وتار
رەھەندە جیاوازەکانی کۆبوونەوەکەی (٦)ی حوزەیرانی پەرلەمانی عێراق
محەمەد عەلی



گومانی بوونی ساختەکاری لەم ھەڵبژاردنەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بابەتێکە تا ڕادەیەکی زۆر یەکلا بووەتەوە، بەڵام بەکارھێنانی ئەم پرسە بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و کەسی، بۆ ھەمووان ڕوونە و مەبەست و ئامانجیشی لە پشتەوەن، ئەمە لە کاتێکدایە پەرلەمانی عێراق چەند رۆژێکی ماوە تا دەسەڵاتی یاسادانانی نەمێنێت و حکوومەتی کاربەڕێکەر کاروبارەکان بەڕێوە دەبات، بەڵام بڕیاری ھەژمارکردنەوەی دەنگەکانی سەرجەم عێراق بە دەست و ھەڵوەشاندنەوەی دەنگی تایبەتی کوردستان دەدات، ئەم بڕیارە بۆ ھەر پێکھاتە و لایەنێکی سیاسی، زیاتر لە مەغزایەک ھەڵدەگرێت، بێگومان بۆ کوردیش کۆمەڵێک دەرھاویشتە و دەرئەنجامی نێگەتیڤی ھەن.

ئەگەر بە دیدگای پەرلەمانتارانی ئێستای عێراق سەیری ئەم بڕیارە بکەین، ئەوا بۆ مان ڕوون دەبێتەوە کە ئەمە جۆرێک لە تۆڵەکردنەوەیە لە دەنگدەری کوردستان و عێراق بە پەکخستنی پرۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بە بەڵگەی ئەوەی، زۆرینەی ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمان، دەنگی پێویستیان نەھێناوە بۆ ئەوەی ببنەوە پەرلەمانتار.

 لە روانگەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانیشەوە، ئەم بڕیارە ھۆکارێکە بۆ پەردەپۆشکردنی کەمبوونەوەی دەنگەکانیان لەم ھەڵبژاردنەدا و شکستیان لە بەرامبەر دەرکەوتنی ھێزی نوێ، لە ھەمان کاتدا ھۆکارێکیشە بۆ ئاشتکردنەوەی جەماوەرەکەیان لە کەمبوونەوەی دەنگەکانیان.

لە سۆنگەی گۆڕانەوە، پێشنیازی ھەڵوەشاندنەوەی دەنگی تایبەتی کوردستان، سزادانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو، چونکە لەم ھەڵبژاردنەدا بە دەگمەن نەبێت دەنگیان نەداوە بە بزووتنەوەکەیان، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، گۆڕان دەنگی پێویستی ھەبوو لە نێو ھێزە ئەمنییەکاندا، بە تایبەتیش لە دەڤەری سلێمانی.

ھۆکاری سەرەکیی پاڵپشتیی پەرلەمانتارە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک لەم بڕیارە، کەمکردنەوەی دەنگی کورد و بچووکردنەوەی قەبارەکەیەتی بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافی و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ۱٤٠ی دەستوور، لەسەر ئەو بنەمایەی ئەنجامی ھەڵبژاردن راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئەم پرۆسەیە دەبێت.

با ئەوەش لە یاد نەکەین، بۆ دۆڕاوێکی وەک مالیکی و سەلیم جبووریی سەرۆکی پەرلەمان، تاکە ڕێگە بۆ دووبارە ھاتنەوەسەر شانۆی سیاسیی عێراق، پاش دۆڕانە گەورەکەیان لە ھەڵبژاردن، تەنیا دروستکردنی پشێوی و پەکخستنی پرۆسەی سیاسیی عێراقە و گۆرینی ئەنجامی ھەڵبژاردنیش، باشترین ڕێگە بوو بۆ ئەم مەبەستە.

ئەگەر وەک سوننەیەک سەیری ئەم بڕیارە بکەین، ھەر چۆنێک بێت ئەوان دۆڕاوی سەرەکیی ئەم ھەڵبژاردنەن. دیقەت بدەن، لە مووسڵ عەبادی و پارتی یەکەم و دووەمن، لە کەرکووک دەنگیان وەک پێویست نییە، ھاوکات لە گشت پارێزگا سوننییەکان، شیعەکان دەنگی باشیان ھێناوە، کە وا بێ دووبارە ھەژمارکرنەوەی دەنگەکان، خزمەت بە ئەوان دەکات و بەس.

لێرەوە دەردەکەوێت، کاراکتەرە شاراوەکەی پشت ئەم شانۆ سیاسییە، عەبادییە، ھەرچەندە توانیویەتی لەسەر ئاستی عێراقدا بە پلەی سێیەم بێت، بەڵام لە ئاست پێگەکەی وەک سەرۆکوەزیران و ئەو پاڵپشتییە نەبوو کە ئەمەریکا و رۆژئاوا لێیان کرد، بۆیە بۆ درێژکردنەوەی ماوەکەی وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر و ھاوکات وەک گوشارێک بۆ سەر لایەنە براوەکان بەکاری دەھێنن، ئاماژەکانی پێش ھەڵبژاردنیش ئەوە بوون، کە ئەگەر دووبارە دەنگی پێ نەدەنەوە، ئەوا دەستکاریی دەنگەکانیان دەکرێت.

خۆ ئەگەر وەک کوردێک و دوور لە بیرکردنەوەی تەسکی حیزبی ئەم بڕیارانە شرۆڤە بکەین، جگە لە بچووککردنەوەی قەبارەی کورد، ھیچ سوودێکی نییە، ئەمە سەرباری ئەوەی ھەڵوەشانەوەی دەنگی تایبەتی کوردستان، لێدانە لە شکۆ و ناوبانگی پێشمەرگە و پێگەکەی، بۆ کەرکووکیش بە مانای بێھێزبوونی کوردە، کە بێگومان پەرتەوازەیی کوردیشی نیشانی ھەموو جیھان دا.

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
21/06/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ