وتار
کۆبونەوەی لوتکەی ھلسنکی ترەمپ و پوتین
بورهان ڕەئوف


١٦ ی تەمووز لە  شاری ھلسنکی پایتەختی فنلەندا کۆبوونەوە لووتکە لە نێوان سەرۆکی  ھەردوو زلھێزی جیھان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕوسیا ئەنجامدرا بێگومان ئاشکراو ڕوونە ئەو دوو وڵاتە کاریگەری گەورەیان بە سەر ھەموو ڕووداوەکانی جیھانەوە ھەیە و ھەریکەیان خاوەنی دیدو بەرژەوندی خۆیەتی و لە ھەوڵی پاراستن و جێ پێ قایمکردن و سەپاندنی ھەژموونی خۆیانن .
کۆبوونەوەکە ی ھەردوو سەرۆک وەکو ڕاگەیەنرا بە درێژی باسی زۆر لە کێشەو قەیرانەکانی جیھان و ناوچەکەیان کردووە بە تایبەتی ئاشتی لە سوریا و ڕۆڵی ئێران و بوار نەدان بە کەڵک وەرگرتنی ئێران لە نەمان و لەناوچوونی داعش بەتایبەتی  لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین و ھاوکاری ھەماھەنگی لە بوارەکانی وزە و بەگژاچوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی ئیسرائیل .
ئەم کۆبوونەوە یە لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە پەیوەندییەکانی  ئەو دوو وڵاتە گرژی و ئاڵۆزی قورسی بە خۆیەوە بینی  بە ھۆی ئەوەی ئەمریکا ڕوسیا تۆمەتبار دەکات بە دەستوەردان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ڕێگەی ھاککردنی حسابی ئەلکترۆنی حزبی دیموکراتی ئەمریکاوە , ڕوونتر ئاژانسی CIA   ھەواڵگری ئەمریکا ھەواڵەکی پشتڕاستکردەوەو تەنانەت لیژنەی لێکۆڵینەوەی دادوەر میللر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ١٢ دیبلۆماتی ڕووسی دەرکردووە .
لە ئاوا بارودۆخێکدا ئەو کۆبوونەوەی لووتکە ئەنجامدرا کە ھێشتا ناکۆکی و ململانێ ی گەورە بوونیان ھەیە لە نێوان دوو زلھێزدا کە خۆی لە ناکۆکیەکانی سوریا دەبینێتەوە کە ئەمریکا پشتیوانی ھێزەکانی ئۆپۆزەسیۆن دەکات بە دیاریکراوە ھێزەکانی سوریای دیموکراتی سەر بە کوردەکان و ڕووسیاش پشتیوانی ڕژێمی ئەسەد دەکات ڕاستەوخۆ و بە ھەموو شێوازێکی سەربازی  سیاسی و دارایی ..تد  بە ھەمان شێوە لە کێشەی ئێران و ئەمریکادا  ئەمریکا لە ڕێکەوتننامەی ( ٥+١ ) کشاوەتەوە و ڕوسیا پابەندە پێوەی  تا ئێستا ئامادە نیە بچێتە ژێرباری سزاو ئابڵووقەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە سوریاش لە گەڵ ئێران ھەماھەنگە بۆ پشتیوانی ڕژێمی بەشار ئەسەد .
بۆیە ئەم لووتکە لە لایەن ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمریکا و لە لایەن میدیا کانی ئەو وڵاتەوە خوێندنەوەی جۆراو جۆری بۆکرا تەنانەت بە جۆرێک وەسفیان کرد کە ئەمە لووتکەیەکی کە کەسی و تایبەتی نێوان دووسەرۆکە نەک لووتکەی فەرمی نێوان سەرۆکی دوو وڵات .
توندترینی کاردانەوەکانی ناوخۆی ئەمریکا
ھەرچەندە کاردانەوەکان لە ھەردوو حزبی گەورەی ئەمریکای کۆماری و دیموکراتی یەوە دەرچوون واتە بە خودی حزبەکەی سەرۆک ترەمپیشەوە کە لە سەر زاری سیناتۆر جۆن مەکین کە یەکێک لە کەسایەتیە دیار و کاریگەرەکانە لە سەر ئاستی ئەمریکا وتی پرێس کۆنفرانسی ھەردوو سەرۆک یەکێک لە خراپترین چرکەساتەکانی مێژووی سەرۆکایەتی ئەمریکایە و بە ھەڵەیەکی کارەسەتبار ناوزەدی کرد .
ھەروەھا گەوەرە کۆنگریسمانی کۆمارییەکان لە کۆنگریس بۆل رایان  وتی  با سەرۆک ترەمپ بزانێت ڕووسیا ھاوپەیمانی ئێمە نیە  ھەروەھا ناکرێت ئێمە و ڕوسیا ھاوتا و ھاوسەنگ بەراورد بکرێین لە ڕووی ئاکار و ڕەوشتەوە کە ئەوان ھەمیشە دژ بە پرنسیب و بەھا ئاکاری و دیموکراسیەکانی ئێمەن .
ھەروەھا ڕایان دووپاتی کردەوە کە ڕوسیا دەستیوەرداوە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی ڕێچکەی دیموکراسی بگۆڕێت ە لاوازی بکات لە بەرئەوە پێویستە ئەمریکا ڕێ نەدات بەو دەستوەردان وبەربەستێک دابنێت یۆ ئەو کردەوە بێ بەھایانە .
ھەروەھا ھەر لە حزبی کۆمارییەکان  سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بۆب کروکر یش وتی پۆتین سەرکەوتوو بوو تا ئاستێکی باش لەم کۆبوونەوەی لووتکەدا ھەروەھا وتی لێدوانەکانی سەرۆک ترەمپ وای پیشانی داین کە پاروویەکی چەورو ئاسانین .
ھەروەھا دیموکراتەکانیش کاردانەوەی جیاوازتر و توندتریان ھەبوو بەرامبەر بە وتەکانی ترەمپ لە پرێس کۆنفرانسەکەداکە تا ئاستی خیانەت وسووکایەتی ناویان برد , نانسی بلۆسی سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران وتی پوتین سووکایەتی بە ترەمپ کرد ھەروەھا لە توێتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توێتەر وتی ھەموو ڕۆژێک لە خۆم دەپرسم ئایا ڕووسەکان چیان ھەیە لە سەر ترەمپ لە ڕووی سیاسی و کەسێتی و ماڵیشەوە ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە شیکاری ڕەفتاری ترەمپە کە ناتوانێت بەرەنگاری پوتین ببێتەوە .
لە ھەمووی توند تر لێدوانێکی سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران  تشاک شومر ە کە وتی مێژووی ئەمریکا سەرۆکێکی وای بە خۆیەوە نەدیووە کە سەرۆکەکەی پشتیوانی دوژمنێکی ئەمریکا بکات  وەکو ئەوەی ترەمپ بەرامبەر پوتین کردی .

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
22/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1