وتار
ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی تورکیا.. دەرفەتێکی تر بۆ پەکەکە
محەمەد عەلی



پەکەکە، وەک پارتێکی کوردی کە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا زۆرترین ڕۆڵی ھەیە، بەڵام بە پێی بۆچوونی چاودێران، لە ئیدارەدانی ئەم دوو پارچەیەدا سەرکەوتوو نەبووە، نەک تەنیا ئەوەندە، بەڵکو ڕۆڵی نێگەتیڤی بینیوە لەسەر پارچەکانی تری کوردستان، بەڵام ڕووداوەکانی عەفرین و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنەکانی ئەم جارەی تورکیا، پێیان وتین کە چارەسەری کێشەی کورد لە ناوچەکەدا، پێویستی بە نزیکبوونەوەی کورد و تورک ھەیە.

بە تایبەت ئێستا دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی تورکیا، دەرفەتێک بۆ پەکەکە ھاتووەتە پێش لە باکووری کوردستانەوە ھەنگاوی کردەنی بھاوێژێ بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لەم پارچەیەدا، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ھەموو ئاماژەکان، براوەی ئەم ھەڵبژاردنە، ئاکپارتی و ھەدەپەن، ھەرچەندە ئۆردوگان و ئاکپارتی بە ھاوپەیمانیی مەھەپە زۆرینەی پێویستیان بە دەست ھێناوە بۆ پێکھێنانی حکوومەت، بەڵام بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچە کوردییەکان و دووبارە گەشەکردنەوەی ئابووریی تورکیا، پێویستی بە ھەدەپە و کورد دەبێت.

لێرەوە دەکرێ پەکەکە بیکاتە دەرفەتێک بۆ لێکتێگەیشنێکی گشتگیر لە نێوان تورک و کورد لەسەر ئاستی ھەر چوار پارچەی کوردستاندا، چونکە تایبەت بە باکوور تاکە ھۆکاری شکستپێھێنانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دەستبەسەرکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش و گەڕانەوەی چارەسەری دۆزی کورد بۆ خاڵی سەرەتا، ھۆکارەکەی پەکەکە بوو، ئەم جارە پەکەکە بە دوورکەوتنەوە لە چەک و رێگەدان بە ھەدەپە بۆ برەودانی زیاتر بە کاری پەرلەمانی، دەکرێ پرۆسەی ئاشتی دووبارە بێتەوە رۆژەڤ و کوردانی ئەم بەشە گرینگەی کوردستانیش بگەن بە مافەکانیان.

لە رۆژئاوای کوردستانیش، پەکەکە دەتوانێ کاریگەریی خۆی لەسەر پەیەدە بەکار بھێنێت و بۆچوونی تورکیا سەبارەت بەم پارچەیە بگۆڕێت، بە جۆرێک دراوسێیەتیی ھەرێمێکی کوردی لە سووریا ھەرگیز مەترسی نییە بۆ سەری، بەڵکو گەیشتنی کورد بە مافەکای لە ڕۆژئاوای کوردستان، ھۆکارێک دەبێ بۆ بەھێزکردنی زیاتری تورکیا لە تەواوی ناوچەکە دا، بە بەڵگەی ئەوەی، ھۆکاری سەرەکیی دژایەتیکردنی تورکیا بۆ کوردانی رۆژئاوا و ڕێگریکردن لە گەیشتن بە مافەکانیان، بوونی پەیەدەیە، کە بە موتڵەقی دەیەوێ تەنیا خۆی حاکم و قەڵەمڕەو بێت، ئەمە جگە لەوەی کە تورکیا پەیەدە بە باڵی سەرەکیی پەکەکە ھەژمار دەکات.

لەلایەکی ترەوە، سوودمەندی یەکەم لە نزیکبوونەوەی نێوان کوردانی باکوور و دەسەڵاتدارانی تورکیا، ھەرێمی کوردستانە، لەبەر چەند ھۆکارێک، یەکەم: تورکیا تاکە دەروازەی باشووری کورستانە بە ڕووی جیھانی دەرەوەدا، ھاوکات تاکە رێگەیە بۆ ھەناردەکردنی سامانە سرووشتییەکەی بۆ بازاڕەکانی جیھان، لە ھەمووی گرینگتر مەترسیی ھێرشی سەربازی بۆ سەر کورستان دوور دەخاتەوە، کە تاکو ئێستا تورکیا ئامادەکاری بۆ دەکات بە پاساوی ھەبوونی پەکەکە لە ناوچەکەدا.

ماوەتەوە بڵێین، ئەنجامەکانی کۆتا ھەڵبژاردنی تورکیا پێی وتین، نە ئۆردوگان توانی لە رێگەی زیندانیکردنی ئەندام پەرلەمان و گۆڕینی سەرۆک شارەوانییەکانیەوە کێشەی کورد لە تورکیا کۆتایی پێ بھێنێت و دەنگی کورد کپ بکات، نە پەکەکەش لە رێگەی رەتکردنەوەی ئۆردوگان و چەکھەڵگرتنەوە توانی وا لە دەنگدەری تورک و کورد بکات کە دووبارە دەنگ نەدەنەوە بە ئۆردوگان.

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ