وتار
خوێندنەوە و تێڕامان لە ژیان
ئەرشەد تەحسین



    ژیان پێویستی بە رامانە, رامانێک کە مرۆڤ بەرەو قوڵایی ناخی نھێنیە پەی پێ نەبراوەکان ببات, خوێندنەوە بۆ ژیان بکات و بتوانێت درک بە ئێش و ئازارەکان, ناخۆشی و مەینەتیەکان بکات, خاڵی پێویست لەسەر پیتەکانی ژیان دابنێت و بتوانێت چارەسەر بۆ مەینەتیەکان بدۆزێتەوە, ھەر مرۆڤێک, کە ھاتە سەر سەکۆی ئەم ژیانە و بڕیاریدا لە ژیانکردن بەردەوام بێت, دەبێت خوێندنەوەی خۆی بۆ ژیان ھەبێت و دنیابینی و ژیانناسی خۆی بخاتە گەڕ بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکان دا, پەنجە بخاتە سەر کەم و کوڕی و خاڵە نائاساییەکان و چارەسەریان بکات, گەر نا سەرلێشێواوی و گیرۆدەیی دەبێت, ئەو کاتیش ژیان نەک بۆ ئەو بێ چێژ دەبێت, بەڵکو بۆی دەبێتە دۆزەخێکی پڕ ئازار.

  بە بیرکردنەوەی مرۆڤ, خوێندنەوەی قوڵی ژیان و رامان لە چواردەور و کۆمەڵگە, ھزر و بیرکردنەوە بەرھەم ھاتووە, کاتێک مرۆڤ بیری کردەوە,پرسیاری لەلا دروست دەبێت و بەدوای وەڵام دا دەگەڕێت, لەو ساتەوەختەوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە بێ وەڵامەکان, بۆ شیکارکردنی بابەتە ئاڵۆزەکان, فەلسەفە, تیۆر, رێبازە فەلسەفی و زانستیەکان بەرھەم ھاتوون و مرۆڤ توانیویەتی وەڵام بۆ شتگەلێک بەدەست بھێنێت کە لەلای ناروون و نامۆ بوون, لەمەشەوە, دۆزینەوەی نوێ پەیدابوون و بووە ھۆی دەرکەوتن و گەشە سەندنی زانست و بەرەو پێ چوونی ئاستی گوزەرانی مرۆڤایەتی.

 تاکە جیاوازی مرۆڤ و زیندەوەرانی تر تێڕامان و بیرکردنەوە و تێبینی کردنی پڕۆسەی ژیان کردنە, گومان لەوەدا نیە تا بیربکەیتەوە, گرێ کوێرەکانی ژیان کردنەوەیان ئاسانتر دەبێت و سەختیەکانی ژیان بەرەو ئاسایی بوون دەچن, ھەر کات مرۆڤ بیری کردەوە و لەبەر رۆشنایی و خوێندنەوەی خۆی بۆ ژیان ھەنگاوی نا, ئەوا ھەنگاوەکانی ژیرانەتر دەبێت و مرۆڤانەتر دەتوانێت بژێت,  چونکە لە ھەر کارێکی ژیان دا, عەقڵا و بیرکردنەوە پێشەنگ بوو ئەوا پەشیمانی بەدوادا نایەت و ئەنجامی باشی دەبێت, ھەر پەیوەندی کردنێک لەسەر بنەمای لۆژیک ولێکدانەوە و تێڕامانەوە ھەنگاوی بۆنرا, ئەوە بەختەوەری و ئاسوودەیی ویژدانی بەدوادا دێت, بە پێچەوانەوە, ھەر کارێک سۆز بەبێ لۆژیک و بنەمای زانستی و لێکدانەوەی قوڵا سەرچاوەی بڕیاردانی بێت فشەڵە و زوو لەبەر یەک ھەڵدەوەشێتەوە.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت تەمەن و ئەزموون مامۆستایەکی باشن بۆ شارەزابوون و ناسینی پێچاوپێچە تاریکەکانی ژیان, راست کردنەوەی ھەڵەکانی رابردوو, دۆزینەوەی کەم و کوڕیەکان, چرایەکی بەھێزن بۆ رۆشنکردنەوەی کۆڵانە تاریکەکانی ژیان, مرۆڤی ژیر ھەمیشە چرایە بۆ رۆشنکردنەوەی تاریکستانی کۆمەڵگە.

 چەند مەزنن ئەو مرۆڤانەی خوێندنەوەیان ھەیە بۆ ژیان و بەتێڕامانەوەلە پڕۆسەی ژیان کردن بەردەوام دەبن, چەند مەزنترن ئەو مرۆڤانەی دەبنە خۆرێکی گەشاوە و رۆژگاری سەخت و تاریکی مرۆڤایەتی رووناک دەکەنەوە و سەرەنجام ژیان شانازییان پێوە دەکات.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
20/06/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ