وتار
ژیان و مرۆڤایەتی و ھۆشیاری
ئەرشەد تەحسین


 ژیان سروشتی وایە, تا مرۆڤ بە ئاگاتر بێت, تا زیاتر بیر بکاتەوە و تێڕابمێنێت, تا زیاتر بخوێنێتەوە و ھۆشیاری زیاتری ھەبێت, مەینەتیەکان زیاتر لە دەرگای ژیانی دەدەن, خەم زۆرتر دەبێتە میوانی. مرۆڤ لە ژیریدا بیر دەکاتەوە و لێکدانەوەی بۆ ژیان و شتگەلی چوار دەوری دەبێت, ھەست دەکات و خەفەت دەخوات, نایەکسانی و ناداد پەروەریەکان دەبینێت و بەربەستەکانی سەر رێی ژیانی دەبنە لەمپەر لە بەدیھاتنی خەونەکانیدا و گەیشتن بە بەختەوەری و خەندە و پێکەنینی, تێدەگات کە ژیان چ مەینەتیەکی مەزن و چ برینێکی پڕ سوێ و چ کارەساتێکە.

 مرۆڤ لە بێ ئاگاییدا خەونی شیرین دەبێنێت, رۆدەچێتە دنیای خەیاڵەوە و لە جیھانی بێ سنووری خەیاڵا دا دەستی لە پەلکە زێڕینەی بەختەوەریی گیر دەبێت, لە بێ ئاگاییدا ھەست ناکات لە چواردەوری چ مەینەت خانەیەک خوڵقاوە و چ مەرگەساتێک دەگوزەرێت, خەم لە کەم و کوڕی و نادادیەکان ناخوات و بۆی گرنگ نیە چی ھەیە و چی نیە, تەنھا ژیانێکی سادەی بۆ گرنگە, خۆی دەداتە دەست رەوتی رووداوەکان و ژیان چۆنی بوێ ئاوا بەدەم شەپۆلەکانیەوە دەیجوڵێنێت.

 ھەمووان بەحەسرەتی گەڕانەوەین بۆ ژیانی پڕ لە بێگەردی منداڵی, ژیانی رەنگاورەنگی تژی لە خەون و خەیاڵا, بۆ ئەو ژیانەی کە نەھامەتیەکان ھێشتا میوەیەکی پێ نەگەیشتوون و کۆسپەکانی سەر رێی ژیان نەبوونەتە لەمپەر لەبەردەم خەندە و پێکەنینەکان دا, ئەو سەردەمانەی کە حەز و خولیاکان بچوک و سادەبوون, کێشەو گرفتەکان نەیان دەتوانی رەنگاورەنگی ژیان بزڕێنن.

 لەگەڵا ھەموو ئەوانەش دا, ژیان بە ئێش و ئازارەوە جوانە, بەمەینەتی و بەختەوەریەوە رەنگینە, گەر یەکیان نەبێت ئەوی تریان ھیچ واتایەک نابەخشێت و ھەستێک نیە دان بەبوونیدا بێت, کاتێک مرۆڤ تووشی نارەحەتی و خەم دەبێت, کاتێک ئێش و ئازارێک یەخەی پێدەگرێت, کاتێک بە ئاگایە و ھەست بە بەربەستەکانی سەر رێی ژیانی دەکات, نا یەکسانیەکان دەبینێت و مەینەتیەکان خەندەی لێوی دەتۆرێنن, ئەو کات بیر دەکاتەوە و بەدوای چارەسەر دا دەگەڕێت.

 مرۆڤ ھۆشیارە, کاتێک بیردەکاتەوە و بە لۆژیک و بەرنامەی تۆکمەوە ھەنگاو دەنێت, ئەو کات داھێنان دەکات و جێ پەنجەی دیار دەبێت, ھۆکارەکانی خۆش بژێوی دەدۆزێتەوە, بەسەر کۆسپەکان دا زاڵا دەبێت و  لە گۆڕ دەنێت, مەینەتیەکان دەگۆڕێت بەخەندە, کردارەکانی, ئەنجامی ھۆشیاری و بیرکردنەوەکانی, دەبنە خۆرێکی پرشنگدار بۆ مرۆڤایەتی, ھەموو داھێنانە مەزنەکان سەرەتا لەبیرکردنەوەوە بەرھەم ھاتوون, ھەموو کارە جوان و نایابەکانی مرۆڤایەتی سەرەتا لە بیرۆکەیەکی بچوک و سادەوە بەرھەم ھاتوون و دواتر پەرەیان پێدراوە و وەرچەرخانی مێژوویی لێ بەرھەمھاتووە.

  مرۆڤە مەزنەکان ئەوانەن بیردەکەنەوە و مەینەتیەکان چۆکیان پێ دانادات, کەسانێکن کە ژیان شانازیان پێوەدەکات و دەبنە داینەمۆی وەرچەرخانە مەزنەکان.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
13/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ