وتار
پەروەردەی هەرزەکار
هەڤاڵ غالیب

تەمەنی هەرزەکاری هەستیارترین ماوەی تەمەنی مرۆڤە و هەر لادانێکی مرۆڤ لەوتەمەنەدا کاریگەری لەسەر تەواوی ژیانی خۆی و چواردەوری دەبێت .
دەرونناسان هۆکاری خراپی هەڵسوکەوت و هەستیاری ئەو تەمەنە بۆ گەشەکردنی لەسەرخۆی مێشک و گەورەیی جەستەی کەسەکە دەگێڕنەوە ، لەوتەمەنەدا جەستەیەکی گەورەیی هەیە و عەقڵێکی بچوک کەناتوانێت بە باشی ئیدارەی ئەو جەستەیە بکات هەر بۆیە هەرزەکار قسانێک دەکات و هەڵسوکەوتێکی لێ دەوەشێتەوە بەراورد بە قەبارەی جەستەی نا هاوسەنگە .
کەم کەس هەیە بەم تەمەنەدا تێنەپەڕیبێت و هەڵەیەک یان قسەیەکی نەکردبێت کەئێستا بیری دەکەوێتەوە عارەقەی شەرمەزاری دەکات ، بەڵام لە هەڵەیەکەوە بۆ هەڵەیەکی تر جیاوازە و لەم قۆناغەی تەمەن دا دەبێت دایک و باوک چاودێری بەردەوامی هەڵسوکەوتی مناڵەکانیان بن و بزانن زیاتر بیرکردنەوەی بە چیەوە سەرقاڵە ، چونکە بەزووی پراکتیزەی فکرەکانی دەکات لەو تەمەنەدا .
لێرەدا دەمەوێت باسێک لەو گەنجانەی دوێنی بکەم کە هەڵیان کوتایە سەر بینای پارێزگای هەولێر ، هیچ مرۆڤێکی عاقڵ بە دەمانچەیەکی میکارۆفەوە ناچێتە سەر بینایەکی گەورە کە سەدان فەرمانبەر و پاسەوانی تێدابێت ، گریمان بە هەموویان پانزە کەسیان شەهید کرد دواتر چی ؟ من باسی ئەوە ناکەم کە زۆر کەس ئەم بابەتە بە سیناریۆ دەزانن ، بەڵام نەتیجە دوو هەرزەکار و گەنجێک کە مێشکیان شۆردراوە بە فکرەیەک و بیر لە دەرئەنجامی هەڵەکانیان ناکەنەوە و توشی وەها ڕووداوێک دەبن .
ئەگەر دایک و باوکی ئەو گەنجانە چاودێری هەڵسوکەوت و دەرچون و فکرەی مناڵەکانیان بکردایە دڵنیابن پێش ئەوەی بگەنە ئەوپەڕی پەڕگیری کۆنترۆڵ دەکران .
ئێستا ئەوان کوژران ، سێ خێزان شەرمەزاری لای میلەتێک بوون پیاوێکی داماوی چایچی گیانی لەدەست دا و بینای پارێزگا وەک خۆیەتی و پارێزگار و حکومەتیش بە سێ دەمانچەی میکارۆف ناڕوخێت ، ئەوەی هەڵەبوو پەروەردەیەکی خراپ و نەبوونی چاودێری هەرزەکاران بوو .


ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
25/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1