وتار
ئایا قەندیل ئەنكەڕە دەھەژێنێت یان خۆی دەھەژێت؟
کارۆخ عوسمان

توركیا لەژێر سێبەری بودجەیەكی ٨ ملیار دۆلاری وەزارەتی بەرگری نیشتمانیدا خاوەنی سوپایەكە لەسەرئاستی دونیادا ھەشتەمینە.

وە لەناو ڕێكخراوی (NATO)دا پلەی چوارەمی ڕیزبەندی گرتووە.

بەپێی ڕیزبەندی سەندیكای ھێزی ئاگرین بۆ سوپا توركیا خاوەنی ئەمانەی خوارەوەیە:-

١-ھێزی پیادەدا;

أ. (٧٤٣) ھەزارو (٤١٥) سەرباز، كەلەنێویاندا (٨٥٠) پلەداری سەربازی ھەیە.

ب. (٢) ھەزارو (٤٤٥) تانكی ھێرشبەر.

ج. (٧) ھەزارو (٥٥٠) ئۆتۆمۆبێلی زرێپۆشی شەڕكەر.

د. نزیكەی (٤) ھەزار شەڕكەر لەھێزی ڕەش، كە داخلی سیستەمی سەربازی عالەمی نین.



٢- ھێزی ئاسمانی;

أ. (٢٠٧) فڕۆكەی بەرگری.

ب. (٢٠٧) فڕۆكەی ھێرشبەر.

ج. (٤٣٩) فڕۆكەی گواستنەوە.

د. (٢٧٦) فڕۆكەی فێركاری.

ھ. (٤٥٥) ئێلی كۆپتەر، كە (٨٥) دانەیان ھێرشبەرن.



٣- ھێزی دەریایی;

أ. (١٦) كەشتی گەورەی جەنگی لەجۆری (Firkate).

ب. (٩) كەشتی جەنگی ناوەند، لەجۆری (Corvet).

ج. (١٢) ژێر دەریایی.

د. (٣٤) كەشتی بنكەی پۆلیسی دەریایی.

ھ. (١١) كەشتی مین.



ھەربەپێی ئەو ڕاپۆرتە، توركیا ساڵانە (٨) ملیارو (٢٠٨) ملیۆن دۆلاری وەك بودجە بۆ سوپای وڵاتەكەی خەرج دەكات.

سەرەڕای ئەوەی كەبەھۆی شەڕی بەردەوامی لەگەڵ ھێزەكانی PKK و چالاكوانانی ناوخۆیی و ڕەوشی ئاوارتە بڕی زیاتری بودجە خەرج دەكات.



ھەروەھا جگە لەسوپا، خاوەنی ھێزێكی گەورەی (٢٧٣) ھەزار و (٨٤٦) پۆلیسیە كە كاردەكەن لەئەمنیەتی ناوخۆیی توركیاو سوپا تەنھا ئەركی شەڕەكانی سنور بەجێ دەگەیەنێت.

كەواتە قەندیل و ھێزە بەرگریكارەكەی كە پەكەكەیە زۆر نابەرابەرن لەگەڵ توركیا.

دەكرا لەماوەی ڕابردوو و لەئێستاشەوە بۆ ئایندە میكانیزمێكیتر لەسیاسەت بەرامبەر توركیا بۆ وەدەستھێنانی مافەكانی كورد بگیردرێتەبەر، چونكە لەھەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە بەچڕی شەڕی چەكداری دژ بەدەوڵەتی توركیا دەكرێت لەلایەن پەكەكەوە كەچی ھیچ بەرھەمێكی سەوزی نەبوو، بەڵكو ڕەوشی مافەكانی كورد ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتر دەبوون تا ساڵی ٢٠٠٢ كەئیخوانەكان جیاوازتر لەھەر قۆناغێكیتر حوكمیان دەست پێكرد.

لەماوەی حوكمی ئەواندا كوردان مافی جوڵانەوەی مەدەنیان سەرەتا لەچوارچێوەی شەخس و دواتریش گروپ و كۆمەڵ و پارت پێدرا، لەئەنجامی بەشداری كردنی ھەڵبژاردن كوردەكان خاوەنداری كورسی پەرلەمانی و شارەوانی و والیەكان بوون لەزۆربەی ھەرەزۆری شارە كوردنشینەكان. ئەمە بەبەرھەمی خەباتی سیاسەتی مەدەنی دادەنرێت نەك چەكداری.

بۆعێڕاق و سوریاش ئەمە ڕاستە، چونكە ئەگەر شەڕی كەنداو نەبوایە كوردانی باشور ھەرگیز بەكڵاشینكۆف سوپای عێڕاقیان پێ وەدەرنەدەنرا، ئەگەر شۆڕشی عەڕەبی و معادەلەی نێودەوڵەتیش نەبوایە كانتۆنەكانی ڕوژئاوا ھەر لەناو جانتاكان دەبوون.



لە ھەڵبژاردنی ٧ی حوزەیراندا كورد ١٣٪‏ی بەدەست ھێناو بوو بەخاوەنی ٨١ كورسی پەرلەمان و حزبی حاكمیش نەگەیشتە ئەو ڕێژەیە كەحكومەت بەتەنھا پێك بھێنێت بۆیە ناچاری كواڵسیۆن بوو، یەكەم لیستی براوەش كە تەكلیفی شەراكەتی لێكرد ھەدەپە بوو بەڵام بەھۆی غروری و لاوازی دیبلۆماسی و زەختی قەندیل واتا پەكەكە ئەو تەكلیفەی ئاكپارتی ڕەت كرایەوە، لەدوبارەی ھەڵبژاردندنیشدا توشی نوشستی ھات و بەئاستەم توانای تێپەڕاندنی ١٠٪‏ی ھەبوو. ئەمەش جگە لەڕەوشی نائاسایی كە كاری كردە سەر دەنگەكانی بەڵام دەنگدەرانی ھەدەپەش سزای پارتەكەیاندا كەبەشداری تەشكیلی حكومەتیان نەكردو بوون بە ئۆپۆزسیۆنێكی مەدەنی لەبازنەی دوژمن گوتاردا، بیریان چوو كە ئەوان دەبێ جیاوازبن لە پەكەكە، چون پەكەكە ھێزێكی چەكداریەو وەك دوژمنی دەوڵەت پێناسەكراوە كەچی ھەدەپە ڕكابەرێكی دژە.

ئەوان سودیان لەوە وەرنەگرت كە ئەوەی لەبەشداریەكی مەدەنی ئاشتیانەی دوورمەودادا دەستیان دەكەوێت لەشەڕێكی چەكداری ماوەكورتدا لەدەستی دەدەن.



لێرەدا كوردانی ڕێكخراو لەپارتە مەدەنیەكان ئەگەر وەكو دوژمن سەیری دەوڵەتی توركیا بكەن پێویستە لەشاخ بن و چەك ھەڵگرن چونكە ئەوكاتە دەوڵەت حەق دەداتەخۆی ھەر كاردانەوەیەكی ھەبێت.

كەچی واشیان كردو لەبازنەی مەدەنیەت دەرچوون، لەجیاتی پەیوەندی لەگەڵ ھێزە مەدەنیەكانی توركیا ببەستن خۆیان بەدرێژكراوەی سیاسەتی پەكەكە دایە قەڵەم، وەلێ ھێشتا مافی بەشداری ھەڵبژاردنیان لێ نەسەندرایەوە. بەڵام ھێشتا كات زۆری ماوە دەكرێ بەفعلی و لەئاستی گوتاری سیاسیدا دژبەری بازنەی مەدەنیبن و خۆیان لەقەندیل بەجودا وێنا بكەن. ئەوكاتەش كەكانتۆنەكانی ڕۆژئاوا دامەزران ھەمان پێشنیار بۆ پەیەدە كرا كەدووركەوێتەوە لەپێناسەو دروشمەكانی پەكەكە، تاكو نەبێتە مەھانە بۆتوركیا كەسنوری سوریا ببەزێنێت و داگیركاری ئەنجام بدات، بینیمان كەھیچ وڵاتێك دژی لەشكركێشی سەر عەفرین نەبوو بەڵكو حەقیان دەدا بەدەوڵەتی توركیا سنورەكانی بپارێزێت لەئۆپۆزسیۆنی چەكداری وڵاتەكەی كە پەكەكەیە.

ئەمە دیفاع كردن نیە لەدەوڵەتی توركیا بەڵكو دەرخستنی كێماسی سیاسەتی كوردە كەنەیزانیوە تەریب لەگەڵ پێناسەكەی خۆیدا بڕوات و بەقەبارەی بەرامبەرەكانی فێڵی سیاسی بدۆزێتەوە.



كوردانی باكور لەساڵی ١٩٧٨ بەدواوە لەناو پارتێكی شیوعی لەسێبەری دروشمەكانی پەكەكە خۆیان ڕێكخستووەو ھێزی ڕكابەری چەكداریان پێكھێناوە، تا ئەم ساتە ھیچ ئامانجێكیان وەدی نەھاتووە لەناو خاكی توركیادا، بەڵام دوای ھاتنە حوكمی ئاكپارتی ھێزی مەدەنی كورد جگە لەجوگرافیایەكی جیاكراوە گەیشتە بەشێكی زۆر لەمافەكانی وەلێ نەیانتوانی وەبەرھێنانی زیاتر لە وەدەستھاتوەكان بكەن.

مەدەنیەكان بەچەشنی پەكەكە كاریان لەوروژاندنی ھەستی خەڵكدا كرد لەجیاتی شەڕی دیپلۆماسی لەبازنەی شارستانیدا، بێشك پەلكێشی ئەم ھەڵەیە كران نەك خۆیان داھێنەری ھەڵەكان بن.

ئێستێش لەم ئۆپەراسیۆنە عەسكەریەی توركیا بۆسەر باشوری كوردستان و ناوچەی نشینگەی گەریلاكانی پەكەكە دیسان بەردەوامی دەدرێت بەگوتاری حەماسی و ھۆتافی پۆپۆلیستی، كەچی قۆناغەكە پێویستی بەگرێبەستی سیاسی ھەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕێگە لەكەوتنی قەندیل بگیردرێت و عەفرینێكیتر دووبارە نەبێتەوە، چون كەوتن و مردن سەركەوتن نیە بەڵكو مانەوە لەسێبەری سیاسەتێكی حەكیمدا وەرچەرخانی قۆناغە بەئاراستەی قازانج.

وەك خۆری سەرلەبەیانی كەنیشانەی ڕۆژ دەدا دیارە كەنەك پەكەكە بەڵكو سوپای عێڕاقیش توانای پێش پێگرتنی لەشكری دەوڵەتێكی وەك توركیای نیە، چونكە ئیمكانیاتی سوپایی لەئاستێكدایە ٦٥٪‏ لەچەكە پێشكەوتووەكانی ھەر خۆی دروستیان دەكات ئەمما ھێزەكانی گەریلا ھێشتا باشترین سیلاحیان كڵاشینكۆفە.

بۆیە بێشك بەم میكانیزمە كۆنگەراییە سوپای توركیا لەقەندیلەو بەم لەشكركێشیە حوكمی تۆتالیتاری ھەرێمی كوردستانیش درێژتر دەبێتەوە كە موستەقیم لەگەڵ پاڵپشتی توركیا دەڕوات.



ڕەنگە بگوترێت كەئەم شەڕە پەیوەندی بەھەڵبژاردنی نێوخۆیی توركیاوە ھەیە، بەڵام ئەم تێڕوانینە ھەڵەیە چونكە لەساڵی ٢٠١٤ لەئەنجامی ھەڵوەشانەوەی پڕۆسەی ئاشتی دەوڵەت-پەكەكەدا ئەم بڕیارە دراوە، بڕیاری دەستپێكردنەوەی شەڕیش بەتەنھا دەوڵەت لێی بەرپرسیار نیە بەڵكو پەكەكەش دەگرێتەوە، چونكە نەیتوانی موماتەڵە بەكات بكات تاكو ھێزە مەدەنیە كوردیەكانی نێوشارەكان دەگەنە قۆناغێكی باش لەبەشداری حوكمڕانیداو كاریگەری لەسەر دەستوری ئەو وڵاتە دائەنێن لەبەرژەوەندی گەلی كورد.

ئێستاش كە پەكەكە دەڵێ قەندیل لەدوژمن دەكەین بەگۆڕستان ھەڵەترین گوتاری شۆڕشی كوردە، لەبەرئەوەی لەدونیادا نەبووە ھێزێك خاكی خۆی بەگۆڕستان وێنابكات بەڵكە خاكی دوژمن دەبێ بكرێتە ئامانج، ئینجا بەھۆی زۆری نابەرابەریەوە ترس لەپێچەوانە بوونەوەدایە.

با چیتر بەھۆی ترس لەتەخوین شەپۆلی ڕەخنە لەكەناری خۆمان نەوەستێ ئەگینا بەیەكجاری دەریای سیاسەتی كورد بۆگەن دەبێت و ئامانجە نیشتمانیەكانیش دەبن بەمردوویەكی بێ كێل.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
19/06/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ