وتار
داھاتووی ناوچە کوردستانییەکان لە نێوان داگیرکاریی حەشد و گەڕانەوەی پێشمەرگەدا
محەمەد عەلی

دەنگۆی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بابەتی گەرمی مێدیا و لایەنە سیاسییەکانە، بەڵام گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانە چەندە گرینگە بۆ کورد، میکانیزمی گەڕانەوە و شێوازی ئیدارەدانی زۆر گرینگترە، بە شێوەیەک کە ھیچ کەلێنێک بۆ دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەر نەمێنێتەوە.

 سەرەتا دەبێ ھێزە سیاسییە کوردییەکان پلانێکی تۆکمە و بەرنامەبۆداڕێژراویان ھەبێ کە دەگەڕێنەوە ناوچەکە، بە شێوەیەک کە دەبێ ژیرانە مامەڵە بکرێت و بزانرێت ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و شێوازی دابەشبوونی ئەم ھێزانە لە کەرکووک و دەوروبەری چۆن دەبێ، لە ھەمووی گرینگتر سەرچاوەی فەرمانی ئەم ھێزانە لە کام لایەنەوە دەبێت، چونکە لە ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەردا بینیمان جیاوازی لە پێکھاتەی ھێزەکان و سەرچاوەی فەرمانیان، ئەم کارەساتەی لێ کەوتەوە، لە ھەمان کاتدا بڵاوەپێکردنی ھێزەکان بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزەکانی عێراقدا، بایەخی زۆری ھەیە بۆ دووبارە گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ کەرکووک، چونکە بینیمان لە ۲٠۱٤ لە کاتی ھێرشەکانی داعشدا بۆ سەر کەرکووک، ھێزە عێراقییەکان شوێنی خۆیان بەجێھێشت و خەریک بوو کەرکووک بە ھەمان چارەنووسی مووسڵ و رەققەدا بڕوات.

کاتێک ھێزەکانی پێشمەرگە و ئیدارەی کوردی دەگەڕێنەوە ناوچەکە، بەرپرسی یەکەمی ئیدارە لەم شارە کە مەبەستمان پارێزگارە، لە کام لایەن دەبێت و سەرچاوەی وەرگرتنی فەرمانی، کامە جیھەت دەبێت، حکوومەتی ھەرێم یاخود لەلایەن حیزبێکی دیاریکراوەوە؟ ئەگەر ھی دووەمیان بێت، ئەوا دەبێ چاوەڕوانی دووبارەبوونەوەی ھەڵەکانی رابردوو بکەین. 

پێداچوونەوە بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پێکھاتەکانی تردا، گرینگیی خۆی ھەیە، چونکە ئەو مامەڵەیەی کورد لە ڕابردوودا لەگەڵ پێکھاتەکانی تری کەرکووک کردی، زۆر سەخیانە و لەسەر حیسابی دانیشتووانی کوردی ئەم شارە بوو، بەڵام ئەوەی بینیمان بەشێک لە تورکمان و عەرەبەکانی کەرکووک کە دەرفەتیان ھەبێ، چۆن دژایەتیی کورد و مافە رەواکانی دەکەن، ھەر لە دوورخستنەوەی بەرپرسە ئیداری و عەسکەرییەکانەوە بگرە تا دەستپێکردنی گەڕێکی تری تەعریبکردن لە کەرکووک و دەوروبەری.

سەبارەت بە کێشەی زەویی کوردەکان لەناو کەرکووک و دەوروبەریدا، بەو میکانیزمەی ئێستا، چارەکردنی ئەستەمە، چونکە بە جۆرێکە کە ئێستا ئەو گەڕەکە کوردیانەی لە دوای ۲٠٠۳ دروست کراون، ھەڕەشەی تێکدانیان لەسەرە، ئەمەش بە بیانووی نەبوونی تاپۆ، لەلایەکی ترەوە لە دوای روداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەرەوە خەریکە گوندە کوردنشینەکانی دەوروبەری کەرکووک چۆڵ بکرێن بە ھۆی گەڕانەوەی عەرەبە ھاوردەکانەوە، کە لە میانەی شاڵاوەکانی تەعریبدا و بە یارمەتیی ئیدارەی داگیرکراوی ئێستای کەرکووک، ھاتوونەتە ناوچەکە.

لەمەڕ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکیش، پێویستە بە میکانیزمێکی تازە و جیاواز بێت و بەو ئاڕاستەیەش بێت کە تەنیا حکوومەتی ھەرێم خاوەنی بڕیار بێت، کە چۆن تایبەت بەم پرسە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا بکات و کۆتایی بە ڕۆڵی حیزب بھێنرێت لەم بارەیەوە، لەبەر ئەوەی کاریگەرییە حیزبی و کەسییەکان، ھۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ ئەو دۆخەی ئێستا کەرکووک پێی گەیشتووە.

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
12/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ