وتار
ژیان و خوێندنەوە و کتێب
ئەرشەد تەحسین


 لەوەتەی پڕۆسەی نووسین داھاتووە, ھاوشان لەگەڵا نووسین خوێندنەوەش بوونی ھەیە, گەر خوێندنەوە نەبێت نووسین ھیچ واتایەکی نیە و رۆڵ و کاریگەری نابێت, کاتێک نوسەرێک یان مرۆڤێک نووسینێک دەنووسێت جا ھەر بابەتێک بێت, پێویستە پرۆسەی خوێندنەوە ھەبێت و راڤە و شیکردنەوە بۆ ئەم نووسینە بکرێت. بە واتایەکی تر, ھەر وەک چۆن نووسەر ھەیە و دەنووسێت, پێویستە خوێنەر ھەبێت و ئەو نووسینە ھەڵ بسەنگێنێت.

  لەلایەکی ترەوە, کاتێک خوێنەر بابەتێک دەخوێنێتەوە و خۆی تێدا دەبینێتەوە, تام و چێژێکی تایبەتی پێ دەبەخشێت, چونکە خوێندنەوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر خوێنەر دروست بکات, نووسینی باش دەتوانێت رۆڵی ھەبێت لە ژیانی خوێنەر دا و دواتر گۆڕانکاری لە تاک و دواتر لە کۆمەڵگە درووست بکات, خوێندنەوە پڕ تام و چێژە کاتێک لە حاڵەتی ناجێگیری دەروونیدایت و بە خوێندنەوەی بابەتێکی پڕ چێژ ئارامیت بۆ دەگەڕێتەوە؟.

  نووسینی راستەقینە و زیندوو, وا لە خوێنەر دەکات لە تەنگانە و ناخۆشیدا بەدوای رێگا چارەی دەرچوون لە مەینەتی دا بگەڕێت و رێگای رزگاربوونی پیشان دەدات, لێناگەڕێ دەستەودامان دابنیشی و چۆک بۆ نەھامەتیەکان دابدەیت, بیرت فراوان دەکات و پێت دەڵێ بەسەر مۆتەکەی شکست دا سەرکەوە.

 خوێندنەوە, گەشتی مرۆڤە بەناو ھزردا, گەڕانە بەناو ئەندێشەی ئەوی تردا, ئاوێتەبوونی بیری تۆیە بە ئەندێشە و ھزری نووسەر, تا سەرەنجام بیری نوێ و ھزری نوێ لە دایک دەبێت, خوێندنەوە لە دونیای جەنجاڵی واقیعەوە دەتباتە دونیایەکی خەیاڵی و ئەفسانەیی وەھا کە دەتوانی خەونی رەنگاو رەنگ ببینیت, دەتوانیت ھەناسەیەکی ئاسوودە ھەڵکێشی و بە ئارامی چاوت لێک بنێیت, ئەو کاتەی بە دوو توێی لاپەرەکانی کتێبێک دا گەشت دەکەیت وەک ئەوە وایە لە دونیایەکی ئەفسانەییدا ھەر چرکەساتە و لە کیشوەرێک بیت و ھەر چرکەساتە و دیمەنێکی جیاواز ببینیت سەیری دیمەنە جیاوازەکانی ئاسمان بکەیت, کتێب ئەو ھاودەمەیە کە ھەرگیز لێی بێزار نابیت و ناتڕەنجێنێت, لەگەڵا کتێب دا دەتوانیت بگەیت بە بەھەشتی خەونەکانت, شتی نوێت پیشان دەدات و نەزانراوەکانت بۆ بەیان دەکات, ئەوەی بەدوایدا وێڵیت لە کتێبەوە چنگت دەکەوێت.

  ھەموو کات خوێندنەوە ژیان رووناک دەکاتەوە، ھەمیشە کتێب باشترین مەشخەڵە بۆ رووناکی ژیان، کێشە و گرفتەکان، مەینەتی و تەنگ و چەلەمەکان، رێگا تەسک و تاریکەکانی ژیان، بە تروسکایی کتێب و خوێندنەوە, بە رۆشنایی وشە رووناک دەبنەوە و بەختەوەری و خۆشبەختی بۆ ژیان دەگەرێننەوە.

 چ بەختەوەرن ئەوانەی ژینیان بە ھاودەمی کتێب بەڕێ دەکەن، چ خۆشبەختن ئەوانەی کتێب بەربەستە بۆ مەینەتیەکانیان و خوێندنەوە بووەتە بەردەبازی سەر رێی ژیانیان بۆ پەڕینەوە و گەیشتن بە خۆشبەختی, چ بەختەوەرترن ئەو مرۆڤانەی یاسای ژیانیان کتێب و خوێندنەوەیە و دەتوانن بەشداری لەگەڵا نووسەر بکەن لە بنیاتنانی پرۆِسەی نووسین دا.

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
11/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ