وتار
بۆ بەرەی ناڕازیی و لایەنە دەنگ لێدزراوەکان
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

گەر کات نەبڕن ، ئەوا کات ئامادەیە بۆبڕینتان ؛

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وڕاپرسی لەهەرێم ڕۆژانی (۱۸ تا ۲۱) ی حوزەیرانی دیاریکردوە تاکو قەوارەولایەنە سیاسیەکان هاوپەیمانێتی پێکبهێنن بۆبەشداریکردن لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کەبڕیارە لە (۳۰)ی ئەیلولی ( ۲۰۱۸)دا ئەنجام بدرێ.
لەئێستادا چەند لایەنێکی سیاسی ناڕازی وخاوەن جەماوەری بەرفراوان هەن کەجگەلەوەی ناڕازین لەشێوازی حوکمڕانی وئەدائی کارکردنی دەسەڵاتدارانی ئێستا ، لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا کەلە (۱۲)ی ئایاری ڕابردوو ئەنجامدرا ، 
ساختەکارییەکی زۆرو زەوەندلەدەنگەکانیانداکرا .
لەوساتەوە پێیان دەوترێت لایەنە ناڕازی ودەنگدزراوەکان .
دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە هەموو کارێک دەکەن وهەموو هەولێکیش دەخەنەگەڕ بۆ بێ بەهاکردنی هەڵبژاردن و دەنگدان ودەنگی هاوڵاتیان ، و ئەوساختەکارییەش لەهەڵبژاردنەکانی مانگی ڕابردوو کردیان لەبەرامبەر دەنگدانی هاوڵاتیان یەکێک بوو لەهەوڵەپلان بۆداڕژراوودانراوەکانیان ، وەتائەندازەیەکیش کاریگەری کردۆتە سەر تێڕوانینی هاونیشتمانیان بۆپڕۆسەیەکی گرنگی وەک هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەشێوازێکی شارستانی و دیموکراسیانە .
لەئێستاشداو لەم دۆخە ناجێگیرو ئایندە نادیارەدا تەنهاڕێگاو باشترین چارەسەریش بۆ گەڕانەوی ئومێد و بەشداریکردنی پڕجۆش وخرۆشی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وتەنانەت ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمیش دروستکردن وپێکهێنانی بەرەیەکی پتەوبەهێزە لەژێرناوی هاوپەیمانیەتیەکدا بەبەشداری لایەنەکانی گۆڕان ، یەکگرتوو ، کۆمەڵی ئیسلامی ، هاوپەیمانی بۆدیموکراسی وداووپەروەری ،و دەرگاش واڵا بێت بۆ هەرلایەن وتەنانەت کەسایەتیەکی دیارو بەهێزی نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆبەشداریکردن تێیدا .
دروستکردنی هاوپەیمانیەتیەک لەنێوان چەندلایەن وپارتێکی سیاسی کەخاوەن جەماوەرن چەندگرنگیەکی هەیە لەوانە ؛ 

ــ کەمترین دەنگ لەباردەچێت ، و ئەو لایەنانەش کەدەنگی پێویست ناهێنن لەکاتی دابەشبونی دەنگەکان بەسەر لایەنە براوەکاندا زۆرترین دەنگ بەرهاوپەیمانیەتیەکە دەکەوێت .
ــ لەهەموو بنکەو وێستگەکانی دەنگداندا نوێنەری هاوپەیمانیەتیەکە ئامادەبونی دەبێت .
ــ دەتوانرێت تاڕادەیەک ڕێگیری بکرێت لەدزی وگزیکردن لەدەنگەکان .
ــ هەموو لایەنە ناڕازییەکانی نێو بەرەکە لەڕێگای کەناڵە جۆراوجۆرەکانی خۆیانەوە هەوڵەکانیان چڕوپڕترلەناوەوەو دەرەوەی هەرێم بکەنەوە لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک ودوور لەساختەکاری وفێڵی جۆراوجۆری سەردەمدا. .
ــ بە بوونی بەرەیەکی بەهێز ناتوانرێت لەلایەن لایەنەکانی دەسەڵاتەوە بەئاسانی ساختەکاری ئەنجامبدرێت .
ــ بەرەیەکی بەهێزو کاریگەر سەرکەوتنی بەرەکە مسۆگەرتردەکات وکەوتنی لایەنەکانی تریش ئاسانتردەبێت لەلایەک ولەلایەکی تریشەوە هاوپەیمانەتیەکە بەبەدەسهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمانی دەتوانێت کارنامەو دروشمەکانی کەمپەینی هەڵبژاردنیان کەزیاتر خۆی دەبینێتەوە لەشێوازی حوکمڕانی و هێنانەدی دادی کۆمەڵایەتی و سەروەری یاساو شەفافیەتدا بخەنەبواری جێبەجێکردنەوە .
ــ لەهەمووی گرنگترو کاریگەرتر گەڕاندنەوەی تاڕادەیەکی زۆر ئومێدو هیوایە بەهەڵبژاردن وبەشدارییەکی بەرفراوانی خەڵکیە لەهەڵبژاردندا .
بۆیە چیدی هیچ بەهانەو بیانویەک نەماوە بۆپێکنەهێنان دروست نەکردنی هاوپەیمانیەتیەک لەنێوان لایەنەناڕازی و دەنگ لێدزراوەکان ، وەدەبێت زۆر باش ئەو ڕاستیەش بزانن کە تەنها سێ ڕۆژ کاتتان لەبەردەمدایە بۆپێکهێنانی هاوپەیمانیەتیەکە ،و گەر ئەم کاتەکەمەی بەردەمتان بەباشی نەبڕن وسودی لێوەرنەگرن ئەوا کات زۆر بەئاسانی دەتانبڕێت و دواتریش پەشیمانی دادی کەس نادات .
ماوەتەوە بڵێین کەئەرکی ئەو لایەنانەیە بەزوویی خواست وداوای جەماوەری کوردستان و زۆرینەی هەرە زۆری دەنگدەرەکانیان بهێننە دی کەخۆی دەبینێتەوە لەهاوپەیمانیەتیەکی گەورەو کاریگەر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
19/06/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ