دەوڵەمەندییان، لە ئەدای کاری حکوومەت و ھاونیشتیمانیانی دەزانن.


     - ئایا غەیر لەمەیە: ئەوان وەختە ڕۆژانی شادی و خوَِشی و جەژن وەختە لە بیردەکەن و بیر لەمان و نەمان و بژیوی بەس دەکەنەوە.

     - ئایا غەیر لەمەیە، نازانرێت لێرەدا کێ حکوومەتەو کێ خەیرخوازە و کێ دەیەوێت ھاوڵاتی پڕ لە قەیران و پڕ لە دڵەڕاوکێی ھەرێم، ڕەزامەند لە خۆی بکات.

     - ئایا غەیر لەمەیە ھەر ڕێکخراو و ناوەندێکی خەیرخوازی بەناوی حیزبیی و شتی ترەوە، ھاوکاری کۆمەڵێکی دیاریکراو لە توێژەکان بەبێ بەرنامە دەکات، ئیتر ئەوەی کە کوردەواری گووتەنی: "دەم و پلی ھاتنە پێشەوەی بۆ ئەم ناوەند و شوێنە حیزبیانە نییە نەک بێبەش ڕەنگە جەژن بەڕێبکات بە برسێتیش ڕەنگە سەر بنێتەوە و نەخۆشیە جۆراوجۆرەکان تەنگی پێ ھەڵچنێت و کەسیش لەمانە ھەر پێی نەزانێت.

   - ئایا غەیر لەمەیە کە مێشکی ھەمووی وا لە سیاسەت و سیاسەتبازییەوە پڕ کراوە وەک ئەوە بڵێی قسەو گووتەی سیاسیی نان و ئاو و خۆڕاکی ھەموان دابین دەکات.

    - ئایا غەیر لەمەیە بەناوی ھەڵبژاردنێک کە نەزیفەو ساختەکاری تیادا نەکراوە (کە ئەسڵ و ئەسایی نییە) پێشمەرگە و چین و توێژەکانیتر وا دەھێننە سەر شەقامەکان لەمەر ھاندانیان دژی حیزبە مافخوراو و دەنگ تەزویرکراوەکانەوە و وەختە بەس پەیامی جەژنی سەرەکی ئاینیمان لەجێی شادی و خۆشی و کەیفخۆشی و سەردانکردن و گەردن ئازادیکردنی کەلتووریانە، وەختە لەم باسانەدا کوورت بکەنەوە و ھەر بە یەکجاری جەژنەکانی دوای ئەم پڕوسانەشمان لێ تێک بدەن و بەرەو سڕینەوەش ڕەنگە خۆ ھەر بچێت. 
   - ئایا غەیر لەمەیە ئاھەنگ و کۆنفرانس و دیبەیت و گفتگۆکانی ھەڵبژارن و تەشکیلی حکومەتیی نوێی عێراق بە تەداخولاتی بێگانەکان، لە کۆڕ و کۆڕبەندەکان لە ئوتێلە ڕاقی و پێشکەوتووەکانی ناوەوە و دەرەوەی ووڵات پارە خەرج و سەرف دەکرێت و ئەمانە جێی دڵخۆشکردنی خەڵکی گرتووە و خۆزگا لە چاوێکی ماڵە ھەژارەکانەوە سەیری خەرجی و مەخاریجی ئەم ھەنگاوانەت دەکرد، ئەوکات دەتزانی چەندە خەڵکی ھەژار و ھاوڵاتیی و کارمەند و مامۆستای ھەژاری ئەم وڵاتەت دەتتوانی بەم خەرجیانەوە پێ دڵخۆش لەم جەژنەدا بکردایە.

- ئایا غەیر لەمەیە لەم بەرەجەژنەی ئەمساڵدا لەبەر ھەڵبژاردن و حکومەتی نوێی داھاتووی ووڵاتمان، وەختە زۆر دراوسێ ووڵاتمان لێ دەبێتە دوژمن و ڕۆژێک سنوور و رۆژێک ئاو و ڕۆژێک ھەڕەشەی نانگرتنەوە و ئاژاوەخستنە نێو ماڵ و دونیای سیاسیەکانمانەوە و ھەڕەشەی زۆر شتی ترمان لێدەکەن، بێ ئەوەی کە بزانرێت ھەرێم و ووڵاتێک کە پشتی بە تەکنۆلوجیا و سودبردن لە کەرەستە دونیای دەرەوە(بە نزیکی و دوورییان)ەوە بەستووە، ڕەنگە بەم ھەنگاوانە بەرەو دۆخی خراپ و ئیفلیجبوونی بڕوات.

    -ئایا غەیر لەمەیە کە خێزانی ڕۆڵە شەھید و بریندارەجەنگییەکانمان و خێزانە پەنابەربووەکانمان لە ووڵاتان و خنکاوانی نێو دەریای ئیجەکان لەخەم و بیماری و لەدەستدان و ڕۆیشتنیان، ئەم جەژنە و ھاوشێوەکانی ئەم بۆنەیە وا بەسەر دەکەن.

    -ئایا غەیر لەمەیە وا بە ھۆی ئیفلیجی پەروەردەییەوە، دیاردە مەترسیدارەکان کوشتن و بڕین و دزی و قوڵبڕین وەختە بەرۆک بە کۆمەڵگا ھەڵدەچنێت و خەڵک وەختە ھەراسان دەکات کە نەکوو ڕۆڵەکانیان لە بێ پەروەردەیی و دابڕانی لە خوێندنی سەقەتی پەروەردەیی، لە جێگەی مەترسیدار و ڕووداوێکی نەخوازرا و ناخوشدا ببینێتەوە کە لە چاوەڕوانیدا ھەرگیز نەبووە.

-ئایا غەیر لەمەیە کە فەرمانبەران مووچەی ساڵانی پێشوویان ئێستا وەردەگرن و ئیتر پاشەکەوتە فەوتاوەکانیشیان بوەستێت کە دەبێت لە چەکی تەمەنیاندا بنووسرێت و کەس نازانێت ئەو مووچە فەوتاوانەیان وەردەگرن و ئەمەلی وەرگرتنیان دەبێت.
وە غەیر لەمەی زۆری تر کە لەم وتارەدا جێی نابێتەوە.......

بۆیە دەڵێم حکومەت: بازاڕی ئەم دۆخە شڵوق و شلەقاوەت باش...!!! کە گەر فریای نەکەوێت و تاک لەم ھەرێم و ووڵاتەدا بگرە لە دەوڵەت و حکوومەتی داھاتوویی چاوەروانکراو و نەکراویدا، چیتر نابێت و نایەوێت دۆخی لێ تێک بچێت و تێکبدرێت، بۆیە ئەرکە ئەخلاقیەکان و کرداریەکان بگرنە بەر ئەگینا جەژن و شادی ڕێگای پێچەوانەی بۆ ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمە لە چاوەڕوانیدا بۆ ھەمیشە دەھێڵێتەوە کە میللەت ئەوە ناخوازێت و نایەوێت و چاوەڕوانیشی ھەرگیز ناکات.  
 

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
13/06/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ