وتار
لەپێناو بەرەیەکی نیشتمانیدا
سالار مەحمود
لەپێناو بەرەیەکی نیشتمانیدا

بێجگە لە ھێزە سیاسیەکان ھێزی کاریگەری مەدەنی دەتوانن رۆڵی نیشتمانی کاریگەرتر لە ناو کۆمەڵگادا ببینن، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کەسایەتی نیشتمانی لەدەرەوەی بازنەی حزبەکان  دەرفەتێکی نیشتمانی گرنگیان لە پێشە بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆ شاییە بەرینەی کە بەشێکی لەپارتە بێدەنگ و بێ ھەڵوێست و سازشکارەکان دروستیان کردوە.
‎رووداوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لەھەرێمی کوردستان راستیەکی تاڵ ئاشکرا دەکەن، ئەویش بوونی پەیوەندی  مەترسیداری نێوان لایەنە سیاسیە کوردیەکانە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان لەسەر حسابی پرسە نیشتمانی و مافەکانی گەل.

‎شەرمنی و بێ ھەڵوێستی گوتاری فەرمی حکومەتی کوردستانە لەبەرامبەر گوتاری بێ شەرم و شەڕانگێزی داگیرکەران.
ئەمەش وەک بەشێک لە( ئاوکردنە ئاشی داگیرکەران) دێتە ھەژمارکردن.
‎لەبەر ئەوەی پرسی پەیوەندیەکان لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە بەدامەزراوەیی نەکرا ئەم ھێڵی پەیوەندیە ھەر بەحزبی و لەناو حزبیشدا گروپ و تاکەکەسی گرێدرا. سەرچاوەی ناڕوونی ئەم کارە لێرەوەیە کە لێکەوتەو مەترسیەکانی ئەم پەیوەندیانەی گەیاندە ئاستێکی باڵا.

‎ھێشتا فەرمانگەی پەیوەندیەکانی ھەرێم وەک وەزارەتێک یاسای بۆ دەرنەکراوەو بەیاسا رێکنەخراوە تاوەکو پەرلەمانی کوردستانیش بتوانێ چاودێری دامەزراوەکە بەتایبەت و مەلەفی پەیوەندیەکان بەگشتی بکات.

‎نوێنەرایەتیەکان حزبین. لەململانێ سیاسیەکاندا بۆ بەرژەوەندی ئەملاولا وڵاتانی ناوچەکە دەستێوەردان دەکەن. ئێران و تورکیا بەناوی جیاجیاوە بنکەو بارەگای زۆریان لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان لەباشور داناوە. کونسڵخانەی تورکیا دەستوەردان دەکا لەکاروباری پەرلەمانی کوردستان و چاودێری چالاکی پەرلەمانتاران دەکات!
کوردستان گۆڕەپانی راستەقینەی لایەنە کوردستانیەکانە، داگیرکەر ئۆردوی بێگانەو لەشکری داگیرکەرانی کوردستانە. 

‎سوپای تورکیا سەرەڕای بوونی چەندین سەربازگەی لەناوخاکی ھەرێم لە سنوری پارێزگای دھۆک وا لەسنوری پارێزگای ھەولێریش بەقوڵایی دەیان کم خاکیان بەزاندوە.
‎بێدەنگی ھەرێم بەحکومەت و حزبەکانەوە لە ھاتنی سوپای تورکیا مەترسیدارترە. بێدەنگی مانای رازی بوونە واتای تەسلیم بوونە. بێدەنگی ستەمکاری بەرھەم ھێناو ھەربێدەنگیشە ئیرادەی داگیرکردن سەردەخات. 

‎داگیرکاریی تەنیا لە رێگای ھاتنی سوپاو لەشکرکێشیەوە ناکرێ میکانیزمەکانی پیلانی داگیرکاریی زۆرن لەرووی ئابوری و کەلتوریی و سیاسیشەوە دەبێت.
‎بە ھەوڵێکی سەربەخۆیانەی نیشتمانی بۆ دژایەتی داگیرکاری لە پایتەختی رۆشنبیری کوردستان ( بەرەی نیشتمانی دژی داگیرکاری) راگەنرا. ئامانجی ئەم بەرەیە شکاندنی تەوقی بێدنگیەو لایەنەکان دەخاتە بەردەم ھاتنە دەنگی راستەقینەو ھەموو لایەک دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی نیشتمانی. بەرەی نیشتمانی بانگەواز لەھەموو ئازادیخوازان دەکات ھەڕەشەکانی تورکیا بۆ پەلاماری باشورو ناردنی سوپاو بۆمبارانی فڕۆکەکانیان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سنور بەزاندن مەترسی بۆ سەرھەمووان ببینن و ھەموان پێکەوە تەگبیرێک لەم دۆخە ئاڵۆزە بکەین.

‎بەرەی نیشتمانی بزاڤێکی کۆمەڵایەتی مەدەنیە بۆ پاراستنی کوردستان لەدەستێوەردانی دەرەکی، پاراستنی شوناسی نیشتمانی و پارێزگاریی لە قەوارەی یاسایی و کەلتوریی کوردستان لەرێگەی ھۆشداریدان لە نیازی داگیرکەران و کۆکردنەوەی تواناکان لە بۆتەی راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانیەکانی کوردستانیاندا.

‎ئەم ئەرکانەش ھاوبەش و گشتین بەھەموو دەنگ و رەنگە سیاسیە جیاوازەکانەوە بە رێکخراوو سەندیکا مەدەنیەکانەوە ئەوانەی ئیرادەی بڕیاریان زەوت نەکراوەو لەبەرامبەر داگیرکاریدا تێکۆشان دەکەن.

‎ھیچ کاتێک نابێ کێشەو ململانێ سیاسیە  ناوخۆییەکان ئەرکە نیشتمانییەکان و پرسە باڵاکان لەبیر بەرنەوە، بەپێچەوانەوە ھەر ململانێیەکی سیاسی لە خزمەت پرۆسەی مەدەنی نیشتمانیدا نەبێ کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر بەرەی نیشتمانی گەلەکەمان دروست دەکات و بەردەوامی ئەو کارە لاوەکیانە دەچنە خزمەت پیلانی داگیرکەرانی کوردستانەوە.

‎بەرەی نیشتمانی لە ناو بێئومێدیدا ئومێدی گەورە رادەگەیەنێ و لە ئاستی ناوەوەو دەرەوەی کوردستان ھەوڵەکانی بۆ کۆکردنەوەی توانا جیاجیاکانی ناو کۆمەڵگا چڕ دەکاتەوە،
‎بۆ روو بەڕووبونەوەی داگیرکاریی و کاریگەری دانان لەسەر ھێزەکان بۆ راکێشانیان بۆ سەر ھێڵی نیشتمانی و دور کەوتنەوە لەھێڵی حزبی تەسک.

لەم ساتە وەختەدا بانگەواز بۆ یەکێتی نەتەوەیی و یەکێتی ریزەکانی کورد لەھەموو کاتێک پێویستترە. ئەمە بانەوازو ھەوڵی بەرەی نیشتمانییە.

‎بەرەی نیشتمانی  داوا لە تەواوی ھێزە مەدەنی و سیاسیە نیشتمانی و کۆمەڵایەتیەکان دەکات بۆ دیاریکردنی ھێڵی راستەقینەو ستراتیژی نیشتمانی و ھەڵوێست وەرگرتن لەبەرامبەر ھەڕەشە مەترسیدارەکانی دگیرکەرانی کورستان بێنەەنگ و خۆ رێکبخەن. لەم پێناوەدا بەدیدگایەکی نیشتمانی بەرەی نیشتمانی چالاکی دەکات و ھەوڵەکانی چڕ دەکاتەوەو بەپشتیوانی ھاونیشتمانیان بەرەو بەجێھێنانی ئەو پەیامانەی لەپێناویدا راگەیەنراوە 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
13/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ