وتار
ژیان و نووسین
ئەرشەد تەحسین


 لەو ساتەوەختەوە کە ژیان ھەیە, مرۆڤ لە ھەوڵ دایە بۆ بەدیھێنانی ئامرازەکانی خۆشبەختی و ئاسانکاری بەڕێوەچوونی ژیان. بۆ دەربڕین و گوزارشت کردن لە ھەستەکانی جا چ خۆشی بێت یان ئازار نووسینی داھێناوە, گواستنەوەی ھەستەکان, ھزر و بیروبۆچوونەکانی مرۆڤ بۆ سەرپەڕاوی نووسین ئارامی پێ بەخشیوە, چونکە خوودی پڕۆسەی نووسین ئارام ھێنەرە, وادەکات ئاھێکی پڕ لە ئاسوودەیی بە دەروونی مرۆڤ دا بێت.

 ھەر کاتێک مرۆڤ لە ناخەوە فشارێکی لەسەر بێت و لە رێی نووسینەوە ھەستەکانی دابارێنێتە سەر پەڕەی سپی وا ھەست دەکات بارێکی گران لەسەر شانی لاچووە, لە ھەمان کاتیش دا, گواستنەوەی ھەست, زانست, بیروبۆچوون لە ھزر و بیری کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر و کۆمەڵگەش  رێگای پرۆسەی نووسینەوە بەرھەمێکی داھێنەرانەیە و مایەی گەشەکردنی کۆمەڵگە و بەرەو پێش چوونی زیاتری مرۆڤایەتیە.

 چ خرۆشانێکە کاتێک سەرقاڵی پرۆسەی نوسینیت و لەگەڵا ھەر وشە و رستەیەک دا دەتوێیتەوە و دڵۆپ دڵۆپ رۆدەچێتە ناخی پیتەکانەوە, چ ھەستێکی سەیرە کاتێک تەنیایی خۆت ئاوێتەی رستە و دەستەواژەکان دەکەیت و لەسەر پەڕەی سپی کاغەز ژیانێکی تر و دنیایەکی تر دروست دەکەیت بە ھۆی نووسینەوە, نووسین خەیاڵا جوڵێنەرە و بەرھەمھێنەری ئەندێشەیە, وادەکات مرۆڤ بیر بکاتەوە و بەرەو داھێنان ھەنگاو بنێت, ھەموو داھێنانە مەزنەکان سەرەتا بیرۆکەبوون و پاشان خراونەتە سەرکاغەز و کاریان لەسەر کراوە و بەرھەمی مەزنیان لێ بەرھەم ھاتووە.

 ھەموو گرنگتر ئەوەیە مرۆڤ بتوانێت خۆی بنووسێتەوە, لە نووسین دا بتوانێت خۆی بێت و جێ پەنجەی خۆی بە رووخساری ژیانەوە بنەخشێنێت, کاتێک مرۆڤ  دەنووسێتەوە دەبێتە خاوەنی ناخی خۆی و لە دەریای ئێش و ئازارەکانەوە بە سەوڵی وشە و بەلەمی رستە بەرەو کەناری ئارامی و بەدوای ژیانێکی ئاسوودە دا دەگەڕێت, بە تریفەی ھزر و بیر دەتوانێت ژیانێکی نوێ و دنیایەکی جوان بۆخۆی و کۆمەڵگەکەی بنیات بنێت, چ بەسوێ و ئازار بەخشە ئەو کاتانەی ژانی نووسین یەخەی مرۆڤێک دەگرێت و ئەوەی لە ناخیدایە بۆی ناخرێتە سەر پەرەی کاغەز, تا کۆرپەی نووسینێک لە دایک دەبێت چ ناڵە و گرمەی ھاوارێک لە ناخی ئەو مرۆڤەدا بێت کە دەیەوێت ھاوارەکانی ناخی بخاتە سەر کێڵگەی نووسین و ناتوانێت, تا ئازارەکان بەسوێتر و برینەکان قوڵتر بن, نووسینی جوانتر و قوڵتر لە دایک دەبن و بەرھەمی بە پێزتر دێنە بوون, ھەر وەک چۆن تا ساڵا ھاتی تر بێ و ھەور بەخشندەتر, بەروبوومی زۆرتر دەبن.

 مەزنن ئەو مرۆڤانەی بەنووسینەکانیان ئارامی بەکەسانی تر دەبەخشن, چەند مەزنترن ئەو مرۆڤانەی بۆ پیشەکانیان دڵسۆزن و بە نووسین و بیری جوان داھێنانی مەزنیان بەرھەم ھێناوە و مرۆڤایەتیان لە سەختی و ناھەموواری دەرباز کردووە و خۆشیان تا کۆتایی ژیان بە نەمری دەمێننەوە.

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
02/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ