وتار
وەزارەتی پەروەردە، بۆچی پشووی پاش تاقیکردنەوەکان بۆ خوێندکاران بە ھەند وەرناگرێت؟!
یاسین نادر ڕەحمان



لەگەڵ کۆتایی ھاتنی سەرکەوتوانەی تا ڕادەیەک پڕۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی بنەڕەتی  و ئامادەیی پۆلە ناکۆتاکان لەم ساڵداو پاشان تاقیکردنەوە بەکەلۆریی و نیشتیمانیەکانی ئەم دوو قۆناغە لە چەند ڕۆژی ڕابروودا کە دەتوانین بە ساڵێکی پڕ مشتومڕ بۆ قوتابیی و مامۆستا بە ھەموو خوشیی و ناخۆشیەکان لێی بڕوانین. دەبێت وەزارەتی پەروەردە و دەزگا فێرکارییە پەیوەندیدارە پەروەردییەکانی ئەرکی زیاتریان لەبارەی پڕۆسەی پەروەردەو خەمخواردن بۆ ئەم بوارەوە بخەنە ڕوو.

     ھەمیشە کاتێک تاقیکردنەوەکان کۆتاییان پێ دێت، ئەوە لە زەینی خوودی خوێندکاران و کەسوکار و مامۆستایانیان دروست دەبێت کە وەزارەتی پەروەردە لە پاش کۆتایی ھاتنی ساڵی خوێندن و بەکوورتی پاش تاقیکردنەوەو ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیان، ئیتر ھەر قۆناغێک بێت. پلانیتری وەک ( B )ی وەک ھاوکاری و ھاویاری لە پڕۆسەی پەروەردەدا بۆ خوێندکار و قوتابیانی نییە، تا خوێندکار و قوتابی ھەرێم لە جێی دابڕانیی ماوەیەکی ١٠٠ ڕۆژی لە ژیانی خوێندنی، پێوەی خۆخەریک بێت. کە ئەمەش دەتوانێت ھەر پەیوەست بەم بوارەی خوێندن و پەروەردەییەوە بێت و ھاوکاریەکی باش لە ساڵی داھاتوویی خوێندنی بێت.
     ئەوەی بەگشتیش خەڵک و مامۆستا و خوێندکار پێوەی پابەندە، خوێندنی خوێندکار و پەروەردەی ئەو لە خوێندنگاکەیەتی، مەعقول نییە نزیکەی سەدان ھەزار یان زیاتر قوتابخانە و خوێندنگا و ناوەندیی فێرکاریی لە ھەرێمی کوردستان لە وەرزی ھاویندا ھەروا بە خاڵی و بەتاڵی و بێ چالاکی بمێننەوە و پلانێکی دووەمی لە کاتەکانی پشوو ئیتر بۆ ھەر وانەیەک بێت کە خزمەت بە پەروەردەی بکات، چ وانەی غەیرە دەرسی و چ پەیوەست و ھاوکاری  دەرسی بێت، تیایدا نەخوێندرێت.

     نازانم ھیچ چاوێکمان بە ووڵاتانی دەوروبەرمان خشاندووە ئەوان خەریکی چین؟ لەمبارەیەوە چیی دەکەن؟ چ چالاکییەک بۆ خوێندکارەکانی لەم وەرزەدا ھەر بەھۆی مامۆستا و خوێندکاران و ڕاھێنەرانی پەروەردییەوە ئەنجام دەدەن؟ تا خوانەخواستە شتی نەخوازراوی کۆمەڵایەتی و غەیرە پەروەردەی ڕوو لە وڵاتەکانیان نەکات.
     ڕۆژانە لە وەرزی پشوودا چەندە خوێندکار لە کۆڵان و کوچەو شەقامەکانی شارەکاندا لە کوردستان دەبینین کە بەتاڵ و بێکار و دوور لە خزمەتێکی پەروەردەیی خەریکی کارێکی ناپەروەردەیی پێچەوانەی ئاراستە باشەکانی کۆمەڵگا و پەروەردەن.
    ھەرچەندە ھەندێکی کەم لەوان دەبینین بۆ بژێوی و پیشەی جیاوازتر لە خوێندنی و کاریتر بۆ خزمەتی خۆی و خێزانی و کۆمەڵگاکەی دەکات. بەڵام ئەوەی گشتییەو بە بەرچاومانەوە دەیبینین لە وەرزی پشووی ھاویندا، بەتاڵی و کات بەفیڕۆدانی پشووەکانە بە بێ خزمەتکردنی پەروەردەیی لە ڕێگەی پلان دانەنانی جیدی بۆ ئەوانە، کە بەرچاو دەکەوێت.
    وە ئەمەش نابێت لەم نێوەندەشدا بشارینەوە کە سەرچاوەی سەرجەم ڕووداوە نەخوازراو و کێشە کۆمەڵایەتیەکانی نێو خێزان و شار و شارۆچکەکانی کوردستانە. ئاماری بەندکراوانی کارە ناجایز و دژەیاساکان و کوشت و بڕی و دزیکردن و ڕووداوی تر لەم وەررزە پشووانەدا نموونەی ئەم بێ پلانییەی وەزارەتی پەروەردە و دەزگا فێرکارییەکان بەجوانی و تەواوی وەدەر دەخات، کە ماوەی سێ مانگی خوێندن بۆ دەبێت ناوەندە فێرکارییەکانیان ھەروا بێ چالاکیی و خزمەتی پەروەردەیی بمێننەوە.

   بەڕاستی بیرمان چووە کە وڵاتانی دونیا دەوری سەرەکی و بایەخی تایبەتیان لەم بوارەیە و لەم کاتانی پشووەی خوێندکاران بە خوێندکارانیان داوە و لە وەرزە پشووەکانیشدا خوێندکار و تەنانەت خێزانەکانیان لە بواری پەروەردە و فێرکردن دانابڕێنن.

    " لێرەشدا نموونەی چەند وڵاتێکی چالاک بۆ بواری پەروەردەکردنی خوێندکاران لەم کاتانی پشووانەدا دەھێنینەوە، کە نەک ئەوان لە وەرزی پشوودا لە خوێندن دانابڕینن، بەڵکوو ئامادەکاری زیاتریان لەم وەرزی پشووانەدا بۆ خوێندکاران دەڕەخسێنن و خوولی جۆراوجۆر بۆ خزمەتی زیاتریان بۆ دەکەنەوە."

    لە ووڵاتێکی وەکوو "ئەمریکا" بەم دروشمەی کە (دەبێت ئاھەنگی فێربوون بەبێ وەستان بێت) لە بەرنامەیدایە لە ساڵانی داھاتوودا تەنانەت کاتەکانی خوێندن لەمەر پشوو کەمکردنەوە بۆ خوێندکارەکانی بکات، تا ھیچ نەبێت چاوەڕێی ئاسەوارە خراپەکانی نەبن، چوونکە دیسانەوە لە بڕوای ئەوان لەبیرکردنی فێرکاریەکانی ئەوانی لە ساڵی خوێندنی بەدواوە دەبێت.

    لە ووڵاتی"یابان"ی خاوەن پێشکەوتووخوازی بواری پەروەردەو بوارە گشتگیرییەکانی تری پێشکەوتنی دونیا، پشووی پێنج ھەفتەیی بۆ خوێندکاران دانراوە، چوونکە سیستەمی خوێندن لەوێدا ئەوەندە ڕەچاوی زۆری بەشی پەروەردەیی کردووە کە خوێندکار لە بچووکترین کاتەکانی پشووی ھەوڵ لە بەھێزکردنی وانەکانی ساڵی خوێندنی لە داھاتوویدا دەدات، چوونکە چەمکی (بەفیڕۆ نەدانی کات) لای ئەوان جێی گرتووە.

     لە ووڵاتی "کەنەدا" پارێزگاو دەسەڵاتدارانی ئیداری ناوچەکان، بودجەی سەرف و خەرجیی سەرجەم کار و چالاکییەکانی وانەکانی ھاوکار و پەیوەست بە خوێندن و یارمەتیدەری پەروەردەیی تەقەبول دەکەن و دەیبژێرن تا پڕوسەی فێرکاری لە وڵاتەکەیاندا لە کاتەکانیی پشوودا بە شێوازیتر بەردەوامی ھەبێت، وە بەپیی ئامارێکی ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٢ەش، گەشەی خوێندکارانی بەشداربووی پۆلە ھاوینییەکان لە خوێندنگاکاندا بەڕادەیەکی فراوان بووە کە لە ١١٦٥ خوێندکارەوە بەرەو ٥٠٠/٤٦ خوێندکاری بەشداربوو گەشەی کردووە.

   لە ووڵاتی "ئێران"ی دراوسێی خۆمان کە ھاوکاری پەروەردەیی بەردەوام لەوان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمەوە وەردەگیرێت، بەھۆی کەمتر ڕوڵ بینینی ھەندێک کۆمپانیای قازانج ویست لە وڵاتەکەیدا بو خزمەتکردنی بە ناو پەروەردەوە، وەزارەتی پەروەدەی ئەو وڵاتە بایەخیی تایبەتی بە دانەبڕانیی بواری پەروەردەی خوێندکار لە پشووی ھاویندا داوە و ھەندێک پۆل و وانەی تایبەتی لە خوێندنگاکان بۆ خوێندکاران لە سەرجەم ناوچەو شوێنە جۆراوجۆرەکانیی ئەو ووڵاتە کردووەتەوە تا خوێنکار لەم وڵاتە دانەبڕاو لە پەروەردەکردن نەبێت، کە جگە لەوەش مامۆستایانی خاوەن ئەزموونی وەک ئەرکێکی پەروەردەیی ڕاسپاردووە کە دەبێت دوور لە کارکردن لە پەیمانگاکان بۆ خزمەتی خوێندکارانی دەرنەچوو بە ھاوکاریی کردنی ئەوان، وانە بە خوێندکارە دەرنەچووەکان بە نرخێکی ڕەمزیی بڵێنەوە تا مامۆستایانیش لە دەرەوەی خوێندنگاکان استغلالی دۆخی ئابووریی و پارەپەیداکردنی نامەعقولانە لە خوێندکارانیان نەبن و ئەم خزمەتکردنەیان لە چوارچێوەی وەزارەتی پەروەردە و لە ژێر چاودێری ئەواندا بێت. نەک بە پێچەوانەوە مەبەستی استغلالی دۆخی خوێندکاران وانە تایبەتەکانی لە لایەن ئەوانەوە بۆ خوێندکاران بەدواوە بێت. 

    ئەوەی بە نسبەت "خوێندنگاکانی کوردستان"یشەوە لە ئێستادا پێویستە ئەوەیە: کە ھیچ نەبێت وەک پلانێکی سەرەتایی لەم بوارەدا چەند ھەنگاوێکی ھاوشێوەی ئەم خاڵانەی خوارەوە لە کاتانەی پشوودا جێبەجی بکەن تا خوێندکار دانەبڕاو لە خوێندن و فێرکاریە جۆراوجۆرەکانی نەبێت:

١- کردنەوەی خوولی بێبەرانبەر بە نرخی ڕەمزی دانان بۆ ئەوان لە خوێندنگاکان. 
٢- ھاندانی زیاتر و پەلکێش کردنی زیاتر و ئاشناکردنیان لەماوی ساڵی خوێندن بەم پۆلە ھاوینیانە کە بۆیان دەکرێتەوە.
٣- کردنەوەی بەشەکانی شانۆ و مۆسیقا و  وانەی پیشەیی (دەستکرد و ئەلکترۆنی) بەپێی پێویستی و خزمەتکردنی کۆمەڵگا.
٤- کردنەوی خوولە دەرونیی و پەروەردەیی و ئایینیەکان، بەپێی حەزی ھەموو خویندکاران.( دەتوانرێت لە بواری دەروونی و پەروەردەیی خوێندنەوە، خوولیکی کورتخایەنیش بۆ دایک و باوک کەس و کاری خوێندکارانیش لەم کاتانەدا بکرێتەوە.
٥- سەفرەکردن و کێبەڕکێی کاری پەروەردەیی و زانستی لە نێوان خوێندنگاکان لە ئاستی نێو پارێزگاو شارەکان و....  ھتد. 
٦- کردنەوە دەورەی فێرکاری لە ڕوبەڕووبوونەوە لە ڕەفتار و خووە مەترسیدارەکانی کۆمەڵگا.
٧- کردنەوەی خوولی تایبەتی وەرشە و کارە شازەکانی پێویستی کۆمەڵگا.
٨- خوولی فێربوونی زمانە بیانیەکانی وەکوو ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی و ئەڵمانی و.....)بەپێی حەز و ناونووسینی خوێندکاران.
٩- ڕاکێشانی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بۆ وانە وتنەوە بەخوێندکاران لە چالاکییە جۆراوجۆرەکاندا بە ھۆی وەزارەتی پەروەردەوە.
١٠- ھەماھەنگی و ھاوکاری لە ڕێکخراوە جیھانیی و بەناوبانگەکان بۆ ھاوکاریکردنی وەزارەتی پەروەردە لەم بوارەدا.
١١- دانانی یاسای تایبەت بەو مامۆستایانەی لە دەرەوەی ئەم خوولانەدا بە خوێندکاران بە پارەی فراوانی دیاریکراو وانە دەڵێنەوە تا ھەمیشە پیشە و کارەکەی لە خزمەتی خوێندنیدا بێت  و استغلالی باری مادیی خوێندکاریی بەدواوە نەبێت.
ئەمانە و چەندانیتر کە بەپێی پێویستی و بارودۆخی کوردستان دەتوانێت کاریان لەسەر بکرێت و ڕەنگە لە زەینی ھەر تاکێکی ئێمە و فێرکارێکدا  وەک پڕۆژەیەک بێت.

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
21/06/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ