وتار
کلتووری دەنگدان لە کۆمەڵگەی کوردیدا
ھۆشیار جەمال
 

لەسەدەی رابردودا کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی داخراو و دواکەوتوو ھەژمار دەکرا، ھاوڵاتیانی ئەم کۆمەڵگەیە زۆرینەی رەھایان خوێندەواریان نەبووەو بیرکردنەوەی خێڵەکی و عەشرەتگەرای بەسەریدا زاڵبوو، ھەر بۆیە لەسەدەی رابردوودا ئەو نوخبە کەمە دیارەی رۆشنبیران و شاعیری کورد ھەموو ھەوڵێکیان داوە، تاوەکو کورد ئەم قۆناغە تێپەڕێت و ھانی خەڵکیان دەدا کە منداڵەکانیان بەبێ جیاوازی بنێرنە بەر خوێندن لە پێناو ئەوەی لەسەرجەم بوارەکاندا بڕوانامەی بەرزبھێنن و رۆڵیان ھەبێت لە خزمەت کردنی وڵاتەکەیان و رۆشنبیربوون.

دواجار ئەم ھەوڵە سەرکەوت و لە بیست ساڵی رابردوودا کۆمەڵگەی کوردی زۆرینەی رەھای تاکەکانی بوون بە خاوەنی بڕوانامەی جیاواز جیاواز تەنانەت لە ئێستادا، ئەوەندە بڕوانامەی بەکالۆرێس و دبلۆم ھەیە کە ئەوەندە ژمارەیان زۆرە حکومەت ناتوانێ ھەلی کاریشان بۆ دابین کات.

بەڵام ئەوەی جێگایی داخە بەدەست ھێنانی بڕوانامەو بەسەربردنی چەندین ساڵ لە خوێندن نەیتوانیوە تاکەکانی کورد لەو قۆناغی بیرکردنەوەی خێڵەکیە دەربازبکات، تائێستاش چەندین کەسی خاوەن دکتۆرا و مامۆستا و پزیشک و تەنانەت بەشێک لە شاعیران و نوسەران شانازی بەو عەشرەت گەریەوە دەکەن و پاشگری ناوی خێڵ و عەشرەتەکەیان ھەڵگرتوە ھەر بۆیە ئەم خولانەوەیە بەدەوری خێڵ و عەشرەتدا بەردەوامی ھەیە.

ئاخر کارەساتێکی گەورەیە لە چەند رۆژی رابردوو دا کاندیدی یەکێک لە حزبەکان سەردانی شارۆچکەیەکی دیاری ھەرێمی کوردستانی کردووە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و بانگەشە بۆ خۆی و حزبەکەی، بەڵام ھەر لە ناو بارەگای حزبەکەی خۆیدا پێیانوتوە”ناوچەکەی ئێمە لە چەند عەشرەتێک پێکدێت، دەشزانین چەندیان لەگەڵ ئێمەن تەنھا بچۆ بۆ لای سەرۆک عەشرەتەکان ئەوان بەڵێن بدات ئەوا دەنگی زۆرینەی ئەندامانی عەشرەتەکە بۆ تۆ مسۆگەرە”.

دەبێ چی ھەبێ لەوە کارەساتتر سەرۆکی عەشرەتێک کە ئاستی زانین و خوێندن دەواری سفر بێت، بەڵام بڕیاری لە دەنگ و ویژدانی کەسەکانی چواردەوری بدات کە بەدڵنیایەوە زۆربەیان خاوەنی بڕوانامەی بەرزن؟!

کەسانی ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا و ماستەر و مامۆستایان و پزیشکان کەخۆیان بە پێشەنگی کۆمەڵگە دەزانن حەقە لە خۆیان بپرسن بۆ کەسێکی تر کە سادەترین مافە تاکە کەسیەکانی خۆشی بێبە شەو لە عەقڵێتی داخراو لە کار کەوتوو زیاتر ھیچی تری نییە بۆ بڕیار لەسەر چارەنوس و ئایندە دەنگی من بدات؟
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
11/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ