وتار
تای خوێن بەربوون
شێرزاد حسن

.    .                                شێرزاد حەسەن رەزا
.                       پسپۆری مایکرۆبایلۆژی پزیشکی

پەتای کۆنگۆ(CCHF) یاخود تای خوێنبەربوون، بەهۆی ڤایرۆسێکەوە سەرهەڵدەدات بەناوی (Nairovirus)،لە رێگەی زیندەوەرێکی بچوک "گەنە" (گەنە: مشەخۆڕێكي خوێن مژە لەتيرەي جاڵجالۆكەييەكانە )
هەڵیدەگرێت لەنەخۆشیەکەکانی (tick borne disease ) دەناسرێت، ڤایرۆسەکە لە وڵاتانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا بڵاوە.
زۆرینەی ئاژەڵە وشکایەکان وماڵیەکان لە مەڕوماڵات وبزن بە خانەخوێ ی ئەم ڤایرۆسە دادەنرێت.لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی باڵندەکان بەرگریان بۆی هەیە بەڵام بەخیرایی کاریگەری لە حوشترمرخ(نەعامە)دا دەردەکەوێت.

*گواستنەوەی بۆ مرۆڤ

نەخۆشییەکە لە ڕێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە جەنگى جیهانی دووەمدا سەریهەڵداوە، نزیکەیی 10-40% ئەو کەسانەی تووشی دەبن رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.لە عێراقدا لە ساڵی 1979 یەکەم حاڵەت تۆمارکراوە.
تای خوێن بەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لەرێگای ئاژەڵەوە دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤ و بەهۆی گەنەیەکەوە کە ڤایرۆسەکە هەڵدەگرێت، دواتر دەچێتە سەر لەشی ئاژەڵەکە و  تووشی نەخۆشیەکەی دەکات، بەڵام نیشانەکانی دیار نییە لەسەر ئاژەڵەکە.

*رێگاکانی گواستنەوەی بۆ مرۆڤ:

1-پێوەدان وگەستنی گەنەیی هەڵگری ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ و بە تێکەلاوبوونی شلەی هەردولا وچوونی ڤایرۆسەکە بۆ لەش وگەیشتنی بە کۆئەندامی سوڕی خوێن،  ئەوا مرۆڤەکە تووشی تای خوێن بەربوون دەبێت، یان مرۆڤ گەنەکە بگرێت و بیکوژێت و خوێنەکەی بەر شلەی جەستەیی مرۆڤ بکەوێت، کەسەکە تووشی ڤایرۆسی نەخۆشییەکە دەبێت.سوڕی ژیانی ڤایرۆسەکە دەست پێ دەکات.

2-سەربڕینی ئاژەڵی تووشبووەوە، کاتێک خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، لە بەروبوومەکەشیدا هەیە، بەڵام ئەگەر هاتوو شیرەکە بکوڵێنرێت ئەوا هیچ ڤایرۆسێکی تێدا نامێنیت، هاوکات گۆشتیش بە کوڵاندن ڤایرۆسەکەی تێدا نامێنێت.پێویستە سەرجەم بەربوومە ئاژەڵیەکان پێش بەکارهێنان گەرمی ئامادەکردنی بگات بە سەروو پلەی 72 پلەی سەدی بۆ شیر وپلەی کۆلان لە گۆشتدا.

نیشانەکانی نەخۆشییەکە چییە؟

1-دەرکەوتنی نیشانەکانی پەیویستە بە ماوەی کڕکەوتنی ڤایرۆسەکە وە ،بەشێوەیەکی گشتی لە 3-7 رۆژدا نیشانەکانی دەردەکەون و  نەخۆشییەکە بە تایەکی بەرزی دەناسرێتەوە، هەموو جەستەی ئازاری هەیە، بەتایبەت  ئازار لە پشت و ملی دروست دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەکە تووشی سکچوون و رشانەوە ببێت،هەروەها هەوکردنی چاو وهەستیاری بینین، لە قۆناغەکانی کۆتایشدا خوێن بەربوون دەستپێدەکات.لە سەرجەستەوپێستیش هەست پێ دەکرێت.

2-بە شێوەیەکی دیار نەخۆشەکە لە دەموو لووتییەوە خوێن بەردەبێت، پاشان لە پشت وسەر پەلەکانیش پەڵەی خوێن بەربوون دەردەکەوێت، لەوکاتەشدا پێویستە بەزووترین کات دەست بە چارەسەرکردن بکرێت.کۆنترۆڵی نەخۆشەکە بکرێت بە جیاکردنەوەی نەخۆش لە خەلک و خێزان ونخۆشەکانی تر.
*دەستنیشانکردن لە تاقیگەدا

لە تاقیگەدا دەتوانرێت ڤایرۆسی تای خوێن بەربوون 
دەستنیشان بکرێت بە چەند رێگەیەکی پێشکەوتوو،کە خۆشبەختانە ئیستا ئەو ئامێرانە لە کوردستان وعێراقدا کاریپێدەکرێت لە تاقیگەکاندا.
‎1_رێگەی ناسینەوەی ئەنزیمی 
‎2_رێگەی ناسینەوەی سیرۆلۆجی و دژە تەنەکان 
‎3_رێگەی کارلێکی زنجیرەی پۆلیمەرەیەس بە ترشە ناوکی ڤایرۆسەکە بە ئامێری RT-PCR.
‎4_رێگەی چاندنی ڤایرۆسی لە خانەدا.

*رێگاکانی کۆنترۆڵ کردن وچارەسەرکردن

بەشێوەیەکی گشتی پیویستە هەموو لایەک ئەوە بزانن کە هەموو تایەک و خوێن بەربوونێک نەخۆشی(پەتای کەنگۆ) نییە، بەڵام بێگومان ئەگەر کەسەکە دەستکاری ئاژەڵی کردبێت، یان ئاژەڵی سەر بڕیبێت، یاخود تێکەڵی لەگەڵ ئاژەڵ هەبێت، یان لە جێگایەک بووبێت ئەو ڤایرۆسەی تێدابێت، گومان دەکرێت، هەربۆیە دەبێت پشکنینی خوێنی بۆ بکرێت.
پێویستە لە نەخۆشخانە جیابکرێتەوە لەگەڵ نەخۆشەکانی دیکە، چونکە زۆرجار پاشەڕۆکەی دەبێتە هۆی تووشبوونی نەخۆشی تر، هاوکات بەگوێرەی نیشانەکانی چارسەر دەکرێت، تای هەبوو دەرمانی تای پێ دەدرێت، خوێنی کەم بوو خوێنی تێدەکرێت، یان سکچوون و ڕشانەوەی هەبوو، دەرمانی تایبەت بە سکچوونی پێدەدرێت، لەگەڵ دەرمانێکی دژە ڤایرۆس.

نەخۆشەکە ئەگەری مردنی هەیە بە رێژەی لە 30-40%، لە 70% ئەگەری چاکبوونەوەی هەیە، ئەگەر زووش دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکرێت و چارەسەر بکرێت، ئەگەری چارەسەر و چاکبوونەوەی ئاسان دەبێت لەلایەن تیمە پزیشکە تایبەتەکانی نەخۆشخانەکانەوە.

ڕێگاکانی خۆپاراستن:

1-دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەرشەقامەکان وشوێنە گشتییەکان و ماڵ وگوند وباخە تایبەتەکان وسەیران .

2-ئەو کەسانەی گۆشت فرۆشن، دەبێت سەرجەم رێنماییە پزیشکییەکان پەیڕەوبکەن، وەک بەکارهێنانی دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت، هاوکات بەکارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆ ئەوەی نزیک نەبنەوە لە ئاژەڵەکان، ئەو کەسانەش کە سەردانیان دەکەن بەمەبەستی کڕین دەبێت بە ئاگابن.
3-نەچوونی مرۆڤ، بۆ ئەو شوێنانەی کە گەنە و مێرووەکانی لێیە.بەتایبەتی گەوڕ وشوێنی بەخێوکردنی ئاژەلان.قەسابخانەکان
‎4-هەمئاهەنگی تەواوی نێوان پزیشکانی ڤێتێرنەری و دەزگاکانی خۆپاراستنی تەندروستی
 
ریکخراوی تەندروستی جیهانی WHO
بە پێی دواین راپۆرتی ریکخراوی تەندروستی جیهانی وریکخراوە هاوکارەکانی لە سەرانسەری جیهاندا،نەخۆشی تای خوێن بەربوون لە ژێر کۆنترۆڵ دایە وتائێستا لە رێگەی چاودێری تەندروستی یەوە ،بەشێوەیەکی ئەرێنی بە ئاگایی دراوە لەسەر نەخۆشیەکە لەو وڵاتانەی جێگەی مەترسین.

سەرچاوە//
_سایتی فەرمی ریکخراوی تەندروستی جیهانی WHO.
_Microbiology and Immunology
·2017,F.H.Keyser , K.H.Bienz , J.Eckert ,R.M.Zinkernagel.


شێرزاد حەسەن رەزا
پسپۆری مایکرۆبایلۆژی پزیشکی
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
04/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ