وتار
بانگەشەی ھەڵبژاردن و ترازانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان
ھۆشیار جەمال

پڕۆسەی ھەڵبژاردن وەک یەکێک لە رێگا مەدەنییەکان بۆ دەستاودەست کردنی دەسەڵات یاخود چوونە پەرلەمان و بە ئۆپۆزسیۆنبوونە، عێراق و ھەرێمی کوردستانیش لەدوای رووخانی حیزبی بەعسی قەدەغە کراو چەندین ھەڵبژاردنی گرنگی تێدا ئەنجام دراوە، لەپێش ئەنجام دانی ھەڵبژاردنەکان بە گشتی نزیکەی مانگێک بانگەشەی ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و حیزبەکان و کاندیدەکان بە چەندین شێوە بانگەشە ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەوەی گرنگە چۆن ئەم بانگەشەیە ئەنجام دەدرێت بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان لەکاتی گەرم بوونی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەشێکی زۆر لە کەناڵەکانی راگەیاندن بە بینراو و نوسراو و خوێنراوەوە ئەوەندەی کار لەسەر شکان و خراپ نیشاندان و ناشرین کردنی نەیارەکانیان دەکەن نیو ئەوەندە پڕۆژە و کاری خۆیان باس ناکەن.

ئەم خراپ نیشاندان و ناشرینکردنەی یەکتری بە کردنەوەی دەرگای توندوتیژی دادەنرێت ، زۆربەی جار دەچێتە سەر شەقامەکان و شەڕ و ئاژاوەگێڕی لێدەکەوێتەوە ، و ھەمووان بووین بە کەسی سیاسی و قسەی لەسەر دەکەین و ھێرشی توند دەکەینە سەر لیستەکان ، وکەسی بەرامبەر کە بیر و رای جیاوازە لە تۆ، لێرەوە ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەی کە لەنێوان خزم و ھاوڕێ و دراوسێکان و تەنانەت ھەندێک جار لەناو ئەندامانی یەک خێزانیش کەم دەبێتەوە توشی ترازان دەبێت.

ڕۆژی ١٣ی مایس ھەڵبژاردنەکان تەواو بووە و ھەمووی چەند ھەفتەیەک دواتر لایەنەکانی کوردستان بە گوێرەی ئەو دەنگەی ھێناویانە کۆدەبنەوە و ھەوڵ دەدەن بە پلان و ئەجێندای گشتیەوە بچنە بەغداد و ئەوان کێشەیەکی ئەوتۆیان نامێنێت وەک خۆیان دەڵێن تا ھەڵبژاردن سارد دەبێتەوە .

بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانە تازەکانیش ھەوڵدەدەن کەسە نزیکەکانی خۆیان لە چوار دەوری خۆیان دامەزرێنن وەک پاسەوان ئەوان تا چوار ساڵی تر رێکدەکەونەوە بەڵام ئەوەی رێکناکەوێتەوە و دروست نابێتەوە ئەو رێز و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە جوانە بووە کە پێش بانگەشەی ھەڵبژاردن لە نێوانماندا ھەبووە.

بۆیە پێویستە دور لەزمانی تەشیر و توندوتیژی بانگەشەبکرێت ، باشتروایە بەڕێگای گفتوگۆ و دور لە تەخوین کردنی یەکتری بیر و را بگۆڕینەوە و ھەوڵی قەناعەت پێکردنی کەسی بەرامبەر بدەین کە بیر و رای بگۆڕێت گەر مەبەستی گفتووگۆکە ئەوەبێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
13/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ